لە کوێوە کارەساتەکە هات، لە 16ی ئۆكتۆبه‌ر یان 25 سێپته‌مبه‌ر؟

21/01/2019

بەهادین نوری

لەو ڕۆژەوە سوپای عێراق و میلیشیای شیعەی حه‌شدی شه‌عبی هاتنە ناو کرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکان بەگشتی برادەرانی پارتی پرسی کوردیان کورت کردەوە لەیەک ڕستەدا: ( خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ) . بەبۆنەو بەبێبۆنە ، بەدەم و بەقەلەم ، کەوتنە باسی ١٦ی ئۆکتۆبەر ، وەک بلێیت ئەمە نەبوایە هەرێم سەربەخۆیی بەدەست هێنابوو !!
بەڵێ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورە هات بەسەر ئەم میللەتەدا . بەڵام هۆکارو سەرچاوەی ئەم کارەساتە لەکوێوە هات ؟ لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە ، یان ٢٥ سەپتەمبەری ٢٠١٧ ؟ ئەگەر مسعود بەرزانی گوێی لە قسەو هاواری ئۆپۆزسیونی وڵاتی خۆی بگرتایە ، ئەگەر داواو ئامۆژگاری ئەمریکاو ئەوروپاو هەموو دنیایی بەهەند وەرگرتایە ، ئەگەر سیاسیەکانی هەرێمی کۆبکردایەتەوە بۆ تاوو توێیەکی لۆژیکی – عەقڵانی ، لەباتی ئەوەی بە ملهوڕی بڵێ ( گوێ لە عبدالبشر ناگرم )، ئەگەر بەئەقڵیەتی شارستانی و دیموکراتی بجوڵایە لەباتی ئەقڵیەتی خێڵەکی و کوردایەتی عەمارەپوو .. ئەگەر وە ئەگەر .. ، ئەوکاتە ڕووبەڕووی ئەوشتە نە خوازراوە نەدەبووینەوە کەناودەبرێ بە (١٦ی ئۆکتۆبەر ) . واتە ١٦ی ئۆکتۆبەر زادەی ٢٥ی سەپتەمبەرە . ئەگەر ئەم ١٦ی ئۆکتۆبەرە خراپ بێ ئەوە پرژێکە لە خراپکاری ٢٥ی سەپتەمبەر . 
من بە شان و باهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەڵنادەم بەڵام دەبێ ئەوڕاستیە بوترێ کە سەرتاپای کێشەکە دەستکردی ٢٥ی ئۆکتۆبەرە و سەرکردایەتی ئەو ٣ حیزبە بەرپرسیارن کە واژۆی بڕیاری ڕیفراندۆمە ناوەختەکەیان کرد ، لە پلەی یەکەمیشدا ئۆباڵی کارەساتەکە دەکەوێتە ئەستۆی بەرزانی چونکە هەرخۆی سەرقافڵە بوو .
من بەرگری لەوکەسانە ناکەم لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کە دەستیان خستەناودەستی سوپاو حشدی شعبی من دەزانم کە بەرپرسیارێتی یەکێتیش زۆر گەورەیە ، چونکە ئەگەر یەکێتی پێی داکوتایە لەسەر ڕەفزی ڕیفراندۆم ، لەباتی ئەوەی شوێن مسعود بکەوتایە ، ئەوە مسعودیش ناچار دەکرا پاشەکشە بکات لە پرۆژەکە . بەڵام ئەگەر ئەوانە بەخیانەتکار ناوببرێن ئەوە بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی سەپتەمبەردا سەدقات خایینترن ، چونکە ئەمانە بەرپرسیارن لە هەموو کارەساتەکە .
من لە شۆڕەسوارانی ڕیفراندۆم دەپرسم : ئێوە ئەی برادەرینە ، کە ڕۆژی ١٤ی ئۆکتۆبەر لە دوکان کۆبونەوە بە بەشداری سەرکۆمار د.فواد معسوم کە بەغدا ناردبووی ، چیتان بڕیاردا ، ئاشتی یان جەنگ ؟ ئەوەتان بڵاو نەکردەوە کە ( دەبێ نەرمبین و ئاشتیانە کێشەکە چارەسەربکەین ) ؟ بەهەرحاڵ بێ کەهێزی چەکداری بەغدا بێت و هێزی چەکداری ئێوەش لە شارەکەدابێ یەک لە دوو بژاردەتان لەبەردەمدایە : یان بەرەنگار بوونەوە ، واتە جەنگ ، یان پاشەکشە بۆ ئەوەی تووشی شەڕ نەبن . ئێوە بەدەستی خۆتان ، لەوچەند حەفتەی پێشتردا ، دۆخێکی وەهاتان دروستکردبوو کە بژاردەی سێهەم لە ئارادانەمینێ . دەبوو لە ڕۆژانی پێشتردا هەوڵی جۆرێ لە ڕێکەوتنتان بدایە لەگەڵ بەغدا . ئێوە لە ١٩٦١دا ئەم میللەتەتان ڕاپێچی شەڕێکی درێژخایەنی ماڵوێرانکەر کرد کە هەواڵگری بەریتانیا ، بۆ ڕوخاندنی عبدالکریم قاسم ، دروستیکردبوو . ئەمجارەش ، بەکاریگەری عقڵیەتی خێڵەکی و کوردایەتی عەمارەپوو ، خەریک بوون شەڕێکی نوێ بسەپێنن کە ئەنجامەکەی لە دەسدانی ئەو دەسکەوتانەی دوای جەنگی کەنداو و ڕاپەڕینی ١٩٩١ هاتە دەست . ئەگەر بەتەنگ بەرژەوەندی گشتی ئەم گەلەوە بین دەبێ ١٦ی ئۆکتۆبەر بەپاشەکشەیەکی پێویست تەماشاکەین کە بۆچارەسەری هەڵە کوشندەگەورەکەی ٢٥ی سەپتەمبەر پێویست بوو .
ئەگەر سەرکردایەتی پارتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت دەژمێرێ ، هەموو کەس دەزانێ کە ئەوپاشەکشەیە بەس لە کەرکوک نەبوو . دەپرسین ئەی بۆچی پارتی لە شنگال و مخمور و خانەقینیش پاشەکشەی کرد و هیچ جووڵەیەکی نەبوو ؟ من بە باشی دەزانم کە جووڵەو بەرەنگاربوونەوەی نەبوو ، پێشم وایە کە ئامانج لەم هەڵەشەو بەڵەشە لە ( خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ) تەنها بۆ ئەوە بوو کە سەرنجی ئەم خەڵکە لەسەر ٢٥ی سەپتەمبەر دوور خەنەوە . واتا پرسی ١٦ی ئۆکتۆبەر داتاشرا بۆ لەبیر بردنەوەی پرسە بنەڕەتیەکەی کێشە کەڵەکە بوەکانی دیکەی هەرێم ، کە هەموو دەستکردی حوکمڕانانی شکستخواردوی ٢٨ ساڵی ڕابوردووە .
سەرانی پارتی و یەکێتی ویەکگرتوو بەوعەقلیەتە خێڵەکیانە و کوردایەتی عەمارەپوو بەوەهمی سەربەخویی هەرێم ، هەلێکی مێژوویی زێرنیان لە کیسی ئەم میللەتەدا بۆهەوڵی جێبەجێکردنی مادەی {١٤٠} لە دەستور . ئەگەر چکێ لە گیانی شارستانێتی هاوچەرخیان تێدابوایە دەستیان لەکاردەکێشایەوە و داوای لێبوردنیان لە میللەت دەکرد پاش ئەو کارەساتە گەورەیە ، بەلام ئەوان دەسەلات بە مولکی تاپۆداری خۆیان دەزانن ، بۆیە دوای کارە سات چڕتڕ لە جاران هەڵبژاردنی پەرلەمانیان تەزویر کردو ‌‌حوکرانیش خێڵەکیانە دامەزرێنرا : باوک کوڕ و برازا بوون بە مەرجیع و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم .
شایانی باسەکە هەموو حزبە بچووکەکانیش، وەکو شیوعی و سۆشالیست و... هتد ، بەشداربون لە پشتگیری لە ڕیفراندۆمدا . لە ٣ حیزبەکەی تری ئۆپۆزسیونیش گۆران و کۆمەڵ بە شەرمەوە ئۆپۆزسیون بوون و دوو پات و سێ پاتیان دەکردەوە کە ئەگەر دەنگدان بوو بە {بەڵێ} دەنگدەدەن ،واتە لەریزی حوکمراناندا دەوەستن . تاکە رێخراوێ کە بەروونی و بەتەواوەتی دژی ریفراندۆم بوو هەر نەوەی نوێ بوون ، 
ئەمرۆ حوکڕانان سوارن و میللەت پیادەیە ، بەڵام ئەمە کاتیە و ئەو ڕۆژە دوورنیە کە پێچەوانە بێتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی