ترامپ عەرشی ئەردۆغان دەهەژێنێت

14/01/2019

ئارام رەفعەت

لە تویتێكی كەم وێنە و بێ پێشینەدا، ترەمپ رایگەیاند "ئەگەر توركەكان لە كورد بدەن، ئەوا لەرووی ئابوورییەوە توركیا تێك دەشكێنن و ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی ٢٠ میل (٣٢ كیلۆمەتر) دروست دەكات.

دەكرێت ئەم هەرەشەیەی ترامپ لە توركەكان بە یەكەمین هەڕەشەی جدی و روخێنەر لەلایەن زلهێزێكەوە بەرامبەر توركەكان هەژمار بكرێت. لە مێژووی مێژووی ٩٠ ساڵەی سەركێشی و سەرسەختییەكانی توركەكان تا ئێستا هیچ رژێمێكییان روبەڕووی هەرەشەیەكی لەم جۆرە نەهاتوون.

ترەمپ لە ناوەراستی مانگی ١٢ی رابردوودا بڕیاری كشانەوەی لە رۆژاڤا داوە. ئەم بڕیارەی ترەمپ بەرەورووی سێ بەرهەڵستی سەخت بووەوە. بەرهەڵستی یەكەم، دژایەتی خودی ئیدارەی ترەمپ و رای گشتی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمان بوو، لە دژی بریارەكەی ترەمپ. بەربەستی دووەم، گوتار و هەرەشە ئاگراوییە فاشیستییەكانی سەرانی تورك بوو دژی كوردانی رژاڤا و ئەزموونەكەی.

بەربەستی سێیەم بەڵام لەهەردووك بەربەستی یەكەم گرنگتر رۆح و ئیرادە و بڕیاری بەرخۆدان و بەرگری كوردانی رۆژاڤا بوو. دەكرێت راگەیاندنە كوتوپڕەكەی ترەمپ لە ١٩ی دیسەمبەر وەك تێستێك (تاقیكردنەوەیەك) بۆ كورد لێك بدرێتەوە. 

تێستەكە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو: ترەمپ دەیەویست و دەیەوێت لە زەلكاوی سوریا رزگاری بێت. باشترین رێگە بۆ رزگاربوونی لەو زەلكاوە دەسبەرداربوونی رۆژاڤا بوو، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە ئەزموونی رۆژاڤا هەرەس پێبێنێت و شەرڤانان ئاشبەتاڵی لێ بكەن و توركیا لەلایەك و سوریا بە پشتیوانی روسیا لەلایەكی تر ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكەن و بۆشایی ئیداری و ئەمنی پڕ بكەنەوە. 

ترەمپ لەم تێستكردنەی كوردانی رۆژاڤا ناهەقی نەبوو لەبەر دوو هۆكار. هۆكاری یەكەم ئەوەبوو كە ئەمریكا لەم رووەوە لانی كەم سێ ئەزموونی لەگەڵ كورد هەیە و بەراگەیاندنێكی هاوشێوەی راگەیاننەكەی ١٩ی دیسەمبەری ترەمپ ئاشبەتاڵی بە كورد كردوو. ئەزموونی یەكەم، ئاشبەتاڵەكەی ١٩٧٥ بوو، كاتێك بە موبارەكەی ئەمریكا، شا رایگەیاند كە چیتر پشتیوانی كوردانی باشور ناكات. تەبعەن شا نە فشاری بۆ مستەفا بارزانی هێنا كەئاشبەتاڵ بكات، نەهەرەشەی دەسبەسەركردن و تەسلیمكردنەوە و ئینتیقامی لێكرد. بارزانی لەهەمبەر ئەم راگرتنی پشتیوانییە بێ سێ و دوو بڕیاری هەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕشی دا. 

ئەزموونی دووەم، كۆرەوەكەی ١٩٩١ بوو. لەگەرمەی راپەڕینەكەدا و بەتایبەت دوای رزگاركردنی كەركوك لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا، ئەمریكا رایگەیاند كە ئێمە رێگری لە هێزەكانی عێڕاق ناكەین ئەگەر هێرش بكەنە سەر نەیارەكانییان، ئەم راگەیاندنەی بۆشی باوك هەرەسی بەراپەرین هێنا و كۆڕەوەكەی بەدوادا هات. ئەزموونی سێیەمیش ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ بوو، كاتێك ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ عێڕاق داگیرساند تا كەركوك داگیر بكاتەوە. كاتێك حیزبە حاكمەكانی هەرێم بەو هەڵوێستەی ئەمریكایان زانی، دەسبەجێ هەموو ناوچەكانییان بێ هیچ بەرگری و موقاوەمەیەك رادەستی هێزە داگیركەرەكانی عێراقیان كردەوە.

ئەگەر ئەم سێ ئەزموونەی سەرەوە هۆكاری یەكەم بوو كە ئەمریكا بڕیاری دا كوردانی رۆژاڤا تێست بكات. ئەگەر كوردانی رۆژاڤا هەمان ئەزموونی كوردانی باشورییان دووپات بكردایەتەوە، ئەوا ئێستا ئەمریكا لە زەلكاوی سوریا رزگاری ببوو.

هۆكاری دووەم ئەوەیە لە هیچ یەك لەم سێ ئەزموونانەی سەرەوە ئەمریكا باچی پشتكردنە كوردی نەداوە. رەنگە لێرە و لەوێ رەخنەیەكی لەلایەن ئەكادیمییەك یان سیاسییەكەوە لێ گیرابێت، بەڵام ئەم رەخنانە هێندە جدی نەبوون تا ببنە لەكەیەك بۆ سەر جێگە و پێگەی ئەمریكا. بەدڵنییاییەوە، ئەگەر كوردانی رۆژاڤا ئاشبەتاڵییان لێكردبایە، ئەمجارەیان ئەمریكا رووبەرووی رەخنەی زیاتر دەبووەوە، بەڵام دیسان بێ هیچ زیان و باج دانێك بەسەریدا تێدەپەڕی.

بەڵام رۆژاڤاییەكان سەلماندییان كە ئەزموونی ئەوان پێوانە ناكرێت بە ئەزموونی حیزبەكانی باشور و نەك هەر لەسەر پێ وەستان، بەڵكو جێ پێی خۆیان قایمتر و خۆیان بۆ هەر هەرەشەیەكی توركەكان ئامادە كردبوو.

ئەوەی ترەمپی لە پاشەكشەی بێ قەید و شەرت و دەسبەجێ هێناوەتە سەر ئەوەی هەڕەشەی تێكشكاندنی توركیا لەرووی ئابووری و دروستكردنی زۆنێكی ئارام بەقوڵایی زیاتر لە ٣٠ كم بكات جێگە و پێگەی رۆژاڤا و جۆر و ناوەرۆكی ئەو پەیوەندییەی نێوان ئەمریكا و رۆژاڤایە.

ئیدارەی رۆژاڤا، لەهەمبەر بڕیارەكەی ١٩ی دیسەمبەر دوو هەڵوێستی جوامێرانەیان نواند. هەڵوێستی یەكەم ئەوە بوو، كە ساڵح موسلیم رایگەیاند و گوتی ئێمە داوامان لە ئەمریكا نەكردبوو بێت بۆ رۆژاڤا و داواشی لێناكەین كە بڕوات. ئەم راگەیاندنەی موسلیم ئەوە دەگیەنێت كە ئەوە ئەمریكایە پێویستی بە ئێمەیە نەك بە پێچەوانەوە. یان لانی كەم بەو مانایە دێت كە ئێمە چەند پێویستیمان بە بوونی هێزەكانی ئەمریكایە لە رۆژاڤا، ئەمریكاش هێندە پێویستی بە ئێمە هەیە. مانایەكی تری ئەو راگەیاندنەی بەرێز موسلیم ئەوە بوو كە پشتیوانی ئەمریكا هەبێت یان نەبێت، رۆژاڤا وەك دیفاكتۆیەك هەیە و بەردەوام دەبێت و توانای مانەوە و بەرخۆدانیشی هەیە. 

هەڵوێستی دووەم لە بەرێز شاهۆز حەسەنەوە بوو. لەم حەفتەیەدا، شاهۆز حەسەن رایگەیان كە ئێمە بۆ بەرگری و شەڕكردن لەدژی هەر هێرش و پەلامارێكی توركەكان ئامادەین.

لێرەدا نابێت رۆڵی بەرخۆدانی ئەفسانەیی عەفرین لە پاشەكشەی ترەمپ لە هەڵوێستەكانی نادیدە بگرین. رۆژاڤاییەكان لە كانتۆنێكی لاواز و دابرا و بێ پشتیوانی وەك عەفرین بە كەمتر لە ٨ هەزار شەرڤان توانییان گەورەترین موقاوەمەی سەردەم تۆمار بكەن. بەدڵنییاییەوە، بەبەراورد لەگەڵ عەفرین، كورد لەو بەشەی رۆژاڤا، كە ئێستا شەرڤانان پارێزاری لێدەكەن، لە پێگەیەكی زۆر بەهێزتر و مەحكەم تر دان. رۆژاڤا ئێستا بە زیاتر لە ٦٠ هەزار شەرڤان پارێزگاری لێدەكرێت، لەرووی هێز و مەشق و چەك و تەقەمەنییەوە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ هێزەكەی كانتۆنی عەفرین بەراورد ناكرێت. جگەلەوە، لەرووی جیۆپۆلەتیكەوە، ئەم بەشەی رۆژاڤا سنووری لەگەڵ باشوری كوردستان و عێراق و هێزەكانی ئەسەد هەیە، هەموو ئەوانە بەسەر یەكەوە وایدەكرد و وا دەكات كە توركیا ناتوانێت هەمان ئەزموونی عەفرین لە رۆژاڤا دووبارە بكاتەوە. ئەمەش بەردەوام دەبووە هۆكاری سەریەشە و قەیران بۆ ئیدارەی ترەمپ، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە ترامپ بڕیاری دا لەپاڵ چاوپێخشاندنەوە بە بڕیاری پاشەكشەدا، هێڵێكی سووریش بۆ توركیا بكێشێت.

پرسیار ئەوەیە، ئایا دوای ئەم هێڵە سوورە تۆخەی ترەمپ كە بۆ ئەردۆغانی كێشاوە و دوای ئەو ئەزموونە شەرمهێنەی توركەكان لەپرۆسەی داگیركردنی عەفریندا رووبەرووی بوونەوە، ئایا ئەردۆغان و رژێمەكەی بوێری ئەوەیان هەیە هێڵە سوورەكەی ترەمپ و شەرڤانان ببەزێنن؟

ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی