عێراقی ئێران

17/01/2019

هونەر تۆفیق

لە سەردەمی بابلیەکانەوە ئێران وڵاتی میزۆپۆتامیا ( عێراق ) بە بەشێک لەخاکی خۆی دەزانێت ، لە گەورە و بچوکی ژیانی ئابووری ، فەرهەنگی ، سیاسی عێراقدا بوونی هەیە .
جەنراڵ تەیمور بەختیار ١٩١٤ - ١٩٧٠ دامەزرێنەری ساواکی ئێرانی کە چارەنوسی وەها بوو لە عیراقیشدا بکوژرێت . هەفتەیەک بەر لە کودەتاکەی ئەفسەرەئازادەکان ( عەبدولکەریم قاسم) ساڵی ١٩٥٨ ، دەنێرێت بە شوێن ڕۆژنامەوان نەزیر فەنسەدا ، نەزیر ڕادەسپێرێت بە پەلە بڕوات بۆ ئەستەنبوڵ کە عەبدولئیلاهی خاڵی شافەیسەڵی دووەمی عێراق لەوێ لە پشودایە . ئاگاداری بکاتەوە لەوەی نەگەڕێتەوە بۆ عێراق و پادشا و کەسوکارەکەشیان لە عێراق دووربخەنەوە ، لەبەر ئەوەی بەپێ ی زانیاریەکانی ساواک ، لەماوەی هەفتەیەکدا لەعێراقدا کودەتا دەکرێت بەسەر ماڵی پادشادا . 
نەزیر فەنسە دەگێڕێتەوە : کە چوومە لای عەبدولئیلا و ئاگاداریەکەی تەیمور بەختیارم پێگەیاند ، زۆر توڕەبوو. گوتی : بەنەفرەت بن ئەم ئێرانیانە ، لێرەش هەر بە دوامانەوەن . ئەوان بۆ خەمی وڵاتەکەی خۆیان ناخۆن ؟ چیان داوە لەوەی ئێمە چیمان لێ بەسەردێت . 
لەو نامە شەفەویەی جەنراڵ بەختیارەوە ئەوە دەخوێندرێتەوە کە بڕیاری زلهێزەکان درابوو ڕژێمی پادشایەتی لە عێراقدا کۆتایی پێ بهێنرێت ، بۆیە بەختیار ئامۆژگاری نەکردبوون ، ماڵی پادشا لەعێراق بمێننەوە و خۆیان توندبکەنەوە ، بەڵکە گوتبووی عێراق بەجێبهێڵن . هەمووی هەفتەیەکی خایاند و کودەتایان بەسەریاندا کرد . ماڵی پادشای عێراق بە پیاو ژن و منداڵەوە کوژران . 
لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی لەمێژە بەستراوە بە ئێرانەوە ، بەر لە ڕوودانی ڕووداوەکانی ناو عێراق ، ئێران بەسەردەکرێتەوە و ڕینمایی پێدەدەن وڕاوێژی لێ وەردەگرن . لەداهاتوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاری چاوەڕوانکراوی گەورە لە عێراقدا ڕوودەدەن ، ئاماژە سیاسیەکانی گەشتە کتوپڕەکانی وڵاتانی دەرەوە بۆ عێراق ، سەرەتای ئەو گۆڕانکاریانە نیشان ئەدەن . عاقڵ ئەوەیە گوێ لە ئێران دەگرێت ، چونکە پێشوەختە ئێران لەهەموو یاریەکانی ناو عێراق ئاگادارکراوەتەوە .

هونەر تۆفیق 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە