پۆست گلوبالیزەیشن‌و چەند ئاغایەكی نوێ لەگۆڕەپانەكەدا

14/01/2019

سامان گەرمیانی

بەشی یەكەم
گومانی تێدانییە كە چەند لایەن و دەسەڵاتێكی نوێ دەركەوتون لە جیهاندا كە دەیانەوێت بڕیاردەر بن لە داهاتووی جیهان لە بوارە جیاجیاكانی وەكو ئابوری، كولتور، توێژینەوە، ئاسایش، فەزا هتد..ئەم لایەنە نوێیانەش ڕۆژگارێك بوو وڵاتەكانیان تەنها وەكو شوێنی كاركردن بەكارئەهات لە لایەن دەسەڵاتدارە زلهێزەكانی جیهانەوە بێگومان مەبەستم لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە. 

دەرفەت نیە كە لێرەدا زۆر بە وردی باس لە سوودو زیانەكانی جیهانگیری/گلوبالیزەیشن بكەم، ئەوەی ئەمەوێت ئاماژەی پێبدەم دەرهاوێشتەكانێتی بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ڕێسای نوێی جیهان(new world order) 

من بڕوام وایە بەشێكی زۆری ئەم گۆڕانكاریانە ئەگەڕێتەوە بۆ خراپ هەڵسەنگاندنی ئەو جیهانگیریەی كە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەرەتادا پێشڕەویان كردو دایانمەزراند. 

ئەگەر باس لە مەبەستی بنەڕەتی گلوبالیزم بكەین ئەوا ئەتوارنێت بە "كەرەستەیەكی" سوودبەخش ناوببرێت بۆ نموونە كاتێك كۆمپانیاكان بە مەبەستی گەشەسەندن و قازانجی زیاتر ڕوو لە وڵاتانی دەرەكی ئەكەن بە هەمانشێوەش سوود بەو وڵاتە ئەگەیەنن كە تیایدا دادەمەزرێن لە بوارەكانی هەلی كار، سەرمایەگوزاری، گەشەسەندن، زانیاری و هتد.. ئەمەش سودێكی دوولایەنە ئەبێت win-win بۆ هەردوو لایەنی بەشداربوو وە زیاتریش ئەو لایەنە تیایدا سودمەند دەبێت كە هێشتا لە گەشەكردندایە (وڵاتانی جیهانی سێ) و هەلی كار تیایدا كەمەو بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنێ كە ئەمەش دەبێتە ڕێخۆشكەر بۆ دەستكەوتنی كرێكاری هەرزان. 

ئەوەی كە هەستی پێدەكرێت بوونی ئەجێندایەكی شاراوەیە بە دوور لەو مەبەستەی كە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ئەویش بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترە بەسەر ئابوری جیهاندا و دەسەڵاتی زیاتری لۆكاڵی لە ناوچە جیاجیاكاندا بەو پێیەی كە لە ڕێگای زاڵبون بەسەر ئابوری ئەو ناوچانەدا بتوانرێت سیاسەتی ناوچەكان كۆنترۆڵ بكرێت. بەدەرلەوەش ڕۆژئاوا (سۆفت پاوەر)ی بەكارهێناوە كە بریتیە لە  زاڵبون بەسەر كولتوری ئەو ناوچانەدا بە مەبەستی گۆڕینی ئەو نۆرمو پێوەرانەی كە لە ناوچەكاندا باون، ئەمەش لە ڕێگای زاڵبون بەسەر شێوازی جلوبەرگ، مۆسیقا، كەرەستەی ـ IT, مێدیا، بانك، زانكۆكان و هتد.. كە زۆربەی جیاوازی و تازەگەرییەكان لە ڕۆژئاواوە سەرهەڵئەدەن ئەمەش هەمووی لەبەر بەرژەوەندی خودی ڕۆژئاوا خۆی.

سەرەڕای هەموو ئەم پلانانەی ڕۆژئاوا دایڕشتبوو بۆ سەرخستنی گڵوبالیزم بەڵام نەتوانرا ئامانجەكانی بە تەواوەتی بپێكێت بە پێچەوانەوە بووە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی كۆمەڵێك زلهێزی تر كە من لێرە زیاتر ئاماژە بە دوانیان ئەدەم ئەوانیش، چین و ڕوسیا. 

چەند هۆكارێكی سەرەكیش لەم سەرنەكەوتنەدا بریتی بوو لە:

 ۱. بیگومان گلوبالیزەیشن هۆكارێك بووە بۆ زیادكردنی بەرچاوی چینی ناوەڕاست لە چین و ڕوسیا بەڵام لەم دوو وڵاتەدا هێزێكی تاكڕەوانە حوكم دەكات كە بە تەواوەتی جوڵەی بازاڕی كۆنتڕۆل كردووە لە بەرژەوەندی كەسێك یاخود لایەنێكی دیاریكراو. ئامانجی سەرەكیش لەمە بەكارهێنانی داهاتەكەیانە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان وبایەخنەدان بە دروستكردنی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی و  تەندروست وە دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاكەكان كە ئەمەش تێچوویەكی زۆری پێویستە وەك چۆن لە ڕۆژئاوا بایەخی پێ دەدرێت.  

 ۲. لەدەستدانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا بەسەر كۆمپانیاكانی خۆیدا بەهۆی ئەوەی كە كۆمپانیاكان بون بە بەشیك لە گۆڕەپانێكی نێودەوڵەتی كە ئەمەش وای كرد كە شارەزای و تەكنەلۆژیا بە ئاسانی بگوازرێتەوە و بقۆزرێتەوە لە لایەن ئەو وڵاتانەی كە تیایدا كاریان دەكرد بەتایبەتی چین و ڕوسیا. 

 ۳. زیادبوونی چینی ناوەڕاست هەروەكو لە خاڵی ۱ دا ئاماژەم پێدا زیادبونی كڕیاری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمەش بۆتە هۆكارێك كە كۆمپانیاكان بەدەرلەوەی كە ئەم وڵاتانەیان لە ڕابردوودا وەكو سەرچاوەیەك بۆ هێزی كاری هەرزان بەكارهێناوە لە ئێستادا دەتوانن وەكو بازاڕێكیش بۆ ساغكردنەوەی كەلوپەلەكانیان بەكاریانبهێنن. بۆ نموونە كۆمپانیای Apple تەنها لە ماوەی یەك ساڵدا نرخی 450 ملیار  لە بۆرسەی ئەمریكادا شكاوە بە بۆنەی ڕكابەری بەهێزی كۆمپانیای ناوخۆیی چینی لەناو بازاڕی چیندا.

 ٤. شەراكەت یاخود بە تەواوەتی كڕینەوەی كۆمپانیای زەبەلاح لە لایەن وڵاتانی وەكو چین و ڕوسیا و هیندستان بۆ نموونە كۆمپانیای Volvo، IBM, Range Rover هتد..

 ٥. گەشەسەندنی ڕۆژئاوا وای كردووە كە پێویستیەكی زۆریان بە گازی سروشتی هەبێت وە ئەمەش دەسەڵاتی ڕوسیا بەرامبەر بە ڕۆژئاوا بەهێزتر دەكات بە هۆی جوگرافیای ستراتیژی ئەم وڵاتەوە. 

ئەم هۆكارە سەرەكیانە وایانكردووە كە دەرفەت بدرێت بۆ دروستبوونی زلهێزی نوێ لە جیهاندا وەكو چین و ڕوسیا كە توانیویانە بارودۆخەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوەو بڕە پارەیەكی زۆر، تەكنەلۆژیایەكی بەهێز، توێژینەوەی پێشكەوتوو ، دروستكردنی بازاڕێكی بەهێز كە جیهان ڕویتێئەكات بەدەستبهێنن. ئەم زلهێزە تازانە بە شێوەیەك گەشەیان كردووە كە تەنانەت گەمارۆی ئابوریش كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت لەسەریان. 

توانیویانە سوپای بەهێزو مۆدێرن هاوشێوەی ڕۆژئاوا دروستبكەن وە بە ملیارەها دۆلاریان تەرخان كردووە بۆ كڕینی دەسەڵات لە چەندەها ناوچەی ئەفریقا و ئاسیادا و لەڕێگای بەكارهێنانی سوپا وە بەتایبەتی ڕوسیا كە لە ئێستادا شان بە شانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەورێكی سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەبینێت. 

دروستبوونی ئەم زلهێزە نوێیانە لە جیهاندا بۆتە هۆكارێكی سەرەكی كە وای كردووە ڕۆژئاوا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە وە دەرەنجامی ئەوەش چەندەها سەرۆكی ناسیۆنالیستی دروست بووە بەرچاوترینیشیان دۆناڵد ترامپ ە كە دەیەوێت سنوورەكانی خۆی بەهێز بكات و لە ڕێگای سنوورداركردنی گلۆبالیزم سەرفیاتەكانی وڵاتەكەی كەمبكاتەوە، بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی چەندەها ڕێكەوتننامە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزدا بە مەبەستی زیادكردنی داهاتی وڵاتەكەی وە لە هەمانكاتتدا ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی زانیاری و پێشكەوتنی وڵاتەكەی لەلایەن زلهێزە نوێكانەوە.

سامان گەرمیانی
ئەندامی سەركردایەتی (ی.ن.ك)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی