پارتی ئەو براوەیەش نییە!

08/01/2019

رێبین فه‌تاح

بەدەستهێنانی ٤٥ كورسی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتییەوە، سەركەوتنێكی ئەوەندەش گەورە نییە، لەكاتێكدا پارتی لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە پاشەكشەی كردووە لەلایەك و لەلایەكی دیكە واقیعی ناوخۆی هەرێم كە خۆی لە دوو نیمچە هەرێمی ژێردەستی پارتی و یەكێتی دەبینێتەوە، وا دەكات پارتی بەبێ هێزی دووەم كە یەكێتییە، نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بڕیار بدات و یارییەكانی بەڕێوە ببات.

لە دوو نیمچە هەرێمی كوردستان دا، ژمارەی كورسی و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناتوانێت بە ئاسانی گۆڕانكاری دروست بكەن، ئەوە هاوكێشەیەكی ماتماتیكی نییە، واقیعەكە شتێكی دیكە فەرز دەكات.

پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتیش بە پێچەوانەی هەموو ئەو بانگەشە و پێشبینییانەی دەگوترا، ئەوەندە ئاسان نەبوو، هۆكارەكە ڕوون و ئاشكرایە كە تا ئێستا پەیوەندی هەیە بە ملنەدان و ڕازی نەبوونی یەكێتی بە پێشمەرجەكانی پارتییەوە، بارودۆخی ئێستا، لەگەڵ ساڵانی پاش ٢٠٠٣ گۆڕانكاری تێكەوتووە، ئەو گۆڕانكارییانە بەشی زۆریان پەیوەندییان بە عێراق و ناوچەكەوە هەیە، كە راستەوخۆ كاریگەرن بەسەر هەرێمی كوردستانەوە. ئەو واقیعە جیاوازە، وا دەكات یەكێتی هەروەك جاران بە ئاسانی بە مەرج و پێشمەرجەكانی پارتی ڕازی نەبێت، لەكاتێكدا پارتی هێشتا ناتوانێت خۆی لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا بگونجێنێت.

راستییەكەی، پارتی ناتوانێت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆتاكان حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت، مەگەر پێشوەخت بڕیار لەسەر دووئیدارەییەكی تۆختر لەوەی ئێستا بدات، بڕیاری دووئیدارەییش لەو قۆناغەدا پێناچێت ئەوەندە ئاسان بێت، ئەوەش بە چەند هۆكارێكەوە كە یەكێك لە كاریگەرترینیان بەهۆی گۆڕانكاری لە جوگرفیای ئابووری هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراوی كێڵگە و لولەكانی نەوت و گازەوەیە.

شەڕی پارتی و یەكێتی، شەڕی خۆسەپاندنە، هیچ پەیوەندییەكی بە خەڵك و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانەوە نییە.

رێبن فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی