ناتوێژەریی

19/01/2019

پەیکەر عوسمان

- توێژەری ئێمە، لەبری ئەوەی شۆڕبێتەوە بۆ ناو ڕەگ و ڕیشەی دیاردەكان بەمەبەستی "توێژینەوە"، بەرزئەبێتەوە بۆ سەروی ئینسانەكان بە مەبەستی "نەسیحەت"!

ئیتر ناتوانێ ببێتە خاوەنی فیكرو تێزو تێگەیشتنی خۆی بۆ دیاردەكان، ئیتر ناشتوانێ ببێت بە خۆی و خۆیمان پێ بناسێنێت، بۆیە خەریكی ناوهێنانی توێژەری بیانییەو ئەوانمان پێئەناسێنێ!

- نەسیحەت نزمترین ئاستی هۆشیارییە، چونكە كەرترین ئینسانی كۆمەڵگا ئەتوانێ و ئەزانێ نەسیحەتی ئەوانیتر بكات، كەچی ئێمە هەرئەونەی دوو كتێب بخوێنینەوە، یەكسەر ئەكەوینە نەسیحەتكردنی ئەوانی تر!

ئاخر لادەرترین كەسی كۆمەڵگا ئەتوانێ بەوانیتر بڵێ ڕێك بن، دزترین ئینسان ئەتوانێ بەوانیتر بڵێ مەكەن دزی عەیبە.

- نەسیحەت شتێكی كۆنە، ئینسانەكان ئەوەتەی هەن نەسیحەتی یەكتری ئەكەن، نەسیحەت "باو"ێكی كۆمەڵایەتییە، ئینسانەكان بەردەوام لە دۆخی نەسیحەتكردنی یەكتریدان؛ دایك و باوك نەسیحەتی مناڵ، مامۆستا نەسیحەتی تەلەبە، مەلا نەسیحەتی باوەڕداران، گەورە نەسیحەتی بچوك..

ڕۆشنبیریش عادەتەن نوێگەرەو لەسەر خەتی باریكی دژەباوە، نەك خەتی پانی باو، ئەو خۆی نابێت بە بەشێك لە دیاردەكان، بەڵكو دیاردەكان ئەبن بە كەرەستەی توێژینەوە بۆ ئەو. 

مەسەلەن توێژەری كۆمەڵایەتی، لەبری ئەوەی ببێت بە یەكێك لە نەسیحەتكەران، دێت توێژینەوەیەك ئەكات لەسەر خودی "نەسیحەت" وەكو دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی!

- زۆری نەسیحەتكەران یەكێكە لە نیشانەكانی كۆمەڵگای دواكەوتوو! ئاخر كۆمەڵگای پێشكەوتوو بۆیە پێشكەوتووە، لەبەر ئەوەی ئینسانەكانی بەگەڕخستووە، ئینسانی بەگەڕكەوتووش نە كاتی ئەوەی هەیە نەسیحەتی خەڵك بكات، نە كاتی ئەوەی هەیە گوێ لە نەسیحەت بگرێ!

ئینسانی بەگەڕكەوتوو تەنیا نەسیحەتی خۆی ئەكات، بەوەی كە چۆن كارەكەی بە باشی بكاو چۆن ئەو كاتەی كە ئەمێنێتەوە سودی لێوەرگرێت. 

مەسەلەن ئەمریكییەك نایەت نەسیحەتی ئەوانیتر بكات كاری خۆبەخش بكەن، بەڵكو خۆی دوای كارەكەی یان دوای تەقاعود ئەچێ ئەیكات، بەڵام ئینسانی شەرقی خۆی كاری خۆبەخش ناكات بەڵكو بەویتر ئەڵێ بیكات، بە گشتی نەسیحەت قۆناغی پێش بەگەرخستنی تاكە.

- سیستەمی خراپ فەزای لەباری فریادڕەسە، نەسیحەتیش چەكی فریادڕەسە، فریادڕەسیش لە وەهما شتێكی زەخمەو زۆر شتی پێئەكرێت، بەڵام لە واقعا تەنیا یەك شتی پێ ئەكرێ و تەنیا یەك شت ئەكات، لێخوڕینی ئەوانەی كە بۆی ئەنوشتێنەوە.

فریادڕەسی منو تۆ، منو تۆین، نەك ئەو.

- ئەگەر كایەی ڕۆشنبیری بتگەیەنێت بە نەسیحەتكردنی ئەوانیتر، یەعنی ئەتگەیەنێت بە هیچ، چونكە تۆ لە دەرەوەی ئەو كایەیەش، ئەتوانی هەمان شت بكەیت!

كاری توێژەری كۆمەڵایەتیش توێژینەوەی كۆمەڵایەتیە نەك نەسیحەتی كۆمەڵایەتی، خۆ ئەگەر كارەكەی نەسیحەتبووایە ناوی توێژەر نەئەبوو، ناوەكەی ئەبوو بە نەسیحەتكەری كۆمەڵایەتی.

پەیكەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی