دەربارەی مەسیحییەكان

12/01/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

1
بەر لە روخانی بەعس دەوروبەری ملیۆن و نیوێك مەسیحی لە عێراقدا هەبوو، ئەو ژمارەیە ئێستا دابەزیوە بۆ كەمتر لە نیو ملیۆن ، ئەوە لە كاتێكدا مەسیحیەكان خاوەن ژیارو شارستانیەتێكی گەورەی ئەم ناوچەیەن ، نوسەرو رۆژنامەنووس و شاعیرو هونەرمەندو سیاسی و شارەزای جۆراوجۆری بواری جیاجیایان هەبووە ، یەكێك لەو شاعیرە مەسیحیانەی كەمن زۆر بە شیعرەكانی سەر سامم جان دەمۆیە ، دەمۆ شاعیرێكی بەلەنگازو سەرگەردان بووە ،بەڵام شاعیر بە مانای شاعیر .
من لە شیعرێكا بۆ دەمۆ نووسیومە :
ئیدی شیعرەكانی جان دەمۆ 
دەستناخەنە نێو چیرۆكەكانی جەلیل قەیسی و 
هیچیشیان بە دیار تابلۆیەكی 
عەبدوڵا سەراجەوەدانامێنن 

ئەمڕۆ ئەو پێكهاتە گرنگ و ڕەسەنە وەك پێكهاتەكانی دیكە چارەنووسیان لە مەترسیدایە ، عێراق لە ناوەندی جیاوازیەكانەوە بووە بە دۆزەخی جیاوازیەكان ، بۆ بینینی ئەو راستیە گەڕانێكی دەشتی نەینەواو سەردانێكی كەڕادەی بەغدا بەسە .

2
داگیركردن و فرۆشتنی زەوی مەسیحیەكان بە هەر بیانوویەك هەوڵە بۆ دەستەمۆكردن ، یان راونانی ئەوان ، یانی لە نێوان دەستە مۆكردن و راوناندا رێگەیەكی تر نیە ، چەوساندنەوەی ئەوان رەنگ و روخساری هەمە چەشنی هەیە ، چەوساندنەوە هەر تەقاندنەوەی كەنیسەو كوشتنی ڕاهیب و قەشەو شاربە دەر كردنیان نیە ، چەوساندنەوە لێسەندنەوەی دیرۆك و خاكیشە ، ئەمە پەیوەندی بە ناسنامەو شوناسەوە هەیە ، لێسەندنەوەی خاك و دەستبەسەرداگرتنی ، كە زۆر جار لێرەو لەوێ‌ باس دەكرێت رێك پەیوەستە بە شێواندنی ناسنامەوە ، بەر لە روخانی بەعس مەسیحیەكان بەو جۆرەی ئێستا سڵیان لە هەموو شتێك نەدەكردەوە .

3
لە نێو مەسیحیە نوسەرو رۆژنامەوانەكاندا چەند هاوڕێیەكی دانسقەو تایبەتم هەن ، ئەوان راشكاوانە ئازارەكانی خۆیان بۆ ئێمەو مانان باس دەكەن ، لە گەڵ ئەوەشدا هەمیشە نزای ئارامی و ئاسودەیی بۆ كوردو ئەوانی تر دەكەن ، یەك دوو جار لە تەك لویس ساگۆدا دانیشتوم و لە بارەی بارو دۆخەوە قسەمان كردووە ، ئەو هەرچی گللەییەكی هەبووە لە كورد و ئەوانی تر نەیشاردوەتەوە و گوتویەتی ، لەوەش تێگەیشتوە كە چارەسەركردنی كێشەكان لە عیراقی ئێستادا زۆر ئەستەمە ، بەڵام بۆ یەك چركە دەستبەرداری شوناس و ناسنامەكەی نەبووە ، قسەكەلە سەر عیراقی بون ، كوردستانی بون ، كەركوكی بونە .

لە ئێستادا لە هەر كات زیاتر پێكهاتەهەڕەشە لێكراوەكان پێویستیان بە ئاوڕ لێدانەوەیە ، هەمیشە ئەوانەی بە ژمارە كەمترن زیاتر مەترسی توانەوەیان لە سەرە .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی