ئەوەی شاسوار نایەوێت لێی تێبگات!

16/01/2019

هادى حەمەرەشید


چی ئەبوو ئەگەر چاوچنۆکیی و خۆپەرستیی ئەو تا ئەو جێگایە نەبووایە کە میدیایەکی کاریگەری وەك #NRT ڕاپێچی ئەو دنیا ناشیرینە نەکردبا؟!

چی ئەبوو لەبری ئەوەی میدیایەکی گرنگی وەك ئێن ئاڕ تی تەرخان کردووە بۆ ڕیکلام و ناوەندی بڵاوکردنەوەی کار و چالاکییە کەسییەکانی خۆی، وەك بڵندگۆیەکی ئازاد و ڕاگەیاندنێکی بێلایەن و چاودێر بەسەر کۆی حیزبەکانەوە بیهێشتایەتەوە؟!

لەبری ئەوەی کە شار بە شار بگەڕێت، یان لە هۆڵی شاهانەدا وەك ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی چیرۆکی سواو و چەندپات بووەی (سەرکەوتنی خۆی) بگێڕایەتەوە، ئێن ئاڕ تی ئالودە نەکردایە بە نەرجسیەتی خۆی و لێگەڕابا تا ڕەقیبێکی بێلایەنانە بووایە بەسەر ناوخۆی حیزبەکان و حکومەتەوە؟!

بەداخەوە لەبۆشاییەکی زۆر گەورەداین لەکاری میدیایی(هەڵبەت مەبەستم لە میدیای بینراوە کە کاریگەریی نکولی نەکراوە)، میدیایەك کە سێبەری سیاسییەکان نەبێت، میدیایەك کە لەخزمەتی ئەجێندایەکی دیاریکراودا بوو، ئەوا ئیدیی بێگومان بۆ خۆیشی ئەبێت بە سەربار و ئیزافەیەکی ناشیرینتر!

دوای ئەوەی شاسوار ئێن ئاڕ تی بەیەکجاریی یەکلاکردەوە بۆ خزمەتی سیاسەتە تەسکبینەکانی خۆی، ببینن چۆن دۆخی ناوخۆیی حیزبەکان لێڵ و لیخنتر و فەزای گشتی کوردستانیش تاریك و تاریکتر ئەبێت!

هادى حەمەرەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی