دیوە سەربازگەییەكەی هەولێر

10/01/2019

رێبین فه‌تاح

هەولێر پایتەختی سیاسییە، دامەزراوەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و ئەنجوومەنی دادەوەری و چەندین دامەزراوە باڵاكانی دیكەی وەك ئەنجوومەنی ئاسایش و ... هتد لەخۆدەگرێت.

هەبوونی دامەزراوە باڵاكان لە پایتەختدا، خۆبەخۆ زەمینەی ئەوە دەڕەخسێنێت كە شار بەهۆ یان پاساوی پاراستنی دامەزراوە باڵاكان و كارەكتەرە سیاسییەكان و میوانە تایبەتەكان، پڕ بكرێت لە هێزی چەكدار و ئەمنی. هەروەك بەهۆی سروشتی پایتەختەوە، چالاكییە جەماوەریی و ناڕەزایەتییەكان هەستیارتر و كاریگەرتر دەبن، كاردانەوەكانیش لەلایەنی دەسەڵاتی سیاسییەوە بەهەمان شێوه توندتر و ڕێكخراوتر دەبن.

ئەو هۆكارانە، لەپاڵ مەترسییەكانی تیرۆر و زیاتر بە ئامانج گرتنی پایتەخت و دامەزراوەكانی، هێندەی تر لایەنە ئەمنییەكەی هەولێر تۆختر دەكەنەوە.

ئەو تایبەتمەندییانە وادەكەن دەسەڵاتی سیاسی لەهەر بارودۆخێكدا ئاسانتر بتوانێت ڕێگری لە چالاكییە ناڕەزایەتییەكان لە پایتەختدا بكات. هەم بەهۆی ئامادەیی هێزە چەكدار و پۆلیس و ئەمنییەكان لەهەر سووچێكدا، هەم بەپاساوی پارێزگاریی لە دامەزراوەكان و ..ئیتر.

هەولێر ئەگەر وەك پایتەختی سیاسی لەسەرێكەوە سوودمەند دەبێت لە هەندێك چالاكی ئابووری و بازرگانی و هەروەك دەستڕاگەیشتنی ئاسانتری خەڵكەكەی بە ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار، بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دوور لە پایتەخت، بەڵام ئەودیوە ئەمنییەی شار، لێكەوتێكی نەرێنییە لەخودی پایتەختبوونەكەیدا.

رێبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە