هەڕەشەكەی ترامپ لەتوركیا

14/01/2019

شێرکۆ کرمانج

لە تویتێكدا ترەمپ نیازی خۆی لە كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دووبارە دەكاتەوە بەڵام هاوكات هەڕەشە لە توركیا دەكات بەوەی ئەگەر هێرش بكاتە سەر كوردەكان ئەوە لە ڕووی ئابورییەوە توركیا دادەڕمێنن. لە تویتێكی دیكە دوای ئەم تویتە داوا لە كوردەكان دەكات كە توركیا نە وروژێنن.

چەند سەرنجێك لەسەر تویتی یەكەمی ترەمپ:
یەكەم، ترەمپ وەك كورد ناوی ئەو ئەو خەڵكانەی هێناوە كە لە ڕۆژاڤا نیشتەجێن. ئەمە لە ڕوویەكەوە باشەو لە ڕوویەكی دیكە خراپ. باشە چونكە نیشانی دەدات كە ئەمریكا دەیەوێت كورد وەك نەتەوەیەك لە سوریا لە هەڕەشەكانی توركیا بپارێزێت. خراپە چونكە لەوانەیە توركیا گەمەی وشە لەگەڵ ئەمریكا بكات بەوەی بڵێت ئێمە هێرش ناكەینە سەر كوردەكان بەڵكو ئامانجمان پەیەدەو یەپەگەیە. بۆیە چاكتر بوو كە ئەگەر ناوی پەیەدەو یەپەگەشی نەهێنابا ناوی ‌هسد (هێزەكانی سوریای دیموكرات) هێنابا.

دووەم، ترەمپ چۆن توركیای ئاگاداركردۆتەوە لە نیازە خراپەكانی ئاواش كوردی بەئاگاهێناوە لە سیاساتی خراپ. 

چەند سەرنجێك لەسەر تویتی دووەمی ترەمپ:
دوو ساڵە من چەند جارێك گوتومە كە ڕۆژاڤا، واتە پەیەدەو یەپەگەو هەسەدە، دەبێت خۆ وەدووربگرن لە وروژاندنی توركیا، بەكورتی واچاكە:

یەكەم، هەوڵبدەن كە خۆیان لە پەكەكە بەدووربگرن. بۆنمونە بەرزكردنەوەو دروستكردنی وێنەو پەیكەری ئۆجالان لە شارو شارۆچكەكانی ڕۆژاڤا هیچ مانایەكی نیە. 

دووەم، میدیای ڕۆژاڤا واچاكە خۆی لە ڕەخنەكردنی توركیاو ڕوماڵكردنی هەواڵەكانی باكور دوورخاتەوە مەگەر زەرور بێت. 

سێیەم، ڕۆژاڤا واچاكە بازاڕەكانی بەڕووی وەبەرهێنەرانی ڕۆژائاو و ئەمریكا بكاتەوە.

چوارەم، ڕۆژاڤا هەوڵی چاككردنی پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ باشور بدات.

شێركۆ كرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی