مەغزاكانی پشت هەڵكردنی ئاڵای كوردستان !

09/01/2019

بەهرۆز جەعفەر

ئێستا كڕێوەی زستانە، هەزاران كیلۆمەتر لە خاكی كوردستانەوە دوورم، لەو شەوانەیە كە بەراورد بە سەرماكە ناخ ئەكوڵێ، ئەوە ئێمە سێ ساڵ دەیان هەزار پێشمەرگەمان لە خێوەتێكدا، لەو سەرمایەیە جێگیر ئەكرد، لەبەردەم جەبەروتی دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتیدا دامان ئەنان، نزیك بە 4000 پێشمەرگە شەهید بو، هەزارانیش برینداربون، ئەنجامەكەشی 16ی ئۆكتۆبەر بو!!. شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ یەكێتی و پارتییەك بریتییە لە لەدەستدانی چەند چاڵە نەوتێك و، سەرهەڵدانەوەی ململانێ و دەستبادان و پاشقولگرتن لە نێوان دووبنەماڵەدا، بۆ ئێمە بریتی یە لە خیانەت و هەڵەیەكی ئەوەندە گەورە كە تا كاتی بەسەردا بڕوات ئەوسا ئەزانین چ تراژیدیایەكی گەورەمان خستۆتە ئەستێڵی مێژووەوە. 16 ی ئۆكتۆبەرێك ئێجگار ناخۆشتر لەو دەبابانەی بەعس لە 31ی ئابدا هاتنە هەولێر و دوای 48 كاتژمێر گەڕانەوە. 

گرفتی ئێمە ئاڵا نییه لە كەركوك، گرفتی ئێمە ئەو هاوارەیە كە دە ساڵە لە پێناویدا ئەجەنگین. بە كورتیەكەی:

ماوەیەكە توركیا مەبەستیەتی مەلەفی ئەمنی لە شەنگالەوە بۆ موسڵ بۆ كەركوك تا ئەگاتە دووز بگرێتە ئەستۆی خۆی. شەرت ئەوەیە ئەم ئاڵایەی لە كەركوك هەڵ ئەكرێت ئاڵای كوردستانیان بێت نەك ئێران و لایەنێكی دیكە. ئێمە دەیان نمونەی دیارمان لەبەردەستە لە سەت ساڵی ڕابردوو "ئاڵا" سەدان هەزار مرۆڤی كردۆتە قوربانی. "ئاڵا" كەسێك هەڵی ئەكا كە توانای پارێزگاری لێ كردنی هەبێت. كەسی نەك پلە یەك و دوو پلە دەو دوانزەش لە سێكتەری حیزبی و ئەمنی دا نەما بەناوی ئاڵاو كەركوكەوە نەبێتە ملیاردێر و ملیۆنێر بەناوی كەركوك و ئاڵاوە. ئاڵا چ دەكا ئاڵا!؟. 

كەسێك ئاڵا هەڵ ئەكاو، دروشم و لافی نەتەوەیی بەرزئەكاتەوە، كە: ئەرتەشێكی یەكگرتوی نیزامی هەبێت، لۆبیەكی باشی لەناوەندە جیهانیەكاندا دروست كردبێت، دەیان سەنتەری بەهێزی توێژینەوەی لە پایتەختە دیارەكانی دونیا سەرپێ خستبێت، پاڵپشتی ناوخۆیی و مرۆیی سەرپێ خستبێت. كورد هێشتا خەریكی دیل بەدیلن لەناوخۆداو، یەكێكیان پێش ئەكەون دوانیان لەدواوە پەلاماری ئەدەن، سەت ڕۆژە هەڵبژاردنێكی پڕ عەیب و عاریان كردووە لەو دوو گەڕەكەی "ناوی هەرێمی كوردستانە" ناتوانن حكومەتێك پێك بهێنن. هەموو ڕۆژێك ناوچەكە بە پێش چاویانەوە ئەكوڵێت و، دەیەها لوتكەو هاوپەیمانێتی تازە بەڕێوەیە، ناوەندی كوردی وتەیەكی بۆی نییە. بەم دۆخەوە ئاڵا چی بۆ كورد مەیسەر ئەكا؟!.

ئێستا حەل چیە؟
حەل ئەوەیە ئەگەر ڕاست ئەكەن، ئەنجومەنێكی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بۆ كوردستان دروست بكەن، ئەم باهۆزەی لەدونیاو لە كەنداو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سپی هەڵیكردووە، مەترسیەكانی لە كوردستان دووربخەنەوەو، دەرفەتیشی بۆ دروست بكەن. بەمەرجێ یەكێكتان كارێ نەكەن و، ئەوەكەی ترتان خەریكی موزایەدەی سەر تەلەفزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بێت...."پەرلەمان بۆ ئێستای كورد بەڵایە...بەڵا". بەس لە بنەمادا ئێوە هەریەكی لەشكرێ لە مرۆڤی دژە كوردو مشەخۆرتان لەخۆ- ئاڵاندووە، مەغزاكانی پشت هەڵكردنی ئاڵاكەی بیر بردونەتەوە.

بەهرۆز جەعفەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی