خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ بوونی ئاڵا لە ناوچە جێناکۆکەکان

09/01/2019

ڕێبین عەبدولرەحمان


ڕەمزی نەتەوەیبوون و هەبوونی ڕووحی نەتەوە پەیوەستە بە چەند ڕەگەزێکی دیاریکراوەوە، لەوانە زمان و مێژوو و کلتوور و ..هتد کە ئەمانە نەتەوەی بوون دەسەلمێنن. بۆیە ئەمەش شتێکی گرنگ و پڕ بەیاخە ئەگەر لەڕووی نەتەوەیی بوونەوە تەماشا بکرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت. 

لە وڵاتە فرە ڕەنگ و فرە دەنگەکاندا نەتەوەیی بوون و ناتواندنرێت بە شێوەیەکی هەمووەکی وەلا بنرێت  بەلاوە بخرێت، چونکە نەتەوەکان ئەمە بەڕەمزی بوونی خۆیان دەزانن. 

لە عێراقدا وەکو چۆن لە ماددەی سێیەمی دەستووردا هاتووە کە " عێراق وڵاتێکە لە نەتەوەو و ئاین و ئاینزای جیاواز پێک هاتووە...هتد  "، ئەمە دەقە لە ڕووی یاساییەوە داپێدانانی جیاوازی نێوان نەتەوە جیاوازەکانی عێراقە بە پێی دەق و ماددەی یاسایی، بەڵام لەواقعی کرداریدا شتێکی تر دەبیندرێت.

هەروەها لە ماددەی نۆیەم بڕگەی دووەمی لەدەستووری عێراقی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "  خزمەتی ئاڵا بە یاسا ڕێک دەخرێت "، و هەروەها لەماددەی دوانزە بەهەمان شێوە باسی خزمەتی ئاڵا دەکات لەگەڵ سرودە نیشتمانیەکاندا بە یاسا ڕێک دەخرێت.

کەرکوک شارێکی فرە ڕەنگ و فرە پێکهاتەیە و بۆ خۆشی عێراقێکی بچووکە، چونکە بە جیاوازی پێکهاتەکانی عێراق لەو شارەدا بوونی هەیە، نەتەوەیی بوونیش لە ژیان کردن لەو شارەدا دەردەکەوێت نەک لە دووری ئەو شارە.

چوونکە تەواوی پێکهاتەکانی ئەو شارە، ئەم شارە بە بەشێک لە مێژووی نەتەوەیی بوونی خۆی دەزانێت،  بۆ کوردێک کەرکوک شارێکی کوردی و قودسە بۆ کورد و هەر ئەمە بۆ عەرەبێک و تورکمانێکش هەر وایە بە شارێکی خۆیانی دەزانن، ئەمەش ململانێی نەتەوەیی بوونە لەسەر ئەم شارە. 

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراقدا لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە گرنگە بۆ کورد، چونکە کورد و دانیشتوانی کوردی ئەم شارە مەینەتی  زۆریان چەشتووە لەساییەی نەبوونی واقعی هێزی کوردیدا، هێز بەمانا سەربازییەکەی نا بەڵکو بەمانا مەعنەوەییەکەی که کورد وا هەستی دەکرد کە لەماڵی خۆی دەرکراوە.

کەرکوک وەکو شار بۆ کورد گرنگە و کوردیش لەو پێناوەدا خەباتی زۆری کردووە و خوێنی زۆریشی داوە بۆ ئەو شارە ، بۆیە بەئاسانی و سادەیی دەستبەرداری نابێت، چونکە ئەمە پەیوەستە بە ڕووحی نەتەوەیی بوونەوە لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا. 

لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بوارە یاساییەکەی  چونیەتی چارەسەر کردنی کێشەی کەرکوکە بۆ کورد، کە ئەویش خۆی لەماددەیەکی یاساییدا دەبینێتەوە. بوونی چارەسەری یاسایی بۆ ئەک شارە گرنگترە لە ململانێی حیزبی و بەرژەوەندنی. لەوەش گرنگتر ئەوەیە ، ڕاستە ئاڵا گرنگە، بەڵام ئەمە لە پێناوی ئەوە نەبێت کە پارتە کوردییەکان ململانێی ناوخۆیی کوردی پێ بکەن لەسەر حسابی کورد خۆی، چونکە گرنگە توانا و هێزەکان لە پێناوی کوردا خەرج بکرێت نەک لە پێناوی دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی حیزبی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی