ئەگەر ئێران كەوت چی

19/01/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

ئایە جگە لە رێگەی سەربازی و  توند و تیژی رێگەیەكی تر نیە بۆ گۆڕینی رژێمەكان ،ئایە گۆڕینی رژێمەكان لە رێگەی سەربازی و بە هێرشی دەرەكی چارەسەرە ، ئاخۆ ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكانن ، دەتوانن دەسەڵاتێكی باشترو سیستمێكی نوێ‌ پێشكەش بكەن ، ئەزمونی گۆڕینی رژێمە عەرەبیەكانی لیبیا ، میسر ، عیراق ، سەركەوتوو بون یان لە ستەمكاری یەوە بەرەو گێژاو ئاراستەكران .
وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە زۆر گرنگن بۆ ئەوانەی توێژینەوە لە كەوتنی هەرڕژێمێكی ئەم ناوچەیە دەكەن ، ئەوەشمان بیر نەچێت كە یەمەن و سوریا دوو نمونەی زۆر خراپترو وێرانترن لە نمونەكانی لیبیا ، میسر ، تونس ، عیراق ، دواتر بۆ كورد زۆر گرنگە پرسیاری ئەوە بكاات چی لە كەوتنی ئێران دەستدەكەوێت ، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە كورد لە ئێرانی ئیسلامی شیعی رازی بن، بە تایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان ، كە تا ئێستا لە سەر جیاوازی بیرو ڕا لە سێدارە دانی تیا پیادە دەكرێت و بواری ئازادی سیاسی نادرێت و ستەمكاری دەرهەق بە كورد هەیە ، ئەوە جگە لەو بارو دۆخە ئابوریە سەختەی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت و پێشتریش زۆرێك لە نوێنەرەكانی كورد لە پارلەمانی ئێرانی باسیان كردووە ، بۆ نمونە من چەند دیدارێكی رەوانشاد بەهادینی ئەدەبم لەو بارەیەوە بینیوە .
جمهوری ئیسلامی ئێران ، بەرهەمی خەبات و ململانێیەكی سەخت و درێژی خومەینی و هاوڕێبازەكانێتی كە هەر لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوەوە درێژدەبێتەوە تا كەوتنی شا لە ساڵی 1979 " شا 16-2- 1979 " ئێرانی بەرەو قاهیرە بە جێهێشت ،بەڵام خومەینی و هاوڕێكانی كە ملیۆنان كەسیان لە گەڵ بوو ، لە دوای هاتنە سەر كورسی دەسەڵات نەتوانیتیان هەموو خەڵكی ئێران رازی بكەن ، نەویستیان ، توانینەكە بەشێكی زۆری پەیوەندی بە بیر كردنەوەو ئایدۆلۆژیای ئاخوندەكانەوە هەیە ، ویستەكە خۆی لە دورخستنەوەی موجاهیدنی خەلق ، و هێزە ئۆپۆزسیۆنە كوردیەكاندا دەبینێتەوە ، بەتایبەت تیرۆری هەردوو سەركردەی كورد عەبدولرەحمانی قاسملوو، شەرەفكەندی ، جگە لە لەسێدارە دانی بەردەوامی ئازادیخوازان ، كە ئێران بە ئازادیخوازیان نازانێت و بیری دەچێت شا لە شەستەكان و حەفتاكاندا دا چۆن ئازادیخوازانی كوشت و بڕ دەكرد لە كاتێكدا ئەو دەم خومەینی كە نازناوی بتشكێنیان لێنابوو ، دەیگوت " هەمیشە لایەنگری لاوازەكان و دوژمنی ستەمكاران بن " .
لێرەدا قسە لە سەر كەوتنی ئێران دەكەین نەك گێڕانەوەی مێژوو ، جمهوری ئیسلامی ئێستا لە بەردەم هەڕەشەی ئەمەریكادایەو هاوپەیمانەكانی ئەمەریكاش بەشێكیان بە دوو دڵیەوە سەیری بارو دۆخەكە دەكەن ، گریمان شەڕەكە ڕوویداو كۆماری ئیسلامی كەوت ، ئاخۆ كەس پێشبینی ئەوەی كردوە دوای ئەوە چی ڕوودەدات ، من بۆ خۆم ئومێدی ئەوەم هەیە حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات بە وردی لەو بارەیەوە توێژینەوە بكەن و نەكەونە ژێر كاریگەری سۆزەوە .
بینینی ئەزمونی عیراق و سوریاو یەمەن لە ناوچەكە زۆر گرنگە ، ئاخۆ رێگەی تر نیە ، ئەمە پێویستی بە هەڵوەستەیە ، لە راستیدا ئەمەریكا سەركەوتو نەبووە لەوە دا كە رژێمی دیموكرات و خۆخاوەن و لێبوردە لە جێی رژێمە كۆنەكان دابنات، بۆ نمونە لە عێراق .
ئاخۆ گۆڕینی ناتوندو تیژی لە بەرژەوەندی هەموولایەك نیە ، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە ناكرێ‌ بیری لێنەكەینەوە ، خوێنی شەهیدەكانی ساڵی رابردوی كۆیەش هەر ئەوەمان پێدەڵێن لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی