با لایەنە ناشیرینەكەی بەفریش ببینین

20/01/2019

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

بێ بەرگییە عیللەت كە هەتیو مەیلی هەتاوە
نالی
لە ماوەی پێشوودا لە تەواوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكانی كوردستان، هەر باس باسی بەرفربارین. بە دڵنیاییەوە بەفربارین بۆتە مایەی خۆشحاڵی بۆ زۆربەمان بەتایبەتی بۆ منداڵان كە خۆشییەكی زۆری تێدا دەبینن.  بەڵام لەگەڵ لایەنە جوان و سپییەكەیدا، با لایەنە ناشیرینەكەشی ببینین. بەتایبەتی بۆ خەڵكی هەژار و ئاوارە، بەفر ناشیرینترین و بارگرانیی و میوانێكی تەواو رەزا قوورسە، چونكە لە كاتی بەفر باریندا، مەینەتییەكانی ئەوان زیاتر دەبێت.

پێدەچێت بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان ، بەرفربارین و بەرگە سپییەكەی، وێنەیەكی جوان و گەشاوەو مایەی خۆشحاڵی بێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لەلایەكەوە بەهۆی بوونی ئاوارەیەكی زۆر ، لەلایەكی تریش بەهۆی ئەوەی كە رێژەیەكی زۆری خەڵكی ئەم وڵاتە هەژار و كەمدرامەتن، زستان بەفربارین و سەرما، مایەی ناخۆشییە بۆیان. بەداخەوە هەتاوەكو ئێستاش ئێمە لە هەرێمی كوردستان و عیراق، هەمان سیستەمی كۆنمان هەیە و خەڵكی هەر پشت بە نەوت دەبەستێت. هێشتا نەمانتوانیوە سیستەمێكی گەرمایی باش لە ماڵەكاندا دابین بكەین، بۆ نموونە دابینكردنی سیستەمی شٶڤاج، كە لە هەموو جیهان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش پێڕەوی دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدا كە چ  عیراق و  چ هەرێمی كوردستانیش خاوەنی سامانێكی زۆری گازی سروشتییە. 

بەداخەوە چ لە  فەیسبووك و چ لە میدیاكانیش هەر لایەنە جوانەكەی بەفربارینیان پێ پیشاندان داین و كەمتر تیشكیان خستە سەر لایەنە  ناشیرینەكەی بەفر، كەبۆتە هۆی نەخۆشیی و  ساردی بۆ ماڵە هەژار  و ئاوارەكان. 

بەداخەوە هەتاوەكون ئێستاش حكومەتی هەرێم بە جددییەوە بیری لە مەسەلەی دابینكرنی نەوت نەكردۆتەوە،دابینكردنی سووتەمەنی، خاڵێكی زۆر گرنگە و ژیانییە بۆ خەڵكی، هەروەك چۆن نان و ئاوو گرنگە، نەوتیش لە زستاندا  بۆ خەڵكی زۆر گرنگە. هەتاوەكو ئێستاش زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەشە نەوتی وەرنەگرتووە، ئەمەش لەكاتێكدا ئەمساڵ زستانەكەی زۆر سەخت بووە، هەروەها ئەو بەرمیلە نەوتەش كە دەیدەن بەخەڵكی، بەراستی كەمە و بەشی پێداویستی زستانە درێژەكەی ئەم ساڵ ناكات. 
هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەوپەڕی جددیەتەیەوە بیر لە دابینكردنی نەوت بۆ هاوڵاتاییان بكاتەوە، چونكە ژیانی خەڵكی بەهۆی قەیرانی داراییەوە زۆر خراپ بووەو نەبوونی نەوتیش بۆ ئەم زستانە سەختە، هێندەی تر ژیانیان ئاڵۆز تر دەكات. 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی