ئەمریكا لەسوپاسەوە بۆ نەعلەت، لەڕزگاركەرەوە بۆ داگیركەر

21/01/2019

شێرکۆ کرمانج

قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام بەكورتی، تازە تەماشای بەرنامەی GPS م دەكرد لە CNN كە لەلایەن ئەكادیمی و ئەستوننوس فەرید زەكەریا پێشكەش دەكرێت. فەرید لە بەرنامەكە گفتوگۆی لەگەڵ Aaron Sorkin شانۆنوس و دەرھێنەری ئەمریكی دەكرد. ئەوان باسیان لە حاڵی ئەمریكا لەناوخۆ و دەرەوە دەكرد. ئارۆن وەك ڕەخنەگرێك و دیموكراتێك ڕەخنەی لە ترەمپ و كۆمارییەكان دەگرت و گوتی ئێمە دیموكراتەكان دەبێت ئەمریكا بگێڕینەوە بۆ ئەو ئەمریكایەی كە لە جیھاندا ڕێزی لێ دەگیرا. ئەو گوتی بابم لە شەڕی دووەمی جیھانی سەرباز بوو، وەك سەربازەكانی دیكە نەوەی خۆی بابم كەم باسی چیرۆكەكانی شەڕی بۆ ئێمە دەكرد بەڵام جارجار باسی ئەوەی دەكرد كە ئەوان كاتێك دەچووین بۆ ھەر گوندێك لە ئەوروپا خەڵكەكە بە گەرمی پێشوازیان دەكردین و دەیانگوت "سوپاس بۆ خوا ئەمریكیەكان لێرەن". مەبەستی ئارۆن ئەوەبوو كە ئەمریكییەكان ئەوكات وەك ڕزگاركەر دەبینران نەك داگیركەر وەك نازی و فاشیستەكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا...

ئارۆن گوتی دەبێت ئەمریكا بگێڕینەوە بۆ ئەو ڕۆژانە كە وەك ڕزگاركەر ببینرێت نەك داگیركەر، كە ئێستا وا نیە...

داخۆ ئەمریكا دەتوانێت ببێتەوە بەو ھێزەی كە سوپاس بكرێت و وەك ڕزگاركەر ببینرێت ئەوە پرسیارێكی دیكەیە.

ئێمە وەك كورد لە سی ساڵی ڕابردو لانیكەم دووجار سوپاسی ئەمریكامان كردوە. یەكەمیان، كاتێك كە لە ١٩٩١ بە ھانامانەوە ھات و ناوچەی ئارامی دامەزراند كە ئەزمونی ھەرێمی لە باشور لێكەوتەوە. دووەمیان، كاتێك لە كۆبانێ بە ھانامانەوە ھات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش كە ھۆكاری ھەرە سەرەكی نەشكانی كورد بوو لە كۆبانێ و دواتریش لە ڕزگاركردنی تەواوی ناوچە كوردیەكان كە دامەزراندنی ئەزمونی ڕۆژاڤای لێكەوتەوە.

داخۆ ئەمریكا لە پشتیوانی كورد بەردەوام دەبێت و دەبێتە ئەو ھێزەی كە وەك جاران سوپاس بكرێت نەك بەنەعلەت بكرێت ئەویش پرسیارێكە كە وەڵامەكەی ئاسان نیە... 

یەك شت ڕونە كە تا ترەمپ لەسەر حوكم بێت ئەو ترسە ھەیە بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە كە ترەمپ پشت لە كورد دەكات بەڵكو مانای ئەوەیە كە زەحمەتە پێشبینی بڕیارەكانی ترەمپ بكرێت لەبەر كەسایەتی ترەمپ كە ئەنپریدیكتەبڵە، واتە قسەو بڕیارەكانی چاوەڕوان نەكراون. دەبێت ئەوەش بزانین كە چاوەڕوان نەكراوی بە ڕووە باشەكەشی ھەر چاوەڕوانكراوە.

ھاتنی دیموكراتەكانیش كە بە قسەی خۆیان دەیانەوێت ئەمریكا بكەنەوە بە ڕزگاركەر مەرج نیە لەبەرابەر كورد و پشتیوانی لێكردنی باشتر بێت چونكە بەگشتی ھەڵوێستی كۆمارییەكان بەرابەر بە توركیا توندترە.

بەھەرحاڵ تەنیا زەمەن وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە.

شێركۆ كرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی