پێویستی رێكەوتنێكی نوێ

10/01/2019

هونەر رەسول

پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پاراستنی دەسكەوتەكانی و هەوڵدان بۆ لانیكەمی بەردەوامی دان بەم قۆناغە (كە بە بەراورد بە رابردوو، هەرێمی كوردستان سەقامگیر و ئارامتر دەبینرێت) پێویستی بە هەنگاوی جدی و بەرپرسیارانەی ئەوتۆ هەیە، تاوەكو مێژوویەك دووبارە نەكەینەوە كە دواجار هەرخۆشمان بە نیگەرانی و پەشیمانیەوە بۆ داهاتوو یاداشتی بكەین.
هیچ شتێك ئەوەندەی ئارامی و لێك تێگەیشتن خزمەت بە ئەزمونی باشووری كوردستان ناكات، چونكە سەرباری هەموو تێبینیەك لەسەر چۆنیەتی ئەزمونی حوكمرانی، بەڵام هێشتا ئەوەی بە دەست هاتووە گرنكە و پێویستە بپارێزرێت، بێگومانیش جوگرافیا و هێز وسنوری دیاریكراو و زۆر هۆكاری تریش، ئەگەرچی لەچەند ساڵی رابردوو زۆر هەوڵی كاڵكردنەوەیان دراوە، بەڵام هێشتا بونیان هەیە ئەمە راستیەكە كە دەبێت بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتێك رەچاوی بكەین و بەر لە هەر هەنگاوێك ئەوە بیرخۆمان بێنینەوە كە هەرێمی كوردستان هێشتا لە قۆناغێكدایە دەبێت حیسابی وورد و جدی لەسەر كار و كاردانەوەكانی بكرێت، ئەگەرنا كۆی پرۆسە سیاسیەكەی كە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە لە زەمەنێكی كورتدا سەرەوژێر دەبێت و هەربەو ئاسانیەش بنیادنانرێتەوە.
هەمووان ئەو راستیە دەزانن، واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان بەچەشنێكە هیچ هەنگاوێكی بە كردەیی جێبەجێ نابێت بە بێ یەكێتی و پارتی، ئەمە حەقیقەتی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستانە لە كورترین ناساندنیدا، بێگومانیش تاوەكو زەمەنێكی تری نا دیار ئەم واقعە هەر بەم چەشنە درێژەی دەبێت، چونكە ئەزمونی رابردوو ئەو راستیەی سەلماندووە هەركاتێك یەكێتی و پارتی لە یەكترەوە نزیكبن بێگومان گرێ كوێرەكانیش ئاسانتر دەكرێنەوە، بە پێچەوانەشەوە لەهەردۆخێكدا ئەم دوولایەنە سیاسەی هەرێمی كوردستان بە هۆی ناكۆكی و بیرورای جیاوازەوە دووری نێوان زۆر بووبێت، ئەوەندەش ئاستی چارەسەر و پێویستی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو قورستر بووە.
ئێستا هەرێمی كوردستان لە بەردەم پێشهاتی گەورە و چارەنوسسازدایە و سەرجەمی ئەگەرەكانی بەردەمیشی پێویستی رێكەوتنێكی نوێ دێنێتە پێشەوە، كە بێگومان لەسەر ئاستی باڵای هەردوو حیزبیش(یەكێتی و پارتی)ئەم پرسە تاوتوێ كراوەو هەریەكێ لەم دوولایەنە سیاسەی هەرێم خۆشیان ئەم حەقیقەتە دەزانن كە پێویستە لە چوارچێوەیەكدا رێككەوتنێكی نوێ واژۆ بكەن،بەڵام رەنگە گرفتی سەرەكی ئەوە ێت كە یەكێتی ئامانجیەتی رێككەوتنەكە گشتگیر و هەمەلایەن بێت وكۆی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە باشووری كوردستانەوە رێككەوتنیان لەبارەوە ئەنجامبدرێت، پارتیش مەبەستیەتی تەنها رێككەوتنەكە بۆ هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بێت، كە بێگومان پێداگر یەكێتی بۆ ئەم جۆرە لە رێككەوتنی گشتگیر واقعی ترە، چونكە ناكرێت یەكێتی و پارتی لە لایەك لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی هەرێم رێكبكەون و بەڵام لە بەغدا ناكۆكبن و لەكەركوكیش بە جۆرێك دووری نێوانیان زۆربێت نەتوانرێت پارێزگارێك بۆ كەركوك دیاری بكرێت.
پێویستی رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان یەكێتی و پارتی بەشێكی گرنگی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە رێككەوتنەكە چەند بۆ ئەم قۆناغە گرنگە تاوەكو هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكات و متمانە زیاتر بكات كە كرۆكی هەموو هەنگاوێكی بە كۆمەڵ و ئامانج رۆشنە، ئەوەندەش رێككەوتنەكە بۆ چوار ساڵی داهاتوو گرنگە، چونكە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا دەكرێت زەمانەتی چوار ساڵی ئارام و خۆشگوزەران بە هاوڵاتیانی هەرێم بدرێت، كە بێگومان ئەزمونی سیاسی هەرێم ئەوەی سەلماندووە بە یەك گوتاری یەكێتی و پارتی حكومەتی داهاتووش دەتوانرێت لە ئاستێكدا بێت ئەگەر بە گشتیش خواستی هاوڵاتیان جێبەجێ نەكات، لانیكەم بتوانێت بەشێكی زۆری داواكاری هاوڵاتیانی تیادا جێبكرێتەوە.
چونكە شێوازی نوێ، بۆرێككەوتنێكی نوێ، بێگومان ئاماژەی قۆناغێكی جیاواز دەبێت، بە مەرجێك شەراكەتی راستەقینە و هاوبەشی لەبریارداندا رەنگبداتەوە و بەشێوازێك بێت كە هەرێم و بەرژەوەندیەكانی تیایدا ئەولەویت بێت و هاوسەنگی لەبریارو بەرێوەبردنی هەرێمیشدا بەشێكی گرنگی بێت، لە پاڵ ئەمەشدا دیاریكردنی چوار ساڵی داهاتووش وەك تەمەنی رێككەوتنەكە بەشێكی جیاوازی ئەم رێككەوتنە بێت بە بەراوورد بە رێككەوتنی ستراتیژی، واتا زەمەنێكی دیاركراو بۆرێكەوتنەكە هەبێت و دوای ئەم چوار ساڵەش بە پێی پێویستی واقیعی ئەو كاتە جارێكی تر رێككەوتنێكی تر بەشێوازێكی تر ئەنجامبدرێت.
رێككەوتنی نوێ چەند بۆ پێكهێنانی جكومەت و تێپەراندنی دۆخی وەستاو گرنگە و پێویستیە، لەوێنە گشتیەكەشیدا ئەوەندە بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری و پاراستنی دەسكەوتەكانیش گرنگە، چونكە تاوەكو ئەم دوو جەمسەرە گرنگەی هەرێم (یەكێتی و پارتی) كە دواجار یەك چارەنوسی هاوبەشیان هەیە، چوارچێوەیەك بۆ رێككەوتن و بەرێوەبردنی هەرێم دانەنێن ، هەرگیز سەقامگیری و ئارامی هەمیشەیی بەدی نایات و هەموو ساتێكی لەبەردەم ئەگەرێكدایە كە رەنگە زۆرینەی كاتەكانی نەخوازراو بێت، ئەمە واقعێكە بمانەوێت یان نا لە هەرێمدا بونی هەیە و بە تەنهاش رێككەوتنێكی نوێی سیاسی دەتوانێت رێگری بەردەم قۆناغێك بێت كە لە سەرەتاوە داهاتووەكەی دیارە كە هەمووان وەك یەك زیاند مەند دەبن تیایدا.

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی