كام بیركردنەوە دروست و ساغڵەمە؟

20/01/2019

جیهاد محەمەد

بیركردنەوە، چالاكییەكی بەردەوامی مێشكی مرۆڤە، پاڵنەری بیركردنەوە غەریزەیەكی خۆڕسكیانەیە لە مرۆڤدا، مرڤۆ بە بێ بیركردنەوە ژیانێكی تێكچوو و نالەباری هەیە، وەك هەموو ئەوانەی لە زكماكییەوە مێشكیان باش كار ناكات بۆ بیركردنەوە، یان ئەوانەی بە هەرچ هۆكارێك بێت تووشی تێكچوونی مێشك دەبن، ئیتر ناتوانن بیربكەنەوە، ئەگەر هەستیشیان هەبێت بیركردنەوەیان نامێنێت بۆیە حاڵ و ژیانێكی زۆر پەشێو و نالەباریان هەیە، ئەگەر كەسانێكی دڵسۆز یان نەخۆشخانەی تایبەتی نەبێت، وەك ئاژەڵیش ناتوانن بلەوەڕێن و خۆیان بپارێزن. 

بەڵام ئایا بیركردنەوەی مرۆڤەكانی هەموو گەلانی ئەم جیهانە، وەك یەك وایە؟ ئەگەر وایە، بۆچی گەلانێك هەن توانیویانە ژیانێكی بەختەوەرتر و باشتر لە گەلانی تر بۆ خۆیان دابین بكەن، گەلانێك هەیە بەردەوام بە دەست ژیانی ناهەموار و شەڕ و جەنگ و ئاژەوەی سیاسیی و كۆمەڵایەتیەوە دەناڵێن، گەلانێكیش هەن زۆربەی هەر زۆریان بە دەست نەبوونی و هەژارییەوە دەناڵێنن.

هەموو ئەو گەل و كۆمەڵگانەی توانیویانە خۆیان دەرباز بكەن لەو ئایدۆلۆژیە بەستەڵەكانەی مێشكی مرۆڤ دەخاتە قاوغێكی ڕەقەوە بیركردنەوەیەكی ساغڵەم و دروستیان هەبووە و تێگەیشتوون لەوەی ئەو ئایدۆلۆژیە بەستەڵەكەكان گەورەترین كێشەی ڕێكخراوبوونی ژیانیان بۆ دروست دەكات، ناتوانن لە ژێر سایەیی كولتوورێكی دواكەوتووی كۆمەڵلایەتیی و سیاسییدا هیچ جۆر بەختەوەرییەك و خۆشگوزەرانیەك بەدی بهێنن، ناتوانن مرۆڤبوون و خۆشەویستی بكەن بە بەردی بناغەی پێكەوە ژیان و خۆڕزگاركردن لە چەوساندنەوە و ستەمكاریی،بیركردنەوەكانیان، بیركردنەوەیەكی بوێرانە و ئازایانە بووە، بۆیە توانیویانە شۆڕش بەرامبەر بە بیركردنەوەكانی خۆیان و دەسەڵاتە ستەمكارەكان بەرپا بكەن و خۆیان دەربازبكەن لە زۆربەی نەهامەتی و كوێروەریەكانی ژیان، وەك گەلانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە گشتی. 

ئەو گەل و كۆمەڵگانەی داما و كۆیلەی دەستی بیركردنەوە ترادسوێن و كۆنەباوەكانی خۆیان و دەسەڵات و حكومڕانە ستەمكار و چەوسێنرەكانن، بیركردنەوەیان بیركردنەوەیەكی دواكەوتووی قەتیس ماو و پەنگەوەخواردووی گوماوی ئاو لەبەرنەڕۆشتووی سەدان ساڵەی میشكیانن. ئەم جۆرە كۆمەڵگە و گەلانەی وەك گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و عێراق و كوردستان گیرۆدەی عەقڵیەتە كۆنەباوەكەی خۆیانن بۆیە ناتوانن هیچ جۆرە ئازادی و ڕزگاریەك بەدەست بهێنن.

بیركردنەوەی ساغلەم و دروست لای هەرچ مرۆڤ و گەل و كۆمەڵگەیەك، ئەو بیركردنەوەیەیە، كە بتوانێت شۆڕش دژی بیركردنەوە كۆنەباوەكانی ناو مێشكی خۆی بەرپا بكات. ئەوسا ئاسانە بتوانێت شۆرش بەرامبەر دەسەڵاتە سیاسییە حكومڕانە ستەمكارەكان بەرپا بكات. 

جیهاد محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی