لەپرسی ناوچەی ئارامدا توركەكان یارییەكی زۆڵانە دەكەن

18/01/2019

ئارام رەفعەت

ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە ناوچەیەكی ئارام دادەمەزرێنم و نەھاتۆتە سەر وردەكاری ئەو ناوچەیە. ئەردۆغانیش رەزامەندی دەربڕیوە. 

توركەكان سوور دەزانن ئەمریكا مەبەستی چ جۆرە ناوچەیەكی ئارامە، بەڵام ئەوان دێن ئیدیعا بۆ ئەو شێوازەی ناوچەی ئارامە دەكەن كە خۆیان مەبەستییانە. لێرەدا دەیانەھێت چەند ئامانجێك بپێكن:

یەكەم: جەنگێكی دەروونی لەگەڵ كوردانی ڕۆژاڤادا دەكەن و دەیانەوێت كوردەكان ناچار بن روو بكەنە ڕێككەوتن لەگەڵ روسیا و ئەسەدا و بەو جۆرەش كەلێنێك بخەنە نێوان رۆژاڤا و ئەمریكا.

دووەم: بەڕاگەیاندنی ئەو ڕێككەوتنە بێ بنەما و فەیكە لەگەڵ ئەمریكادا دەیانەوێت ئەردۆغان وە سەركردەیەكی خاوەن نفوز و كاریگەر و باڵادەست لەسەر ئاستی دونییادا پیشانی ڕای گشتی توركییا بدەەن. ئەگەر ئەمریكا ھاتە ژێر باری خواستی توركەكانەوە، ئەوا ئەردۆغان نەخشی ھێناھە و وەك رابەرێكی سەركەوتوو بەسەر كوردا دەردەدكەوێت. ئەگەر ئەمریكاش ئەو ناوچە ئارەمە وەھمییەی توركەكانی رەتكردەوە، بەرای گشتی تورك دەڵێن ئەوە ئەمریكا و دونییایە موئامەرە دژی تورك دەكەن و لە رێكەوتنەكانییان پاشگەز دەبنەوە.

سێیەم: ئەوان بە راگەیاندنی رێككەوتنی پێشوەختە و ڕۆڵ و خواستی تورك لە سەپاندنی ناوچەی ئارام و دەسبەسەرا گرتنی رۆژاڤا دەیانەوێت ئەمریكییەكان بخەنە بەردەم ئەمری واقیع و وایان لێبكەن كە دانوسان لەسەر ئەو ڤێرژنەی توركەكان بكەن و لەوێوە دەست پێبكەن. ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا توركەكان دەسكەوتی باشتر و جێگە و پێگەی باشتر بۆ خۆیان دابین دەكەن و وادەكەن زۆرترین زەربەش لەدەسكەوتەكانی كورد بدەن. لەخراپترین حاڵەتدا توركەكان دەتوانن بۆ ماوەیەكی زۆر ئەو پرۆژە دوا بخەن و بەربەست بخەنە بەردەم بڕیاردان و جێبەجێكردنی.

پرسیار ئەوەیە چەندە كوردانی رۆژاوا توانای خوێندنەوەی ئەو گەمە توركیەیان ھەیە و دەتوانن دوور لە پەرچەكرداری نادیراسەكراودا ئەمریكییان وادار بە سەپاندنی ئەو ناوچە ئارامە بكات كە كورد تێیدا پارێزراو دەبێت.

ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی