یەكیێتی خەریکی چییە؟

10/01/2019

جەبار عەزیز

لە ڕووی ئەخلاقی و نیشتیمانییەوە ھاوكاری یەكیێتی بۆ پەكەكە و ڕۆژئاڤا جێگای ستایش و دەستخۆشی بوو، بەڵام لە ڕوانگەی لۆژیكی سیاسییەوە ھەڵەبوو. بەوپێیەی یەكیێتی ھێزێكی حوكمڕانە و ناتوانێ بەروەستی ئەو ململانێ ئەقلیمییە بێت كەلە ناوچەكەدا ھەیە، بە تایبەت کە کورد کارەکتەرێکی لاوازی ناو ئەو فەزا ئاڵۆز و پڕ دابەشبوونەیە. لەگەڵ ئەوەی یەكیێتی تەنێ عیبارەت نییە لەحیزبێك، بەڵكو ژیان و ئاوەدانی و قوتی خەڵك بەسەرشانیەوەیە، ھەركاردانەوەیەكی سیاسی و ئابووری لە زۆنی حوكمڕانی یەكیێتییدا ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك دروست دەكات. بۆیە دەبێ لە ئاستی ململانێ ھەرێمییەكان ورد ھەنگاو بنێت ونابێت پشتیوانی و ھاوكارییەكان بكرێنە مانۆڕی سیاسی، بەھانە بدەیە دەست بەرامبەرەكانت.
بەتایبەت تورکیا و ئێران کە لە جوگرافیایەکی فراواندا هاوسنووری هەرێمی کوردستانن و کاریگەری قوڵ و گەورەیان بەسەر نەخشەی سیاسی عێراقە و هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە.
لە ڕووی هاوسۆزییەوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و جەماوەی جێنفوزی یەکێیتی بەتایبەت بەرامبەر بە پەکەکە سۆزێکی گەورەیان هەیە، هەم وەک هێزێکی شۆرشگێر و هەمیش وەک هاوبەشێکی سیاسی لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێمدا دەرکەوتوون. ئەوە جگە لەوەی میدیای یەکێیتی خۆشی بەشێوەیەکی فراوان کاری لەسەر ئەم پێکەوەبوون و تەباییە کردووە، ھەربۆیەشە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە زۆنی سەوز بەر لە ھەمووكەس بۆ یەكیێتییەكان جێگای شۆكە!
ئەو دۆخەی دروستكراوە، یەكیێیتی باشتر دەیتوانی ئیدارەی بدات ئەگەر بەگفتوگۆ لەگەڵ ھەڤاڵی پەكەكە ڕێگای بۆ بدۆزرایەتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەكە بۆتە دۆخێكی میدیای و تەنانەت دەزگاكانی وەك كوردستان ٢٤ و ڕوداو باسنیوزی سەربە پاراستن "میت" وەك بانگەشەیەك دژی یەكیێتی بەكاری دەھێنن.
نەخشەی سیاسی ناوچەکە دوای شەڕی داعش جارێکی تر لەبەردەم داڕشتنەوەیەکی نوێدایە، هەم لەنێوانی ئەمریکا و روسیا هەمیش رۆڵی تورکیا و وڵاتانی عرەبی و ئێرانیش وەک جەمسەرێکی گرنگی هاوکێشە سیاسییەکان. کورد لە پەراوێزی هەموو جەمسەرەکانە، بەڵام لەناو ئەو نەخشە نوێیەدا بێرۆڵ و پاسیڤ نییە، بەڵکو لەو پەراوێزەوە هەریەکە و لە سەری ململانێکان دەیانوێت وەک هاوبەش و مامەڵەکار سودی لێببینن.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئامادەی و سەنگی کورد خۆیەتی وە خۆمان دەمانەوێت چ ڕۆڵیک بگێرین و بەچی ڕازیدەبین؟ جارێکی تر تەنێ وەک کۆمبارسێک ڕۆڵدەگێرین و چاوەڕێی ئەو رٶلە لاوەکیەین کە وڵاتان پێمان دەبەخشن؟ یان خۆمان رۆڵ دروست دەکەین و ئەوانی تر ناچار دەکەین بە پێگەمان ڕازیبن، وەک ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان ڕودەدات و دەیبینین، کە پەیەدە و هەدەسە چ رۆڵێکیان بۆخۆیان سازاندووە کە کەس ناتوانێ نادیدەی بگرێت و ناچارن حیسابیان لەسەر بکەن، وەک بینیمان لە دوای بانگەشەکانی ترەمپ بۆ کشانەوە چ کاردانەوەیەکی بەدواداهات. 
ئەو پەرتی و دابەشبوونەی لە باشوری کوردستان هەیە، تەواو لە تێنەگەیشتنی سیاسییەوەیە بۆ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە، بەڵام پارتی وەک هێزی یەکەم و کاریگەر لەسەر ئەم دابەشبوونانە خواستی نییە هاوبەشی و رێکخستن و پلانێکی ستراتیژی نیشتیمانی هەبێت، چونکە لە خەونی ئەواندا دابەشبوونی کوردستان بەو ئاڕاستەی ئێستا خزمەت بە بەهێزی ئەوان وەک پارت دەکات و لەئەگەری هەر گۆڕانکاریەکیش ئەوان تەنها هێزی ئامادەن تا کلیلی حوکمڕانی کوردستانیان تەسلیمبکرێت و بە حوکمی ئەو دابەشبوونە کە لەهەرێمدا هەیە، پێگەی پارتی ستراتیژی تر و کاریگەرترە هەم لەڕووی ئابووری هەمیش لەڕووی جوگرافییەوە. 
لەم نێوەدا هەرچەندە گوشارە ئابوورییەکان لەسەر یەکێیتی کاریگەربن، دەبێ وردبێ لە بژاردەکەردنی سیاسەتی نوێی نێوچیدا، بەتایبەت هەڵبژاردنی تورکیا کە هاوبەشێکی ستراتیژی پارتییە و پارتیش نەیارێکی ئەزەلی یەکێیتییە. پارتی دەتوانێ لەگەڵ هەموو داگیرکەرانی کوردستان کۆکبێت، بەڵام هەرگیز لەگەڵ یەکێیتی ناتوانێت کۆک و تەبا بێت، تەنانەت نزیکیشی بۆئەوەیە یەکێیتی کوت کوت و پارچە پارچە بکات و بیخاتە ژێرکاریگەری و خزمەتکردن بە سیاسەت و ئامانجەکانی خۆی وەک ئەوەی لە ڕیفراندۆدا کردی. 
یەکێیتی مافی خۆیەتی مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی نێوچەی بکات، بەڵام نابێت لەسەر حیسابی کوردبێت لەو بەشانەی کوردستان بێت، هەر وەک چۆن کاتی خۆی جەنابی (مام جەلال) دەیکرد و باشیش توانیبووی بڵانس ڕابگرێت. 
ئەم قۆناغە بۆ ناوچەکە گرنگە و پێویستی بە ستراتیژ و هاوبەشیکردنێکی نوێ هەیە، یەکێیتی نابێت لەگەڵ پەکەکە نێوانی بە ئاڕاستەی لێکتێنەگەیشتندا بڕوا، بەڵکو یەکێیتی و گۆڕان و پەکەکە لە ئێستادا لەهەمووکات زیاتر پێویستیان بە نزیکایەتی و داڕشتنی ستراتیژ و پلانێکی هاوبەش هەیە، ئەگەر خواستی ئەوەیان هەبێت رۆڵێکی نیشتیمانیانە بگێرن، جیاواز لەو رۆڵەی کەپارتی پێیان دەسپێرێ.  

جەبار عەزیز

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی