موعارەزەی پۆست پۆپۆلیزم

21/01/2019

پەیکەر عوسمان

لە خراپترین دۆخیشدا، هێشتا هەموو شتەكان هەڵەنین، هێشتا بەشێكی شتەكان هەر ڕاستن، لەو تۆزە ڕاستەشەوە ئەكرێ دەستی یەك بگرین و شتەكان چاكبكەینەوەو هەستینەوە!

بەڵام لە دۆخی یەكترقبوڵنەكردن و لە سەقافەتی یەكترسڕینەوەدا، ئیتر (هەموو شتەكان هەڵەن) ئیتر خاڵێكیش نیە لێوەی دەستی یەكبگرین و شتێك چاكبكەین، ئیتر قەتیش هەڵناسینەوە.

ئیتر تۆ كۆبیتەوە هەڵەیە، كۆشنەبیتەوە هەر هەڵەیە. بەشداری بكەیت هەڵەیە، بایكۆتیش بكەیت هەر هەڵەیە. بەڵێ بكەیت هەڵەیە، نەخێریش بكەیت هەڵەیە. قسەبكەیت هەڵەیە، بێدەنگیشبیت هەڵەیە. بچی بۆ بەغدا هەڵەیە، نەشچی هەر هەڵەیە. بچیتە حكومەت هەڵەیە، نەشچی هەر هەڵەیە.. 

ئیتر تۆ هەرچی و هەرچۆن بكەیت بە نیسبەت منەوە هەر هەڵەیەت و هیچ لە مەسەلە ناگۆڕێ، چونكە من پێشوەخت و پێش چی و چۆنەكە، خۆتم ڕەتكردۆتەوە!

نەوشیروان لە ڕێگەی پێشوازی بەردەوام لە وەفدەكانی یەكێتی و پارتی و سەردانەكانی بۆ سەری ڕەش و دەباشان، ئەیویست پێمانبڵێ، دوای ململانێ و هەموو شتێك دواجار كارەكان پێكەوە ئەكرێن، بەڵام ئێمە ئەومان وەكو گرندایزەر ئەویست! ئەومان بۆ ئەوە نەبوو بە ناتوندوتیژی و لەگەڵ ئەوانیتردا پێكەوە دنیاكە باشتر بكەن، ئەومان بۆئەوەبوو لە شوێنێكا توڕەبێ و دنیاكە ژێرەوژووركاو شتەكە بە توندوتیژی یەكلابكاتەوە. بۆچی؟

ئێمە پارتیمان وا ئەوێت ئەوانیتر قووت بداو یەكێتیمان وا ئەوێت وەكو هەشتاكان گونی گوندار دەربێنێ و پەكەكەشمان وا ئەوێت لە هەر چوار پارچە تەواوی هێزەكانی تر مەحف بكاتەوە. بۆچی؟

سەیركە جگە لە یەكگرتووەكان كەس موعجیب نیە بە سەڵاحەدین بەهادین، كەچی خەڵكێكی زۆر ئیسلامییش نین و موعجیبن بە مەلا كرێكار. بۆچی؟

یەكێتییەكان زیاتر كەیفیان بە پاڤێڵ دێ وەك لە قوباد، پارتییەكانیش زیاتر هیوایان بە مەسرورە تا نێچیر. بۆ؟ یان لاهور ڕەنگە بەكەڵكی ئەندام كۆمیتەییش نەیەت، كەچی ڕەقەمێكی گەورەیە. بۆ؟

عومری سەی عەلیش خۆ قەزیەكە هەر كێشەی ناوخۆی حیزب و پاشەكشێ گۆڕان نیە كە كابرا مەرغوب نیە، ئەوانەش نەبێ ئەو فەقیرە هەر مەرغوب نیە. بۆ؟

چونكە سەقافەتی باوی ئێمە، سەقافەتی یەكترسڕینەوەیەو یەكترسڕینەوەش عەنتەرو شەقاوەی ئەوێ، نەك نەرمونیانی و پشوودرێژیی.

چونكە سەقافەتی باوی ئێمە سەقافەتی خێڵەو خێڵیش پاڵەوانی ئەوحەدی ئەوێ، نەك تیم و كاری پێكەوەیی.

سەیركە پارتی و گۆڕان كۆئەبنەوەو خاڵی هاوبەشیان هەیە، شتەكە بووە بە كێشە، لەكاتێكا ئەوە حاڵەتە نۆرماڵەكەیەو ئەگەر وانەبێ كێشەیە!

یان یەكگرتوو موعارەزەیەو لەگەڵ بارزانیش كۆئەبێتەوە، ئەمە بووە بە عەیبە، لەكاتێكا ئەوە ئاڕاستە دروستەكەیەو ئێمە لە موعارەزەییشدا هەر تەواوكاری ئەوانیترین نەك دوژمن.

گرنگە نەوەی نوێش تێبگات كە سیاسەت ڕەش و سپی و شەیتان و فریشتەو دابەشكردنی دنیا نیە، نە كۆبونەوەو بەشداری ئەوانیتر ئەكات بە شەیتان. نە كۆنەبوونەوەو موعارەزەییش نەوەی نوێ ئەكات بە فریشتە.

هەموومان لە یەك دنیاداین و هەمووشمان لە باش و خراپدا پشكمان هەیە. 

پارتی و یەكێتی بەو هەموو فەسادو فەزاحەتەوە، هێشتا بڕێك لە ڕاستییان لایەو هیچیش بەبێ ئەوان ناكرێ! 

ئەوانیتریش بەو هەموو بێدەسەڵاتییەوە، هێشتا بڕێك پۆخڵەوات و بەرپرسیارێتی دۆخەكەیان بەر ئەكەوێ.

ئێمە ئەبێ پاساو بدۆزینەوە بۆ دانیشتن و كۆبونەوەو بە زەڕەبین بۆ هاوبەشی بگەڕێین، نەك ئەوەی دانەنیشتن و كۆنەبوونەوەو نەبوونی هاوبەشی بكەین بە ئینجازی سیاسیی!

ئەگەر كارێك بكرێ بە هەمووان ئەكرێ و هەمووانیش لە هاوبەشییەكانەوە ئەتوانین دەستی یەك بگرین، نەك ئەوەی هەموو شت بە هاوبەشییەكانیشەوە ڕەتبكەینەوە كە ئیتر هیچ ناكرێ، ئەم هیچەش وەكو كردەیەكی سیاسی گەورە بفرۆشینەوە!!

ئێوەی بە تەبیعەت موعارەزە، هاوشێوەی پشتیوانی پێشترتان بۆ گۆڕان، بۆ پشتیوانی نەوەی نوێ ناكەن، كە ئێستا موعارەزەیە؟؟ ئەم پرسیارەم زیاد لە جارێك بۆ هاتووە، پێوابێ جوابدانەوەی لەگەڵ ئەم نوسینەدا دێتەوە!

زۆر بە سادەیی، چونكە من پشتیوانی مۆدێلێكی تری موعارەزەم، مۆدێلی گۆڕان و حەڤدەی شوبات، بۆ كاتی خۆی گرنگبوو، بۆ ئێستا بابەتی تێپەڕاندنە. نەوەی نوێش لە مۆدێلی گۆڕاندا لە خودی گۆرانی بردۆتەوە، بەس كێشەكە ئەوەیە ئەو مۆدێلە بەسەرچووەو وەكو وایە ئەسپێكی دۆڕاوی بردبێتەوە!

گۆڕان كە هات بە موزایەدەو پۆپۆلیزم و كۆنە گەندەڵ و داروبەردەوە قبوڵمانبوو، چونكە شتەكە تازەبوو، بەڵام سونەتی حەیات وایە، كە ئەمە بەس بۆ یەكەمجار وایە، بۆ جارەكانی تر ئیتر بە مەرج و مواسەفات موعارەزەمان ئەوێ نەك بە گۆترە. نەوەی نوێش ئەبێ سەعییەكی باشتر بكاو بە هەمان جوابەكانی دە ساڵ لەمەو پێشی گۆڕانەوە لە ئیمتیحانی ئێستا دەرناچێ.

وەكچۆن بەشداری گۆڕان و هەر حیزبێك، ئەبێ بۆ جێكردنەوەی بڕێك لە پاكیج و بەرنامەكانی بێت، نەك تەنیا بۆ پشك و پۆست.. 

بەشداری نەكردنی نەوەی نوێ و یەكگرتووش ئەبێ بۆ شێوازێكی ترو ئەخلاقێكی تری موعارەزەیی بێت، نەك بۆ زەڕبلێدانی هەموو شتێك و موزایەدەو پۆپۆلیزم، كە بە ئەندازەی هەموو خراپەكارییەكانی پارتی و یەكێتی خەڵكی ئێمەی نائومێدو ماندوكرد!

بۆ تێپەڕاندنی ستەمكاریی، ئێمە پێویستمان بە سڕینەوەی پارتی و یەكێتی نیە كە ئەسڵەن ناشتوانین، چونكە ستەمكاری هەمووی لای پارتی و یەكێتی نیە، بەڵكو لای هەموو كۆمەڵگایە لە ڕێگەی كولتوری یەكترسڕینەوەوە! 

(بۆ تێپەڕاندنی ستەمكاریی، ئێمە پێویستمان بەوەیە سەقافەتی یەكترقبوڵكردن بخەینە شوێن سەقافەتی یەكتر ڕەشكردن.) ئەمە قسە گەورەكەیەو ئیتر دەسەڵاتی یان موعارەزە، ئەوەیان قسە بچوكەكەیە.

پەیكەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی