کتێبی پرسی کورد و ئەزموونی کورستانی عێراق
٢٧ ساڵ هێڵی چەوت و غەدر

09/01/2019

بەهادین نوری


سەرانى پارتى ویەکێتی ١٢ ساڵ (١٩٩١ - ٢٠٠٣) وەکو حکومەتێکی تەواو سەربەخۆ ئەم هەرێمە یان بردووە بەرێوە، ئەوە(١٥)ساڵیشە هەر خۆیان لەچوارچێوەى عێراقدا بەرێوەیان بردووە، ئێمە دەپرسین: 

لەم ٢٧ ساڵەدا چیتان بەدەستهێناوە بۆ ئەم میللەتە؟ بۆچی لە ٢٧ساڵدا نەتانتوانى کارەبا بۆ ئەم خەڵکە دابین بکەن؟ لە ٢٧ ساڵدا چیتان لە پیشەسازى هەرێم پیشخست؟ چیتان لە پرۆژەى دیموکراسی پێشخست؟ فایلی نەوتى هەرێم و داهاتى هەرێمتان گرتە دەستى خۆتان لە ٢٠١٤ ەوە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانتان بڕی.. چیتان لەپارەى ئەم میللەتە کرد؟

ئەگەر سەرانى پارتى و یەکێتى، لەپاش راپەرینی ١٩٩١ ەوە، بناغەى حوکمڕانیەکی دیموکراتی شارستانیان دا رشتایە ئەوە شکۆیەکى مەزنیان بۆ خۆیان تۆماردەکرد لە مێژووی میللەتەکەیاندا. بەلام سەد مەخابن ئەوى کردیان شتێکیتربوو، مێژوویەکى ناشیرینی بۆتۆمار کردن، لەخوارەوە باس لە چەند خاڵێ دەکەم، کە کردیان بە رێرەوى سیاسی – حزبی خۆیان لەم ٢٧ساڵەدا، ئەوەش بەروبوومەکەیەتى کە میللەتەکەمان خواردی، خۆیشیان تا ئێستا باجەکەیان نەداوە بەڵام هەر دەبێ بیدەن، زوو بێ یان درەنگ:

بنەماڵەچێتى

" بنەماڵە : یان " خانەدان " زاراوەیەکى کۆمەڵگەى خێڵەکى ( یان دەرەبەگایەتى )یە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە خێزانى ناوبراو تایبەتمەندی خۆى هەیە لە کۆمەڵگەدا، واتە لەئاغاکان یان بنەماڵەیەکى ئایینی ناسراو یان لە شێخانى تەریقەت یان بازرگان... هتد. بنەماڵە لەدنیای حیزب وسیاسەتدا بەو مانایە دێت، کە جۆرێ لەمەرجیعیەت دروستبکرێ بۆ حیزب وەک مەرجیعیەتى ئایینی شیعەکان یان وەک سەرۆکی خێڵ کە قسەى لەسەرووى هەمووشتەوەدەبێت.

سەبارەت بە برایانى پارتى مەلا مستەفا هەر لە سەرتاوە، بەرلەوەی بێتە ناو پارتى، سەرۆکی عەشرەت بووە، ئەگەر چی شێخ ئەحمەدى کاکی شێخی تەریقەت و سەرۆکی باڵاى عەشرەتەکە بوو. شتێکی سروشتى بوو، کە مەلا مستەفا لەناو پارتیشدا هەر بەعەقڵیەت و شێوازى عەشایەرى بجوڵێ. بەڵام سروشتى نیە، کە لەمرۆدا کاک مسعود بە عەقلیەت وشێوازى باوکی کۆچکردووى بجوڵێ و هەموو پۆستە سەرەکییەکانى دەسەڵات دابەشکات بەسەر بنەماڵەکەى خۆیدا.

باڵی مەکتەبى سیاسی پارتى بەسەرۆکایەتى حمزە عبدالله و دواتر سەرۆکایەتى ئیبراهیم ئەحمەد بەشێوەیەکى شارستانى، دوور لە عەقلیەتى عەشایەرى دامەزرێنراو.هەروەهاش مایەوە، کە جلال تالەبانی ئەم باڵەى بەناوى(ی.ن.ک) وەنوژەنکردەوە لەپاش ئاشبتەتاڵی ١٩٧٥ هەردوور بوولە شێوازى عەشرەتگەریەوە، بەڵام جلالیش لەکاروبارى سیاسی خۆیدا پێوەندی عەشایەرى لەبیرنەکردبوو، بەپێچەوانە، ئەوەى ناوى لێنابوو(هێلی پان) لە ینک دا لەپلەى یەکەمدا پێوەندیە عەشایەریەکانى بوو، بەکاریگەرى ئەم پێوەندیانە بێ یان هەر هۆیەکیتر جلال تاڵەبانی هەنگاوى نا لەسەر رێگەى بنەماڵەچیتی بەناردنی قوبادى کوڕی وەک نوێنەرى یەکێتی بۆ واشنتون، ئەمە لەکاتێکدا کە لەناو ینک دا کەسانى بەتوانا تر و شایستە تر هەبوون، قوباد گەنجێکی کەم تەمەن و کەم ئەزموون بوو.

بنەماڵەچێتى لە حیزبێکی وەکو پارتى یان یەکێتى لەدۆخی ئەم ولاتەى ئێمە ماناى چیە؟ ماناى وایە کە مرۆڤێ یان خێزانێ هەیە کەڵکی شەخسی لەو حیزبە وەرگرتووەو بەرژەوەندی خۆى لەوەدا دەبینێ کە ئەو حیزبە وەک مڵکێکی تاپۆدار بەکار بێنى بە بەرەوەژندی شەخسی و خێزانى خۆى، لەبەر ئەوە لەناو خەڵکی ئەم هەرێمەدا هەستیاری دروستبووە بەرانبەر هەردوو بنەماڵەى بارزانى وتاڵەبانی.
حیزبابەتى تەسک

حیزب ئامێریکە بۆ رێخستن و ئاراستەکردنی بزوتنەوەى سیاسی – کۆمەڵایەتى لەوڵاتدا بەشێوەیەکی گونجاوتر لەگەڵ بەرژەوەندی گشتى گەل و نیشتمانەکەیان. ئەو کەسانەى حیزبی راستەقینە دروستدەکەن و بەرنامەیەکى بۆدادەرێژن بەمە بەستى خزمەتى گەل ئامادە دەبن هەمو جۆرە قوربانیەکیش بدەن لەپێناوى گەلەکەیاندا. بەڵام لەوڵاتە دواکەوتووەکاندا جۆرێکی دیکەش لە حیزب پەیدا بووە کە دروستکراوە بۆ ئامانجێکی دژ بە گەل، کە خەبات و قوربانی ئەم جەماوەرەى کردووە بەپەیژە بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات و سامانى میللەت، حیزبابەتى تەسک رێرەوەى ئەم جۆرە کەسانەیە کە هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە نموونەى زیندوویان لەم دووحیزبە دەبینێ کە ٢٧ ساڵە جلەوى دەسەڵاتیان لەدەستدایەو وڵاتیان گەیاندووتە ئەم حالەى هەموومان دەیبینین. حیزبی نیشتمانى شارستانی کە بۆخزمەتى گەل و نیشتمان دروستکرابێ هەمو جموجوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ پاراستنى بەرژەوەندی گشتى کۆمەڵگە، بەپێچەوانەوە ئەم حوکمڕانانەى ئێمە کەلەم ساڵانەى حوکمرانیاندا بوون بەکۆمەڵى لە ملیاردێری گەورەو فەرمانبەرانى هەرێمیش مووچەى مانگانەیان نیەو مناڵەکانیان بەبرسێتى سەردەنێنەوە !!

حیزبایەتى تەسک بەزەقی ئەوەیە کە پاش ٢٧ ساڵ لە حوکمرانی و هەتا ئێستەش دەسەڵات لەدەستى سەرۆکی حیزبدا بووە، رێگە لەدەستا و دەستى دەڵاسەت گیراوە، ئەوەیە کە حیزب لە سەرووى دەوڵەت و یاساوە بووە ولەباتی سوپای دەوڵەت هەر میلیشیای حیزبی ماوەتەوە، ئەوەیە کە پەرلەمان دەزگایەک بووە بەدەستى سەرۆکی حیزبەوە، کە فایلی نەوت و هەر پرسێکی گرنگی ئابوورى تەنها لەژێر سەرپەرشتى سەرۆکدابوو، کە ملیارەها دۆلار دزراوە و نەلێپرسینەوە لەگەڵ کەس کراوەو نەیەک دزیش لە گەورەکانیان خراوەتە بەندیخانە، ئەوەیە کە وەرگرتن لە زانکۆ و لە خوێندنى باڵا و لەپۆستى بەرپرسیارێتی هەردایرەیەک یان قوتابخانەیەک، بەڵکو لە تەعین کردنى فراشێ یان پاسەوانێکیش، لەسەر هەویەى حیزبی ( زەرد یان سەوز) بووە، کەس لە توانا و دەسپاکی و دڵسۆزى نەپرسیوە. دەزگاى دەولەت بە گشتى کراوە بە دەزگایەکى حیزبی، بەرپرسانی کۆمیتە حیزبیەکانیش کە هیچ پۆستێکی حکومیان نەبووە بەئارەزووی خۆیان ئازادبوون لەدەستێوەردان لەکاروبارى دەوڵەت. بەم شێوە حیزب و دەوڵەتیان تێکەڵ بەیەکترکرد. ئەمەش خواستى سەرۆکی باڵابوو بەو مەبەستە کە خوی بە تەنیا بەرپرسی هەرەباڵاى حیزبیش و حکومەتیش بێ. واتە تاکەکەسی سەرکردەى باڵاى حیزب و دەوڵەت بێ و سەرکردایەتى بەکۆمەڵ لەبەرنامەى حیزبدا بۆ جێبەجێکردن نەنووسرا بێ.
قۆرخکردنى دەسەڵات.

قۆرخکردنى دەسەڵات دژایەتى ژیانى دیموکراسیانەیە لە کۆمەڵگەدا. بەوشەیەکیتر دیمورکاسی ئەوەیە کە ژیانى فرەحیزبی و ئازادی هەبێ، لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانى ئازادو شەفاف. لەئەنجامیشدا ئەو حیزبە ( یان ئەو حیزبانە) کە زۆرینەى کورسیەکانى پەرلەمان دێنى حکومەت دروسدەکات. رێگەش بۆ دەستاودەستى دەسەڵات بەکراوەیی دەمێنى. ئەگەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا حیزبێکی دیکە سەرکەوت ئەوەئەو حکومەتى نوێ دروستدەکات. ئەگەر حیزبی حوکرانیش بۆجاری دووەمیش زۆرینەى کورسیەکان بەدەسبێنێ ئەوە دەسەڵات هەرلە دەستى خۆیدا دەمێنى، وەکو لەهەموو وڵاتێکی دیموکراتی راستەقینەدا دەبینرێ. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە نەبووە، لێرە ئەوە ٢٧ ساڵە سەرانى پارتى و یەکێتی دیموکراسیان پێشێلکردووە، هەموو جۆرێ لە دەستاودەستى دەسەڵاتیان رەتکردۆتەوە، بەناهەق دەستیان گرتووە بەسەر دەسەڵاتدا، دەسەڵاتیان بەو ئاراستەیە بردووەکە بەرژەوەندی تایبەتى خۆیانى بۆ دابینکردوون و قیریسیا لەم گەلە ! کارەبا بۆ میللەت نیە چش، بۆخۆیان هەیە، فەرمانبەرە و مووچەکەى بڕاوە چش ! خۆیان کەمدەرامەتیان نەدیوە !

سەرانى پارتى و یەکێتی لە ئەسڵدا سەرانى یەک حیزب بوون و پێکەوە ئیدارەیان نەکرد، کەرتبوون. شەڕى براکوژى لە ١٩٦٤ وە بۆ ١٩٩٧ بۆئەوە بووە کە یەکێکیان ئەویتر لەناو ببات و خۆى بەتەنیا شۆڕەسواری گۆرەپان بێ، بەتەنیا هەموو هەرێم قورخکات، بەڵام ئەمە سەرینەگرت و ناچاربوون بەدووقۆڵی گۆرەپانى هەرێم قۆرخکەن و بەرگرى لەبەرژەوەندی هاوبەشیان بکەن.

شەڕى براکوژى و گەندەڵکاری دارایی و ئیداری دەیەها ساڵ و زنجیرەیەکى درێژ لە هەڵەى جۆراوجۆر پارتى و یەکێتی گەیاندووتە قەیرانێکی ترسناک و ئایندەیەکى نادیار. ینک ئەمرۆ بریتیە لە چەند باڵیکی پەرتەوازە و لەم دواییەدا جیابوونەوەى د. بەرهەم ێاڵح گورزێکی کاریگەر بوو ئاراستەیانکرا، پیناچی کێشەکانى ناوخۆیان بۆچارەسەر بکرێ، لەپارتیشدا ناکۆکی وکێشە کەوتۆتە ناوخێزانى بنەماڵەو ئەگەر مسعودبارزانى نەبوایە ئیستە حاڵیان زۆر خراپتر دەبوو.

لە جیهانی ئەمڕۆدا کەبە چەرخی گڵۆباڵ ( عەولەمە ) ناودەبرێ ئەو پێوەرەى کەپلەى پێشکەوتنى کۆمەڵگەى پێ دیاری دەکرێ، بەر لە هەمووشت، پرسی دیموکراسیە. لە کوێ دیموکراسی گەشەى کردووە و ڕیشەى داکوتاوە لە ژیانی کۆمەڵگەدا لەوێ کەشتی گەیشتۆتە کەناری ئاشتی و ئارامى. لە کوێش لە باتی دیموکراسی بە شێوەیەکى تیرۆرو دکتاتۆریەت وڵات بە ڕێوە دبرێ لەوێ کارەسات و وێرانکاری و خوێنڕشتنە. هەمووان دەزانن دکتاتۆریەتی فاشی هیتلەر و موسولین ئەو دو وڵاتەو هەموو جیهانى بە کوێ گەیاند، دکتاتۆریەتى بەعسی عێراقى چى بەسەر کورد و هەموو عێراق و ئێران و کوێتدا هێنا، دکتاتۆریەتی بەعس و ئەسەدی باوک و ئەسەدى کوڕ چیان لە سوریا نەکرد، دەزانن سەرانی پارتی و یەکێتى لە ٢٧ ساڵى حوکومڕانی خۆیاندا ئەم هەرێمەیان بە چ دەردێ بردووە، بە ڕیفراندۆمە کارەساتە کەیان چ زیانێکیان لەم میللەتەدا.

با تەماشایەکى نەخشەى سیاسی – جوگرافی ئەوروپا بکەین تابزانین کام لەو وڵاتانە لە حاڵێکى باشتردان لە هەموو ڕوویەکەوە؟ هەر ئەو وڵاتانە نین کە دیموکراسیان تێدا گەشترو پێشکەوتووترە؟ ئەگەر ئەو دیموکراسیەى لە سویدا هەیە لە عێراقیشدا هبوایە، لەباتی جەنگ و کاولکارى و خوێن ڕشتنی ٣٥ ساڵی حکومڕانی سەدام ئێستا عێراقیەکان، بە کوردو عەرەب و هەموو پێکهاتە کانیەوە، چۆن دەژیان؟ ئێستە ئەم وڵاتە چەند گەشەى کردبوو لە هەموو ڕوویەکەوە؟

سەرانی پارتی و یەکێتی لەوە تێگەشتوون کە ئەگەر ڕژێمێکى دیموکراسی لەم وڵاتەدا هەبوایە مەحاڵبوو ئەم ٢٧ ساڵە لەسەر کورسیەکانیان بمێنن، مەحاڵبوو پاش چوار ساڵ لە شەڕی برا کوژی نەوەدەکان هەرخۆیان دەسەڵاتداربن، مەحاڵبوو پاش ئەو هەموو گەندەڵکاریە هەرلە جێگەى خۆیان بن، مەحاڵبوو پاش نەدانى مووچەى فەرمانبەران بە درێژەى چوارساڵ هەر خۆیان بن، مەحاڵبوو پاش کارەساتى ئەو ڕفراندۆمە ناوەختەى ئەیلولى ٢٠١٧ بتوانن دانیشن بێ لێکۆڵینەوە....هتد.

سەرانى پارتی و یەکێتی مافی کوردیان دەوێ بەومەرجە هەرخۆیان حوکمڕان بن. فەرمانبەرانی هەرێمیش دەڵێن : ئەگەر حوکمڕانی کورد ئەوە بێ کە مووچەیان نەدرێتێ و مناڵەکانیان بەبرسیەتى سەربنێنەوە با یەکێکى وەکو عبادی حوکمڕان بێ ! ئێمە چی لەو حوکمڕانە کوردە بکەین کەمووچەکانمان نەداتێ، خۆشگوزەرانیمان بۆ دابیننەکات، ئازادی و دیموکراسیمان پێڕەوا نەبینێ.

بەهادین نورى

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە