بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و قەوقاس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەك پاكیجن؟

19/01/2019

سامان گەرمیانی

بەشی دووەم
وەكو لە بەشی یەكەمدا ئاماژەمپێدا بەشێكی بەرچاوی سیاسەتی وڵاتە زلهێزەكان بەندە بە باری ئابورییانەوە. لەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم تیشك بخەمە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بە گشتی و ڕوسیا بە تایبەتی چونكە سیاسەتی ئەوان كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست.

بارودۆخی ئێستای ئابوری ڕوسیا
داهاتی سەرەكی ڕوسیا بریتیە لە نەوت و گازی سروشتی كە لە هەمانكاتدا بۆتە چەكێكی بەهێز بۆ كۆنتڕۆڵكردی وڵاتانی دەوروبەری. ئەم داهاتەش لە ۳٠٪ ی داهاتی ڕوسیا و لە ٥٠٪ ی بودجەی گشتی ڕوسیا پێكدێنێ.  لە ۷٠٪ ی بازاڕی ڕوسیاش لە ڕێگای حوكمەتەوە قۆرغكراوە و نەبونی بازاڕی ئازادو ڕكابەری تیایدا بۆتە هۆكارێك كە بە ئاستەم دەتوانرێت گەشە بە بازاڕەكە بدرێت وە هەربۆیە تەركیزی تەواو خراوەتە سەر بواری ووزە (نەوت و گازی سروشتی)

پۆتین دڵنیایە لەوەی كە ئەم كۆنترۆڵكردنەی بازاڕی وڵاتەكەی زەرەر لە گەشەو بەرەوپێشچونی بازاڕەكە دەدات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوورە لەسەر لەدەستنەدانی ئەم كۆنتڕۆڵە لە پێناو پتەوكردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا.  

سێكتەرێكی تر كە پۆتین زۆر بایەخی پێ دەدات چەكە، كە لە ئێستادا بە بڕی پانزە ملیار دۆلار فرۆشیاری هەیە لە ساڵێكدا و ئەم ژمارەیەش ڕووی لە زیادبوونە. سەرەڕای ئەوەی كە ڕوسیا ئەزموونێكی درێژی لە بواری چەك دروستكردندا هەیە توانراوە لە سەردەمی پۆتیندا هێندەی تر پەرەی پێبدرێت و بگاتە ئاستێك كە دەتوانرێت ڕكابەری چەكی ڕۆژئاوای پێ بكرێت. 

بێگومان ئەم پەرەپێدانەش بێ مەبەست نییە، پۆتین دەیەوێت لە ڕێگەی فرۆشتنی چەك بە وڵاتانی تر دەسەڵات لەو وڵاتانەدا پەیدا بكات. لە هەمانكاتدا ببێتە پاڵپشتێك بۆ ئەو وڵاتانەی كە پێویستیان بە چەكە چ بۆ خۆپاراستن بەرامبەر هێزی ڕۆژئاوا بۆ نموونە سوریا، ڕژێمی ڕوخاوی عێراق، ئێران هتد.. یاخود بۆ پارێزگاری كردن لە خاكەكەیان لە بەرامبەر هێزی دەرەكی وەكو ئەوەی كە لە چین و هیندستان ڕوودەدات. 

ڕوسیا هەوڵیداوە لە ڕێگای نمایشی هێزی سەربازی و بەژداری كردن لە جەنگدا بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی چەكەكانی گەرم بكات. لێرەشدا سوریا وەكو نموونەیەكی زیندوو بەرچاودەكەوێت كاتێك توانی بە پاڵپشتی سەربازی لە لایەن ڕوسیاوە بە چەكی  زەمینی و دەریایی و ئاسمانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت كە دەرئەنجام پێگەی دبلۆماسی و سیاسی ڕوسیا پتەوتر بوو لە جیهانداو لە هەمانكاتیشدا ناردنی مەسیجێك بوو بۆ جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی كە ڕوسیا ئەڵتەرناتیڤێكە بۆ ئەو وڵاتانەی كە نایانەوێت بكەونە ژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا.

كەواتە ئەتوانین بڵێین كە بایەخدان و گەشەپێدانی ڕوسیا بە هەردوو سێكتەری ووزەو چەك ئەم وڵاتەیان كردۆتە زلهێز و یارمەتیدەربوون بۆ فراونكردنی سنوورەكانی و بەدەستهێنانی هێزی زیاتر لە جیهاندا.

ئامانجی ڕوسیا چییە؟
ئاشكرایە كە هەموو هەوڵێك ئامانجێكی لەپشتەوەیە، ئەو ئامانجانەی كە ڕوسیاش دەیەوێت لە ڕێگای هەوڵەكانییەوە پێیبگات زۆرن بەڵام دیارترینیان فراوان كردنی سنوورەكانێتی بەرەو ئەوروپاو سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیەتی لە بوارە جیاجیاكاندا بەسەر ناوچەی قەوقاس (جۆرجیا، ئازەربایجان، ئەرمێنیا) و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (ئۆكرانیا، بەلكان) كە ڕێگای سەرەكین بۆ ئەم مەبەستە. ئەم فراونبوونەش بەتایبەتی لەو ناوچانەدا سەركەوتوو بووە كە پێشتر ڕوسیا لە سەردەمی یەكێتی سۆڤێتدا دەسەڵاتی بەسەردا هەبووە چونكە بوونی زمان و كولتووری هاوبەش لە نێوانیاندا زیاتر لێكنزیكبونەوەی دروست كردووە. مەبەستی سەرەكیش لە تەوقكردنی ئەوروپا بەم شێوەیە نانەوەی دووبەرەكییە لە نێوان وڵاتانی ئەوروپاداو هەروەها ناچاركردنی ئەوروپایە بە كڕینی گازی سروشتی لە ڕوسیا كە ئەمەش وا لە ئەوروپا ئەكات كە زیاتر وابەستە بێت بە ڕوسیاوە. 

ئەو بۆریە گازانەی كە ئەمڕۆ بەكاردەهێنرێن بریتین لە خەتی یامال، نۆرد ستریم، خەتی ئۆكراین وە هەروەها هێڵێكی نوێ (TAP) كە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایەو بەقەوقاس و توركیادا تێدەپەڕێت. لە سەرەتادا مەبەستی ئەوروپا لە هێڵی TAP ئەوەبوو كە كەمتر ببەسترێتەوە بە گازی سروشتی ڕوسیاوە بەڵام ڕوسیا ئەم هەلەی زیرەكانە بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستەوەو توانی ببێتە بەشێك لەو پرۆژەیەش. ڕوسیا بەهێزبوونی خۆی لە ناوچەكانی قەوقاس و سوریا وە ناچاركردنی ڕۆژئاوا بە كشانەوەی سیاسی لەو ناوچانەداو دۆخی نوێی نێوان ڕوسیاو توركیا (بە تایبەتی بە هۆی ئەو هەڵەیەی كە توركیا كردی بەرامبەر بە ڕوسیا بە خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ڕوسی كە توركیای ناچاری جۆرە تەسلیمبونێك كرد بەرامبەر بە ڕوسیا) هەموو ئەمانەی وەكو كارتی فشار بەرامبەر بە توركیا كارهێنا تا بتوانێت شەراكەتی خۆی لە هێڵی TAP مسۆگەر بكات.

سەرەڕای ئەمەش ڕوسیا توانیوێتی توركیا ناچاربكات بە واژووكردنی گرێبەستی كڕینی چەكی S400 كە مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. 

ئەم پەیوەندییە نوێیەی ڕوسیاو توركیاش گرنگی ناوچەی قەوقاس و توركیای زیاتر كردووە بۆ ڕوسیا. بێگومان ئەم هەلەش لەلایەن توركیاوە قۆزراوەتەوە لە كاتێكدا كە ئەم وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گۆشەگیر كراوە لە لایەن ئەوروپاو ئەمریكاوە بە تایبەتی دوای ئەوەی كە سوپاكەیان بە تەواوی كەوتۆتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆردوگانەوە كە ئەیەوێت وەكو سەركردەی نوێی ئیخوان موسلمین ڕۆڵ ببینێت. 

بەدەرلەوەش زۆرینەی ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا و فەرەنسا توركیایان قبوڵ نییە وەكو ئەندامێكی ئەو یەكێتییە، چونكە پییان وایە كە ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ گەشەسەندنی ئیسلام لە ئەوروپادا بەو پێیەی كە توركیا دەتوانێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانەكەی ببێتە خاوەنی ژمارەیەكی زۆری كورسیەكانی ئەو پەرلەمانە. بۆیە توركیا ناچارە كە بە پێی توانا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ڕوسیادا پتەو بكات. 

ڕوسیا لە نێوان هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر و ئەو ئاستەنگییانەی دێنە پێشی!
گازی سروشتی لە ئێستادا بەهێزترین چەكی ڕوسیایە بەرامبەر ڕۆژئاوا وە جگە لەوەی سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی ئابورییە بە سەرچاوەیەكی گرنگتری دەسەڵاتیش دائەنرێت بۆ ئەو وڵاتە. ڕوسیا دڵنیایە لەوەی كە ئابوری ئەوروپا بە تەواوەتی هەرەس دەهێنێت ئەگەر بێتو بورییەكانی گواستنەوەی گاز دابخرێن چونكە لە ڕابردوودا كاربۆن و نەوت لە ئەوروپاو چین وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی ووزە بەكاردەهات لە كارگەكاندا بەڵام لە ئێستاداو وەكو بەشێك لەو هەوڵانەی دراوە بۆ كەمكردنەوەی ژەهراویبوونی ژینگە گازی سروشتی ئەم ڕۆڵە دەبیبێت. جگە لەوەی ڕوسیا ئەم گرنگییەی گازی سروشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەهێزكردنی پێگەی سیاسی خۆی لە ناوچەكەدا بەكارهێناوە، هەر ئەمەشە بۆتە هۆكارێك بۆ ساردبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا وە لە كۆبونەوەی ناتۆدا لە بەرواری

۱۱ـ۷ـ۲٠۱۸ دا دۆناڵد ترامپ ئەڵمانیای تۆمەتبار كرد كە كۆنتڕۆڵی وڵاتەكەی بە تەواوەتی داوەتە دەست ڕوسیا و بە حەیفی زانی كە ناتۆ پێویست بكات بیپارێزێت. 

جگە لەوەش یەكێتی ئەوروپا لە ئێستادا دوبەرەكی تێدا بەدی دەكرێت، بە دەرچوونی بەریتانیا لەو یەكێتییە و دروستبونی فراكسیۆنی جیاجیا تیایدا بە شێوەیەكی بەرچاو ئەو یەكێتیە لاواز بووە. ئەندامانی وەكو ئیسپانیا، یۆنان، ئیتاڵیاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بونەتە زەختێكی زۆر بۆ سەر ئابوری یەكێتی ئەوروپا و هەندێكیان تەنانەت دوچاری قەیرانی قووڵی ئابوریش بونەتەوە. بەشێكیشیان جگە لە باری خراپی ئابوری بەدەست كێشەی وەكو نەبونی ژێرخانێكی بەهێزو زۆری گەندەڵیەوە دەناڵێنن، ئەمەش وای كردووە كە وڵاتانی ئەندام سیاسەتی تاكڕەوانەی خۆیان پەیڕەو بكەن لەبری سیاسەتێكی هاوبەش. 

ئەم لاوازبوونەی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئەمریكای سەلماند كە پێویستە لەمەودوا بە سیاسەتێكی سەربەخۆو بەبێ ڕاوێژكردن بە ئەوروپا لەگەڵ ڕوسیا بگاتە دانوستان كە لە ئێستادا بە توندڕەوترین زلهێزی ناوچەكە هەژماردەكرێت لە بوارەكانی بازاڕی ئازاد و تاكی ئازاد كە ئایدۆلۆژیای بنەڕەتی ڕۆژئاوایە. 

بە شێوەیەكی گشتی ئەمریكاو ئەوروپا هەوڵی سنوورداركردنی دەسەڵاتی ڕوسیا دەدەن ئەمەش لە ڕێگای گرێبەست و ڕێككەوتنی نوێوە وە لێرەدایە كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاس ئەتوانن ڕۆڵێكی بەرچاو ببینن. لای ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا ڕوونە كە دەسەڵاتیان بەسەر قەوقاستدا نەماوە بەهۆی جوگرافیای ستراتێژی ڕوسیاو سیاسەتی نوێی توركیا بۆیە دەیانەوێت تەركیزی زیاتر بخەنە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بوارەدا،  بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی دوورخستنەوەی ڕوسیا دەدەن لە ئێران كە بە بۆچونی ڕۆژئاوا بە یەكێك لە گەورەترین مەترسیەكانی سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لە بوارەكانی ئابوری و نەوت و گازو پاراستنی ئیسرائیل و هتد.. هەربۆیە ئەمریكا دەیەوێت ئێران ناچار بكات كە خۆی بات بەدەستەوە یاخود بە تەواوەتی بیڕوخێنێت و بەو شێوەیەش ناوچەیەكی ستراتیژی فراون لە نێوان ئێران و میسر دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و هاوپەیمانانی. ئەمەش دەبێتە ڕێگایەكی نوێ بەرەو ڕۆژئاواو ڕێگرییەك دەبێت لە زیاتر گەشەسەندنی دەسەڵاتی ڕوسیا. 

لە هەمان كاتدا ئەمریكا دەستبەرداری قەوقاس و توركیا بووە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێگای بۆ ڕوسیا خۆشكردووە كە دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچەیەدا فروان بكات. لە بەرامبەریشدا ڕوسیا پیشانیداوە كە ئامادەیە خۆی لە ئێران دووربخاتەوە كە ئەمەش بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێت كاتێك لە بەرامبەر هێرشە یەك لە دوای یەكەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەكانی ئێران لە سوریا بێدەنگی هەڵبژاردووە. ئامانجی ڕوسیا دوورخستنەوەی ئێرانە لە سووریا بەڵام ئەیەوێت لە پێشاندا وەكو كارتێك بۆ دانوسان لەگەڵ ئەمریكادا بەكاریبهێنێت .

ئایا ئەمریكاو ڕوسیا لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی دەسەڵاتەكانیندا دەتوانن چی ببەخشنە یەكتر؟ 

ئەمریكا ئەتوانێت دەستبەرداری پشتیوانییەكانی ببێت بۆ قەوقاس و چاوپۆشی لە داگیركاری ڕوسیا بكات لە ئۆكرانیا. لە هەمانكاتیشدا دەستبەرداری پشگیرییەكانی حوكمەتەكەی بێت بۆ توركیا وە پشتگیری بكات لە حوكمەتەكەی ئەسەد تا جارێكی تر سوریا متمانە بەدەستبێنێتەوە لە جامیعەی عەرەبیدا. 

ئەوەی كە لە ئەجێندای ڕوسیاشدایە ئەوەیە كە دەسەڵاتی خۆی فراوان بكات لە توركیاو قەوقاسدا، متمانە بۆ ڕژێمەكەی ئەسەد دروستبكاتەوە لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا وە هەروەها جۆرە قبوڵكردنێك وەرگرێت لەلایەن ئەمریكاوە بۆ داگیركارییەكەی لە ئۆكرانیادا.  ئەوەی كە ڕوسیاش لە بەرامبەردا ئەتوانێت بیبەخشێتە ئەمریكا، دەستبەرداربوونێتی لەئێران. 

وەكو دەبینرێت ئەم دوو زلهێزە ئەتوانن بگەنە ڕێكەوتنی نوێ كە لە بەرژەوەندی هەردوولایاندا بێت. وە پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئایا ڕۆڵی كورد وە هەڵوێستی ئێران و توركیا چی دەبێت لە بەرامبەر ئەم ئەگەرە نوێیانەدا؟ كە لە بەشی سێهەمدا باسی لێوە دەكەین.

سامان گەرمیانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی