دوای ئۆكتۆبەرچییەكان نۆرەی بەرهەم ساڵحە

21/01/2019

رێبوار کەریم وەلی

(1)
كۆبوونەوەی بەرفراوانی پارتی و یەكێتی (كە هەموو باڵ و دەنووكەكانی تێدابوون) لە هەفتەی رابردوو، رەنگبێ دوای كۆبوونەوەی دووكان لە 15ی ئۆكتۆبەری 2017، یەكێك بێت لە گرنگترین كۆبوونەوەكان. ئەگەرچی سەرۆك بارزانی و سەرۆككۆمار تێیدا بەشدار نەبوون، ئەو دەستپێشخەرییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆكردنەوەی ئەو هەموو ئاراستانە لەسەر یەك مێز، گۆڕانێكی نەوعی لە پەیوەندییەكانی داهاتووی ئەو دوو حیزبەدا دروست دەكات و، زۆر لە بەربەستە سایكۆلۆژییەكان هەڵدەگرێ.

هەم یەكێتی و هەم پارتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ناتوانن بەبێ یەكتری حوكمی كوردستان بكەن، كەواتا بۆ ئەوەش دەبێ هەردوولایان لە بەرامبەر یەكتری نەرمی بنوێنن و واقیعی حاڵی یەكتریان قەبوڵ بێت. هەر بۆیە یەكێتی لە یەك دوو پێشمەرجی جارانی (بەغدا و كەركووك) تا راددەیەكی زۆر پاشەكشەی كرد و پارتیش بە هەمان شێوە ڤیتۆی لەسەر بەشداریی هیچ كەسێك لە شاندی یەكێتی نەهێشت. هەر ئەوەش وایكرد كە بەپێی زانیارییەكان یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەیوەست بە مەسەلەی كەركووك، دوور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەبچێت. ئەوەی ئێستا ماوەتەوە ئەوەیە كە پارتی لە هەنگاوی داهاتوویدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆككۆماریشدا ئاسایی بكاتەوە.

دكتۆر بەرهەم ساڵح، بە درێژایی تەمەنی سیاسیی خۆی لەبەرەی نەیارانی پارتی نەبووە (بەڵام لە مەسەلەی پۆستی سەرۆككۆماردا، ئەمجارەیان یارمەتیی لێوەرگرتن، هەر وەك چۆن ئێستا پارتی ناچارە بۆ پێكهێنانی حكومەت حیساب بۆ ئەوانیش بكات).

بەرهەم ساڵح بە پێچەوانەوە، بە نزیكی لە پارتی تۆمەتبار بووە. ئەوەی ئەمجارە وایكرد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پەنا بباتە بەر هەموو لایەنەكان، ئەوە بوو كە جاری پێشوو سەرباری هەموو بەڵێنەكان، یەكێكی دیكە كرایە سەرۆككۆمار. بۆیە ئەگەر بێبەڵێنیی رابردوو بە عەیب هەژمار نەكرێ، نابێ هەوڵ و تەقەلای سیاسییەك بۆ گەیشتن بە پۆستێك كە دەبوو چوار ساڵ پێشتر هی ئەو بێت، عەیبە بێت. لە سیاسەتدا، دۆست و دوژمنی هەتاهەتایی نییە، گرنگ ئەوەیە بتوانرێ پەیوەندییەكان بەپێی بەرژەوەندییەكان رێكبخرێن و پارتی لە ئەهەمییەت و بەردەوامیی ئەو دەستپێشخەرییەی نێچیرڤان بارزانی تێبگات.

فاكتەری نێچیرڤان بارزانی
(2)
ئەگەرچی پارتی بە دەستی كەشفەوە هاتە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، بەڵام ئەگەر لە دەستپێكدا هەردوو لایەنەكە وایان دانابێت كە تازە پارتییان بەگیر هێناوە و دەكرێ هەموو مەرجێكی بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام ئەوەشیان فەرامۆش كردبوو كە پارتی قەت هەموو هێلكەكانی ناخاتە یەك سەبەتەوە. بە واتایەكی دیكە ئەگەر دەستكەشفبوونەكەی خاڵی لاوازی بێت، ئەوا رێك پێچەوانەكەشی راستە كە نیشانەی ئەوپەڕی متمانەبەخۆبوونە.

قسەیەكی بەناوبانگی سلێمان دەمیرەلی سەرۆكی پێشووی توركیا هەیە كە دەڵێ: "لە دیموكراسیدا، چارە كۆتایی نایەت"، راستییەكەی ئەو قسەیە بۆ پارتیش دەگونجێ كە لای پارتی چارە كۆتایی نایەت. یەكێتی وایدەزانی كە دەتوانێ ئۆكتۆبەرچییەكان و حەساسییەتی پارتی لەوبارەیەوە وەك كارتێكی فشار بەكاربێنێ، یان بەغدا و كەركووك بە پڕۆسەی حوكمڕانیی كوردستانەوە ببەستێتەوە و مەرجەكانی بەسەردا جێبەجێ بكات، بەڵام فاكتەری نێچیرڤان بارزانییان نادیدە گرتبوو كە نەك هەر نەیارەكان لەسەر یەك مێز دادەنیشێنێ، بگرە توانای ئەوەشی هەیە كە وا بكات وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدا دەبوو لە بەغداوە راستەوخۆ بچێتە سلێمانی، پێشان بهێنێتە هەولێر و ئینجا بچێتە سلێمانی! یەكێتی لەوە تێگەیشتووە.

ئینجا رەنگبێ لەوەش تێگەیشتبن كە چۆن بیست و چوار سەعات دوای دانیشتنی بەرفراوانیان لەگەڵ پارتی، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا(سەرباری ئەو ترافیكە قورسە دیپلۆماسییەی سەر هەولێر) گەیشتە گردی زەرگەتە و لەگەڵ گۆڕاندا كۆبووەوە و كۆبوونەوەكەشیان ئیجابی بوو!

وەرگرتنی سەركردایەتیی شاندی دانوستاندنكاری پارتی و بەشداریی مەسروور بارزانی لە دانیشتنەكاندا (بەتایبەتیش لەگەڵ یەكێتی) دەرخەری ئەو راستییەیە كە پارتی لە هەموو بارودۆخێكدا توانای مانۆڕی سیاسی هەیە و هەردوو باڵەكەشی لەخزمەت یەك ئامانجدایە و گرەوی شتی دیكەیان لەسەر ناكرێت.

لێرە كەس پێڵاو ناخوات!
(3)
لە 9ی ئەیلولی 2018، هەڵبژاردن لە یەكێك لە دیمۆكراتیترین سیستەمەكانی دنیا بەڕێوەچوو، لە سوید. 18ی كانوونی دووەم دوای 131 رۆژ، حكومەتێك كە بە قسەی چاودێرانی سیاسی لاوازترین حكومەتە لە مێژووی سویددا، متمانەی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە وەرگرت. 

ئەڵبەتە زۆربەی خەڵك دوای دانوستاندنە بێ ئاكامەكانی ئەو سێ مانگ و نیوەی رابردوو چاوەڕێی دووبارە بوونەوەی هەڵبژاردن بوون؛ هیچ لایەنێك، نە سۆسیال دیموكرات، نە هاوپەیمانی و نە راستڕەوەكان بە تەنها توانای پێكهێنانی حكومەتیان نەبوو. ئاخیرەن بەوە گەیشت حزبی سەنتەر كە بەشێك بوو لە هاوپەیمانیی دژ بە ستێفان لۆڤن و سۆسیال دیموكراتەكان، لەگەڵ سۆسیال دیموكراتەكان رێككەوت و حكومەت پێكهات. ئەوەش لەكاتێكدا بوو كە سەرۆكی حزبی سەنتەر، ئانی لۆڤ، پێش هەڵبژاردنەكان لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی دژی سۆسیال دیمۆكراتدا دەیگوت:" تاكە پێڵاوی راستەی خۆم دەخۆم (ئاماژە بەوەی كە چ راستڕەوێكی جیدییە) ئەگەر بهێڵم ئەو ستێفان لۆڤنە لە حكومەت بەردەوام بێت!"

لەو یەك دوو رۆژە، بەردەمی بارەگای حزبی سەنتەر لە ستۆكهۆڵم پڕبووە لە تاكە پێڵاوی راستەی دەنگدەرانی كە سەرۆكی حزبەكە دوای پشتیوانی لە ستێڤان لۆڤن دەبێ وردە وردە بیانخوات.

لێرە لە كوردستان نە كەس تەڵاقی خواردووە و نە كەسیش لەو دیموكراسیەتە پلە دووەی ئێمەدا باسی پێڵاو و شتی وای كردووە، بۆیە بێخەم بن حكومەت بەو زووانە پێكدێت.

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی