ئاڵا مەدەن بەسەر دەلاقە گەورەكەیا!

14/01/2019

سامانی وەستا بەكر

سیاسەت بێجگە لەوەی ھونەری ڕێكخستنی كۆمەڵگەو داودەزگاكانی دەوڵەتە ھەرواش پاراستنی سنورو سەروەری نەتەوەو خاكیشە بەڕووی دراوسێ و ھەرھێزێكی دەرەكیشدا.
 
مەخابن سیاسەت لە ھەرێمی كوردستان ڕێچكە باوەكەی بەزاندوەو ڕێچكەیەكی زۆر تایبەت بەخۆی گرتووە كە لە شكڵ و لە ھەناویا لە ھیچ شوێنێكیتر ناچێت بەجۆرێك ھونەری ڕێكخستن گۆڕاوە بۆ تێكدان، ھونەری شكۆپارێزی بۆ بودەڵەكردن، ھونەری دروست كردنی تاك بۆ تێكشكان، ھونەری سنورپارێزی بۆ بەدەستەوەدان، ھونەری خزمەتگوزاری بۆ تێھەڵدان و ھونەری بیروڕای جیاواز بۆ كووچی زیندان.

ھەندێ جار پارچەیەك كوتاڵ ئەكرێ بە پینەی پۆشاكێكی دڕاو بەڵام چەند وردیش بكرێ پینە ھەر پینەیەو پۆشاكی دڕاویش ھەرگیز وەك خۆی لێنایەتەوە. ئەوەی ئێستا لە باشوری كوردستان ئەگوزەرێ ھەمان ئەم نمونەیەیە، بەنیازن بە پارچەیەك پەڕۆی چورا ڕەنگ دەلاقە گەورەگە داپۆشن و پارچەیەك پەرۆكی لاكێشە بدەن بەچاوی خەڵكیدا و ڕاوەدوونان و دەستگیركردنی سیاسی و داخستنی سینەمایەك بۆ قەدەغەكردنی فیلمێك و كۆكردنەوەی چەند پەرتوكێكی دیاری كراو زیندانـی كردنـی مناڵ ...ھتد لەبیری خەڵك پێببەنەوە!

ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان ھیچ خواستێكی نیشتمانی بەرز ڕاگرتنی شكۆی نەتەوەی كورد لە كەركوك و جەخت كردنەوەی كوردستانی بوونی ئەو شارەی لە پشتەوە نیە بەڵكو ھەر زوو بەزوو مەرامی ڕێپێدانی ھەڵكردنی ئەو ئاڵایە ڕوون و ئاشكرا بۆوە كە ئەو كارە بۆ لەبیربردنەوەی ھەڵكوتانە سەر پارتی كرێكارانی كوردستانە لە ھەرێم و بە دیاری كراوی لە سلێمانی لە ئێستایا كە ڕەنگە داگرتنەوەی ئاڵاكە لەسەر بارەگانـی یەكێتـی لە كەركوك گەواهـی دەری ئەو ڕاستیە بێت.

كلتوری خۆ بەدەستەوەدان و گوێڕایەڵی دوو پارتە سەوزو زەردەكەی ھەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كە ھیچ یەكێك لە داگیركەرانی مێژووی كوردستان دوو دڵ نەبوون و دوو دڵیش ناكەن لەھەر داوایەك و ھەر سیاسەتێك كە لە بەرژەوەندی خۆیانبێ و بیانەوێ لەو بەشە "نیمچە ئازاد"ەی كوردستانا جێبەجێی بكەن ئەگەرچـی پارسەنگی ئەو كارە خوێنی چەندین لاو پیرو مناڵی كوردیشبێ یان داخستنی بارەگاو داخستنی حیزب و دەستگیركردنی سیاسیش بێت.

ھیچ كاتێك خەڵك بە كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی دڵخۆش نابن ئەگەر باجەكەی دەستگیركردن سیاسی و تەسلیم كردنی كلیلی خوودی شارەكەبێ بە دوژمن لە كاتێكا كە كردنەوەی فڕۆكەخانە بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان نیە هێندەی بۆ كارئاسانی بازرگانە سیاسیەكان و ھەناردەو ھاوردەكردنی كاڵایە بۆ قازانجی زیاترو ئاسانكاری زیاتر كە لەوانەیە باڵادەستانی سلێمانی ئەو كارەیان لەڕێی فڕۆكەخانەی ھەولێرەوە بۆنەچێتە سەر چونكە وەك ئەزانرێ ئەوان ھەر ڕكابەری سیاسی نین بەڵكو ڕكابەری بازرگانیشن.

ھیچ كاتێك كوردانی كەركوك بە ھەڵكردنی ئاڵایەك دڵخۆش نابن كە ڕەنگە سوورەكەی خوێنی ئەو گەنجانەبێ كە ١٦ی ئۆكتۆبەرا كران بە قوربانی، ڕەنگە سەوزەكەی ئەو دۆلارانەبێ كە ئەخزێنە گیرفانی سیاسیە بازرگانەكان بەرامبەر فرۆشتنـی خاك ونەتەوە و نیشتمان، ڕەنگە زەردەكەی شەرمەزاری پاشەكشێكردنبێ لە ئازادی و ڕەنگە سپیەكەشی ھەڵكردنی ئاڵای سپی خۆڕادەستكردنبێ.

تێزی سیاسەت كردن لە هەرێمـی كوردستان نمونەیەكـی جیاوازە كە كە تەنانەت لە حـیزبە شمولـیەكانـی سەردەمـی پێشووش ناچـێ، جۆرێكە كە تێكەڵەیەكە لە ناشـرینتـرین و قێزەونترین پیشەوەری كە ئەتوانین بڵێین ئەخلاق لەوێدا غایبە.

سیاسەت هونەری پێكەوەی و بینا كردن و بنیاتنانەوەی كۆمەڵگەیە كە لەوێدا هاوڵاتـی هەست بە كێش و شكۆی مرۆڤ بوون بكات.
 
هەروەك چۆن سیاسەت پێویستــی بە ڕێفۆرمـی بەردەوام هەیە هەرواش پێویستـی بە بوونـی نوخبە هەیە، ئەوەی شوینـی گلەیـی و ڕەخنەیە سیاسەتـی هەردوو ئاوایـی زەردو سەوز نیە چونكوم ئەوان تەنانەت لە هونەری ڕەخنەگرتنیش تێناگەن بەڵكو ڕوو لە سوپا  قەڵەم سێبەرەیە كە ئەكرا بەشێكبن لە نوخبەی هەڵكەوتەی كۆمەڵگە نەك حیزب چۆنیان بوێت ئەم قەڵەم سێبەرانە بارەكەیان بەوەلایەیا بۆ بچەرخێنن و هەرچـی و ڕووی ڕەشـی كارە نابەجـێ و پۆخڵەكانیانە بۆیان سپـی بكەنەوە.
ئەبـێ سیاسەت بۆ دروست كردنـی ژیانێكـی هێمن و شایستە و خۆسەری تاكەكانـی كۆمەڵگەبـێ بەڵام ئەگەر ئاڕاستەی پێچەوانەی گرت ناكرێ بكەرەكانـی خەڵكانـی سیاسـیبن بەڵكو لە فەرهەنگـی سیاسـی گەلانـی ئازادیخوازا ئەوانە بە مافیا و بازرگانـی خوێن ناو ئەبرێن چونكوم لەناو هەردوو ئاوایـی زەردو سەوزا نە هێـزی چەپ و ڕادیكاڵ و ئازادیخواز  نە هێزی بۆرجواز و لیبراڵ و نەتەوەی بوونـی ماوە چونكە لۆژیكـی پاراستنـی پلورالیـزمـی سیاسـی، فەرهەنگـی، كۆمەڵایەتـی كاری پێناكرێ بەڵكو  لۆژیكـی دەستكەوت و بازرگانـی نائەخلاقـی تۆقێنەرو نامۆ بە مرۆڤ جێگەی گرتۆتەوانـێ.

لەناو هەردوو ئاوایـی زەردو سەوزا  شەرم، ئەخلاق، ڕێزگرتن لە یاسا، دادوەری سەربەخۆ، فەرهەنگـی سیاسـی باو، هەست كردن بە بەرپرسیاریەتـی بوونـی نەماوە بۆیە ئەوەی دەسەڵاتـی بەدەستەوەیە وڵات بە قنەخشكـێ ئەبا بەڕێوە لۆژیكـی شەقاوەیە نەك حوكمڕانـیەكـی مەدنـی كە وڵاتێكیش لەلایەن بەڵتەجیەوە ببرێ بەڕێوە ئەودەم لەێدا هەموو سەمەرەیەك قابیلـی ڕوودانە  بەڵام ئەوەی نابەجێیە كاری قەڵەم سێبەرەكانە كە ئەبوو  ئەوان پاوەری گۆڕنكاری بن نەك چەسپاندنی حوكمـی قەرەقۆش.

كەوابـێ پارچەیەك پەڕۆ ھیچ لە ئازاری خۆبەدەستەوەدان و دۆڕان ناشكێنێ كە كۆمەڵگە لەناخەوە گەمارۆدراوە و نەخشەی وڵاتیان لە دڵیانا پێئەنێژن هەربۆیە واباشتر بوو لەبری ھەڵكردنی تاكە ئاڵایەك كۆی ئاڵاكان بۆ نیوە داگرن چونكە خودی مرۆڤ و پاراستنـی كەرامەتـی چەقـی دەستكەوتەكانن و پارچەیەك پەڕۆی دروست كراوی دەستـی خودی مرۆڤ سەرە كوت كراوەكانـی پـێ بەرز ناكرێتەوە.

سامانی وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی