ئاشکرایە پارالێل بە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ٫ حاجی قاسم سلێمانی ٫ سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڕاستە دەکات ۰ حاجی سلێمانی لە زۆربەی گرێکوێرە و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەدا ٫ مەیدانی بەپێ ی ئامانجەکانی ئێران ڕۆڵی چارەسەرکاری هەیە۰ گەورەترین گرەوی سیاسی لە پێکهێنانی هەردوو سەرۆکایەتی حکومەت و کۆماری لە عێراقدا لە ئەمریکا بردەوە۰ پیاوێکە شەبەح ئاسا بۆ ئەمریکا و ساحیرە بۆ ئێران ۰
ئەم ساحیرە سیاسیە لە مەداری سەردانەکەی زەریفی ( وەزیری دەرەوەی ئێران ) بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی نەکردووە بە کڵاوە قوڵ و نهێنیەکەیدا ٫ کەروێشکی چارەسەری بۆ ئەو داخوازیانەی ئێران دەرنەهێناوە کە زەریفی لە پێناویدا هاتووە !
پێناچێت ئەرکەکەی زەریفی ئەوەندە سەخت بێت کە بە حاجی قاسم نەکرابێت ! بەڵکە تەواوکاری ئەو ئیتفاقانەیە کە سلێمانی دایڕشتووە و زەریفی مۆری فەرمی ئێرانیان لێدەدات ۰
لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداچونەوەی بە میحوەرە دژ بەئێرانەکەی ناوچەکەدا کرد ٫ سیاسەتی نوێ ی ئەمریکایان بەرانبەر بە ئێران داڕشت ٫ زەریفی لەکۆتای ڕۆژی سەردانە ئەمریکیەکەدا ٫ دەبێتە میوانی هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراقدا ٫ بەر لە دیدە ئێرانیەکەی خۆیان ٫ ئامانجە ئەمریکیەکەیان بۆ ڕووندەکاتەوە و مەترسیەکانی بەشداری کورد و شیعە لە سیاسەتە نوێ کەی ئەمریکایان بۆ رووندەکاتەوە ۰ باقی ئەرکەکەش دەسپێرێتەوە بە سێبەرەکەی وەزارەتەکەی کە پیاوە ساحیرەکە جێبەجێ ی دەکات ۰
هونەر تۆفیق
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی