تویتەکەی ترامپ، بە لەرز دەمانگرێ و بە تا بەرمان دەدا

14/01/2019

دانا رەشید

 

هەمیشە وتراوە پێناسەی سیاسەت لە رۆژئاوا ئەوە نی یە کە لە دەوڵەتانی رۆژهەڵات پێناسەی دەکرێ ، سیاسەت دایک و باوکی نی یە ، لە کوێ سیاسەت بێ دایک و باوکە ، ئایا رۆژهەڵاتی لە مانای سیاسەت گەیشتون؟ ، هەتا ئێستە خاوەنی دەوڵەتێکی دەستوری دیمۆراتین تا لایەنی کەمی ماف و ئازادی و سەرەوەری تێدا پارێزراو بێ؟ ، تاکو مانایەکی تر بدەن بە چەمکی سیاسەت ،
لە رۆژئاوا سیاسەت نەک بێ دایک و باوک نی یە بەڵکو چەندین راوێژکارو بەتەنگەوە هاتوی هەیە ، لە سادەترین مانادا ئەوان دەستور دەگۆڕن بۆ بەرەو پیش چوونی رەوشی ئیداری و سیاسی ، ئەمان دەستور دەگۆڕن بۆ بەهانە هێنانەوە بۆ بە خودا کردنی سەرۆک و بنەماڵەیەک ، ئەمە جیاوازیە گەورەکەیە ،کاتێ تۆی تاک باز بەسەر ئەم هەموو جیاوازیەدا دەدەیت و داخی دڵی خۆت بە چەمکی سیاسەت دەرێژی ، 
لە دوای جەنگی دوەمی کەنداو وە رزگار کردنی دەوڵەتی کوەیت، کە سوپای صدام داگیری کرد ، کۆی گشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە سیاسەت ، لەم نێوەندەشدا کێشەی کورد کە زەقترین و دیارترین کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە ئاراستەیەکی ئەرێنی وەرگرت ، جیهانبینینی سیاسی دوور مەودایە ، بە تەوق کردنی عیراق ، لە بەشی سەروی عیراق کە دەکاتە باشوری کوردستان ، هەرێمێک بۆ کورد دروست بوو کە تاکو ئێستە چۆن فەرمانروایی دەکرێ ئەوە شتێکی ترە ،لێرەدا گرنگ بوونی هەرێمەکەیە، 
لە کاتی کۆرەوەکەدا جۆرج بۆش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا وتی ، ئێمە نە حەقی صدام حوسەینمان هەیە نە کوردەکان ، واجبی ئێمە رزگار کردنی دەوڵەتی کوەیت بوو ، ئەوکارەشمان ئەنجام دا ، کورد لەرزی لێ هات ، ئەوە بوو بەرەی ئەوکاتی کوردستانی بە بەڵێنی صدام چونە بەغداو کەوتنە گفتوگۆ ، هەر وەک لەسەر زاری مەسعود بارزانی سەرۆکی وەفدی کورد لە بەغدا وتی ( صدام زەمانەتی کورد دەکات ) دوای ئەوە هێواش هیواش بە ئاراستەی کورد ، چەند قەراری مەجلیسی ئەمن دەرچوو کە دیارترینیان دروست کردنی پشتێنەی سەوز بۆ پاراستنی کوردی باشور ، صدام کە نەیدەویست بێ دەسەڵاتانە بمێنێتەوە ناچار ئەو بەشەی کوردستانی جێهێشت و کشایەوە ، جارێکی تر کورد بە تای بەڵێنەکانی رۆژئاوا و ئەمەریکا لەرز بەریداو کەوتە سەر سەودای خۆ بەرێوەبردن ، تا لە ساڵی ١٩٩٢ لە هەڵبژاردنێکدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی پێک هێناو تا ئێستە پەرلەمان و دەسەڵاتی دوو حیزب غودەی سەرەتانی قورگی کوردی باشورە ،وەلی هەرێمەکە هەر بە پێوەیەو راساوو راوەستاوە ، کە ئەمە گرنگە بۆ ئەمەریکاو رۆژئاوا ، واتە بوونی هەرێم نەک چ جۆرە دەسەڵات و ئیدارەیەک دەکرێ ، 
کوردی باشور ناتوانن دوور مەودا بیر بکەنەوە و تێ بفکرن ، چوونکە هێندەی خەریکی شەری بەینی خۆیاننن وە لە بەرامبەر یەکتری دەستی هەردوو دوژمنی کورد ئێران و تورکیا دەگرن ، خەریکی سیاسەتێکی عەقڵانی نین ، کەوتونەتە ژێر رکێفی سیاسەتی بێ دایک و باوکی ئەوانەوە ، ناتوانن سەر بڵند بکەن و ئاسۆیەکی فراوانتر لە سیاسەت بینین ، لە لایەکی تر ، ئارەزوی خۆ سەپاندن و خێڵ بریاردان و حوکمی ناوچەیی ، ناهێلێت سەر بکێشنە پەنجەرەی جۆرێک لە دنیابینینی ئازاد و دیمۆکراتیانە.
 
هەر بۆیە میلەت و شوێنکەوتوەکانیان هێندە بروایان بە ئیران و تورکیایە نیو هێندە بروایان بە سیاسەتی رۆژئاوا و دەرک بە گۆرانکاریە جیهانی جڤاتیەکان ناکەن،
بوونی کورد لەسەر نەخشەی جیهانی نوێ دیارو درەوشاوەیە ، ئەم قیتارە تا وێستگەی دروست بوونی دەوڵەتێک بۆ کورد ناوەستێت هەڵبەتە دوور مەوداو پڕ کیشمە کیش و هەڵدیرە ، هەر وەک وتەیەکی ئەڵمانی دەلێ ( سیاسەت پیاوی خۆی دەوێ ) ئەم رەوشەش پیاوی خۆی دەوێ قیادەی بکات.

بە دروست بوونی ئەزمەی سوریا ، دیسان کیان و هەرێمی کورد لە سوریا زۆر لە باشور جوانتر و چاکتر و پتەوتر دروست بوو ، ئەگەرچی حیزبە کوردیەکانی باشور کە پابەند و پیاوی ئیران و تورکن ، ئەمەریکای لە خۆی نزیک نەکردەوە ، بەڵام کوردانی رۆژئاوا ، توانیان بە پەروەردەیەکی تری حیزبی مۆدێرن ، ببن بە جێگەی چاو تێبڕینی ئەمەرتکاو رۆژئاوا ، کە لەوێوە سیاسەتی خۆیان لە رۆژهەڵات بینا بکەن ، لەوێوە پلان بۆ بە سوریا کردنی هەم ئیران هەم تورکیا دادەنێن ، هەم مەلاکانی ئێران هەم ئیخوانیەکانی تورک زۆر چاک لەو مەسەلەیە تێدەگەن ، کە رۆژی کورد بە جۆرێک ئارەقیان پێ دەکاتەوە هەراسان بوون ، بە ئاشکرا تورک دەڵێ من کورد تێک دەشکێنم ، بە ئاشکراش ئەمەریکا دەڵێ ئەوان واتە من بچی بەلایاندا ئابوریت دەروخێنم ، بە ئاشکرا ئێران دەڵێ دەستی شەیتان دەگرین بۆ ئەوەی کورد هیچ سەر بزێویەک نەکات ، بە ئاشکراش ئیسرائیل دەلێ کورد دەبوو دەمێ ساڵ بوایە خاوەن دەوڵەتی خۆیان بونایە ئێمە یەکەم کەسین دان بەو دەوڵەتدا دەنێنین کە کورد دروستی کات ، بە ئاشکرا عەرەب دەلێ ، کورد ببێ بە دەوڵەت دینەکەی محەمەد دەکەوێتە خەتەرەوە ، بە ئاشکراش ئەوروپا دەڵێ ، لایەک لە مسوڵمانانی عەرەب و جیهان لە تاو زوڵمی دینەکەیان لای ئێمە بە رێزەوە داڵدە دراون و مزگەوت و پیرۆزگاکانیان لای ئێمە بۆ دروست دەکرێت ، واتە بە کردەوە رۆژئاوا وەڵامی دوژمنەکانی کورد دەداتەوە کە لە سەر نەخشەی جیهانی نوێ کورد و کوردستان ژمارەیەکی گەورەیە ، ئەوان خۆیان لەگەڵ ئەو هاوکێشە نوێ یە هاوسەنگ دەکەن ، جا ئەوەی لە هاوکێشەکەدا هاوسەنگ نەبێ وەک یاسای ماتماتیک فەرامۆش دەکرێ .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی