بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم (چوون) و (نەچوون)ـدا

21/01/2019

هادى حەمەرەشید

حیزب بۆ ئەوەی بچێتە هەر پرۆسەیەكەوە باشترین میكانیزمی سەركەوتنی بریتیی ئەبێت لە پشتگیریی ناوخۆیی، خۆ ئەگەر بەر لە هەر هێزێك ئەندامانی خۆی سەپۆرتیان نەكرد، ئیتر دەرئەنجامەكەی ڕوونە، بە چوار پەلی شكاوەوە، لەبری (چوون) (ئەیبەن) و لەبری نەچوون و ئۆپۆزسیۆن بوونیش(ڕێگای پێنادەن)!

تۆپ لەقاچی ئەوانیتردایە، ئەمیش تەنیا چاوەڕێی ڕووی كەرەم و مەرحەمەتیانە!

یەكێتی لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابدوودا، بەقەولی تاڵەبانی ((فیلی بە تەقلە لێئەدا)) نەك تەقلەش بەفیل، كەچی كە باری ناوخۆیی نالەباربوو، لەساتی چوونیان بۆ ناو گفتوگۆ(مفوچات) لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا، ئەوەندەی ئەندامانی خۆی دژیبوون لەو هەنگاوەدا، نە بەرەی جود و جەوقەد و نە نەیارە سەرسەختەكانیان پێیان نەكرا!

گفتوگۆ تێكچوو، یەكێتیش بەدەستی بەتاڵ لێی هاتەدەرەوە.

نوكتەیەك هەبوو لەو بارەیەوە; كۆمەڵێك لە كادیری ناوەندیی یەكێتی لەو ماوەیەی گفتوگۆدا ئەچنە ئەوروپا و ئەڵێن ئێمە جاشایەتی بەعس ناكەین و بڕوامان بەم پرۆسەیە نیە، كە ئەم كۆمێنتەیان بۆ كاك نەوشیروان ئەگێڕنەوە، ئەویش بە پێكەنینەوە ئەڵێ: ئێ ڕاست ئەكەن، ئەوان پێشمەرگایەتییان بۆ نەكرا، جاشایەتیی هەر ناتوانن!( دیارە ئەو چەند ساڵە ڕژێم جاشەكانی ئەبردە هێڵی پێشەوەی شەڕی ئێران_عێراق و باری سەرشانیان زۆر گران بوو، زۆریان لێ كوژرا و بەدیل گیرا، لەچاو پێشمەرگایەتییدا كە موڕیحتر بوو)

گۆڕان لە ماوەی چەند مانگی دوو هەڵمەتی بانگەشەدا، بەهاری هێنابووە ئەژنۆ، كە پاش هەڵبژاردن بەخێرایی چاكسازیی ناوخۆیی ئەكەین، كۆنفرانسی نیشتیمانیی و نوێبوونەوە و پێكهاتنی ڕەگەزە جیاواز و ناكۆكەكان دەستەبەر ئەكەین، گرد و میدیا ئەگێڕینەوە بۆ گۆڕان و...تاد

وا هەردوو هەڵبژاردن تەواو بوو، جگە لە پێكهێنانی لیژنەی باڵای كۆنفرانس و دیارییكردنی ناوی لیژنە لاوەكییەكان، بەبڕیارێك و قودرەتی قادر، هەموو شتێك ڕاگیرا و كۆنفرانسی گشتییان سپارد بە نادیار و ئەشعاری ئاخر!

گۆڕان لەخراپترین باردایە، هەموو فیلێكی بێ ئەزموونیش تەقلەی پێ لێئەدات، دامودەزگا و ژوور و مەكۆ و میدیاكەی لە وێرانە وێرانەترن، كەچی بەهیوایە لە ڕێگای كۆمەڵێك (بەڵێندەری سیاسیی)ـەوە دۆخی وێرانەی كوردستان بگۆڕێت!

چوون و نەچوون ئامادەكاریی ناوخۆیی ئەوێت كە گۆڕان بۆ هیچ بژاردەیەكیان خۆی ئامادە نەكردووە، لە ئێستادا ڕەهینەی كۆمەڵێك كەسە كە بە توندیی بەرەو حكومەتی ئەبەن، هەموو هێلكەكانی لەسەبەتەی چووندایە، بۆیە تەنانەت بە نەچوونیش خۆكوژیی ئەكات، لەلایەك ناوخۆی حیزبیان بۆ هیچ ئۆپشنێك ئامادە نەكردووە و دڵسۆزترین هەڵسوڕاو و پشتیوانانیان بێ ئومێد كردووە، لەلایەكیتریشەوە كۆمەڵێك تووشی دڵڕەنجان ئەكەن كە بەڵێنی پۆستیان پێدراوە و بۆ پۆست تا ئێستا ماونەتەوە!

ئەوەش ڕوونە بە (چوون)ـیش ملی كامە ڕێگا ئەگرن، حكومەتێك كە لە هەولێر هەموو ئەندام ناوچە و لقێكی پارتی هەمەكارەن، پاراستن و (برا گەورە) حكومەت بەحیزبییتر ئەكەن و لە سلێمانییش هەموو ئەندام كۆمیتە و مەڵبەندێكی یەكێتی بڕیاردەری سەرەتا و كۆتایین لەرێگای چرای سەوزی ماڵباتی تاڵەبانییەوە!

حكومەتێك كە ململانێی پارتی و یەكێتی، زۆنی سەوز و زەرد، لە سەوزدا ململانێی باڵی مام و ماڵی كۆسرەت لە لایەك و پێشبڕكێی ئامۆزاكان(مناڵەكانی شێخ جەنگی و كوڕانی مام)، چەكوشەكانی شاناز و فشارەكانی ماڵی برایم ئەحمەد، لە زەرددا ململانێی جووت ئامۆزا و پێكدادانی میدیایی و تەنانەت ئەگەریتریش لە گۆڕێیە!

لەوەها دۆخێكدا، ئیمكانی چی هەیە بۆ گۆڕان؟! لە پەرلەمان هاوكێشەكان چۆنن؟! حكومەت و پرسی چاكسازیی و گۆڕانكاریی لە سیستمدا بەرەو كوێ ئەبرێت؟!

ڕەنگە باشترین كارێك كە پێی بكرێت; ناو بە ناو دیل بە دیل بۆ كادیرەكانی پارتی و یەكێتی ڕێكبخات لە هەردوو زۆندا!

هادی حەمەرەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی