لەناو ئاگرو ئافاتا

21/01/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

1
لە پایتەختەكەی ئەزبەنیدا 
یەك دوو رۆژ لەمەوبەر لە هەولێر بووم ، لە مەچكۆوە تەلەفونم بۆ هاوڕێیەكم كرد كە لەوێم و دەتوانین یەكتر ببینین ، دۆستەكە كە شاعیرێكی باشی نیشتمانە نەوتاویەكەی منە ، سوێندی بۆ خواردم كە پارەی پاسەكەی پێنیە تا بێتە مەچكۆ ، هەر لەوێش خێمە هەڵدرابوو بۆ ئەوەی هاوكاری مناڵێك بكرێت ، بۆیاغچیەكیش لەو خەڵكە دەپاڕایەوە تا قۆندەرەكانیان بۆیاغ بكەن ، بە دووبەی كردن هەر تەلارو شەقام نیە ، گۆڕینی ژیانی خەڵكە ، سەیر ئەوەیە ئاگادارم هەر لەوێ‌ ئەوی لەبەر دڵانە هەر بۆخۆشی پارەی سەفەری توركیاو ئەوروپای بۆ دەخەرجێنن و ئەوی تریش چاوی دەرئەهات.

2
ئەمەریكاو ئێران و كۆڵبەری كورد 
لەبەرانبەر هەر هەڕەشەیەكی ئەمەریكا لە ئێران هەواڵی كوشتنی كۆڵبەران بڵاو دەبێتەوە ، من بۆ خۆم پڕ بە دڵ حەز دەكەم هیچ شەڕێك لەم ناوچەیە رونەدات و ئەوی لە عیراق و سوریا ڕویدا لە هیچ كوێ‌ دووبارە نەبێتەوە ، بەڵام كەی دەوڵەتی ئێران واز لە كوشتنی كۆڵبەرو لە داردانی خەڵك دێنێت لەسەر بیرو ڕای سیاسی ، ئاخۆ گوناهی ئەو كۆڵبەرانە چیە كە بە دوو ناندا " ژیانی ئەمڕۆیان دەفرۆشن بۆ كڕینی نانی سبەی " بۆ دەبێت ئێران تۆڵەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە كۆڵبەری رەش و ڕووتی نیشتمانی خۆی بكاتەوە .

3
كەواتە كێشەیەك هەیە 
زۆرێك لە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیەكانی پارتی كە تەمەنیان هەڵدەكشێت ، هەم هەوڵی شێوەیەك لە سەر بەخۆی دەدەن ، هەم رەخنە لە سیاسەتی حزبەكەی خۆیان دەگرن ، ئەمە بۆ هەر یەك لە جەوهەر نامیق ، فەلەكەدین كاكەی ، محەمەدی مەلا قادر راستە كە لەم یەك دوو رۆژە سەفەری كرد كەسانی دیكەش هەن كە رەنگە هەمان رێگە بگرن ، قسەكە لە سەر ئەوەیە كەواتە كێشەیەك هەیە ، كێشەیەك لە نێو حزب و لە حكومڕانی نیشتماندا ، هیچ یەك لە رەخنەو تێبینیەكان بێ‌ هۆ نین .

4
تیرۆرو ئاكەپە 
هەندێك حزب و دەسەڵاتدار هەن لە ناوچەكە ، راستەوخۆ یان بەشێكن لە تیرۆر ، یان هاوكاری رێكخراوە تیرۆریستیەكان دەكەن ، ئەوەی مەبەستی بێت تیرۆر بن بڕبكات ، دەبێت لەوانەوە دەستپێبكات ، ئاكەپەو ئەردۆغان بەشێكن لەو تاریكیە ، بەڵام ئەوان سەرقاڵی خڕكردنەوەی دۆلارو داكوتینی پایەكانی خۆیانن و خەڵكی گەمژەش یاریەكەیان بۆ بەڕێوە دەبات .

5
هەموو ئەوانەی كە هەڵبژاردنی 2009 كون بە كون دەنگیان بۆ دكتۆر نەجمەدین كۆدەكردەوە ، ئێستا نەفرەتی لێدەكەن ، هەموو ئەوانەش كە جنێویان پێدەدا ئەو سەردەمە ئێستا بە ناویەوە شاباش دەكەن ، سەیركەن سیاسەت چەند ناشرینە لەم وڵاتەی ئێمە، سیاسەت جۆرێكە لە جنێو ، بە داخەوەم بۆ دكتۆر نەجمەدین كەریم.

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە