وێنەکەی تری پارتی

21/01/2019

هونەر رەسوڵ

خواستی زۆری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیشاندانیشی وەک خواستێکی گشتی و هەنگاوێک کە لای هەموو جەمسەرەکانی حیزبەکە کارێکی پەسەند و بەجێ یە، تەنها مەبەستی ئەوەیە کە پارتی وەک هێزێکی یەک گوتار دەربکەوێت و لەحەقیقەتیشدا لە وێنە گشتیەکەیدا پارتی توانیویەتی پارێزگاری لەو جۆرە تایبەتمەندیەی بکات، بەڵام لە پاڵ بینینی ئەم وێنە گشتیەشدا وێنەیەکی تری جەمسەربەندی و جیاوازی لە نێو پارتیدا بەدی دەکرێت کە تەنها کەمێک سەرنج دانی گەرەکە.

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دوورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی و دیاریکردنی مەسرور بارزانی وەک کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم،ئەم وێنەیە جارێکی تر لە قەبارەی گەورەتردا بینرا، کە هەمیشە بیننی ئەم وێنەیە لەلایەن پارتیەوە رەتکراوەتەوەو هەرگیز ئەم حیزبە ئارەزووی ئەوە ناکات وێنەی جیاوازیەکانی ببینرێن.

پارتی وەک هێزێک کە تەمەنی زیاتر لە حەفتا ساڵی تێپەرکردووە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ئەنجامی کەمی بەشداری خەڵک و بوونی تەنها یەک بازنەی دەنگدان بۆ سەرجەمی پارێزگاکانی هەرێم، توانی ببێتە خاوەنی 45 کورسی پەرلەمانی، ئەم حیزبە کە لە ئێستادا لە گوتارە رەسمیەکەیدا وادەبینرێت کە خواستێکی زۆری بۆ زوو پێکهێنانی حکومەت هەیە، بەڵام لە واقیعدا ئەمە خواستی بەشێکی پارتیە و بەشێکی تری ئەم حیزبە مانەوەی ئەم دۆخە و بەردەوامی ئەم واقعە بە باشتر دەزانن وەک لە تێپەراندنی، چونکە ئاڕاستەیەک لەناو پارتیەدا هەیە کە هێشتا دڵنیا نیە لە پێگەی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی و هەروا بەم ئاسانیەش نایانەوێت کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەنگاوەکانی دەست پێبکات بە بێ ئەوەی بزانن چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەچی دەگات، کە بەشێکی پارتی وەک چانسی دوای دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتی حکومەت، بۆ نێچرڤان بارزانی دیاریان کردووە، بەو پێیەی کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە، پەیوەستە بە رێکەوتنی لایەنەکان و یەکێتیش بۆ ئەم دامەزراوەیە و چۆنیەتی کاراکردنەوە و دەسەڵاتەکانیشی قسەی جدی دەبێت.

لە راستیدا ئەوانەی پێداگری ئەو ئاڕاستەیەن لەناو پارتیدا کە دەبێت بە زوویی و بەبێ ئەوەی بزانرێت کارنامەی داهاتووی حکومەت چییە کابینەی نۆیەم سەرپێ بکەوێت،سەرجەمیان لە ئەترافی ئەو ئاڕاستەیەی ناو پارتیدان و هاوسۆزیەکی زۆریان بۆ مەسرور بارزانی هەیە و ئارەزووی ئەوەشدەکەن لە ئامۆزاکەی باشتر و زیاتریش بتوانێت هەنگاو بنێت، کاری جدی ئەم تیمە لە ئێستادا هەرئەوەیە کە حکومەتی نوێ چیتر لە چاوەروانیدا نەمێنێتەوەو خێرا پێکبهێندرێت، تاوەکو قۆناغێکی نوێی سیاسی مەسرور بارزانی دەست پێبکات.قۆناغێک کە هێشتا داهاتووی روون نیە،چونکە گومان لەوەدا نییە سەرکەوتنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەندە بەچۆنیەتی بەشداری و شەراکەتی راستەقینەی یەکێتیەوە،ئەمە واقعێکە هەمووان ئاست و گەورەییەکەی درک پێدەکەن کە بەبێ شەراکەتێکی راستەقینە،حکومەتی داهاتوو ناتوانێت لە ئاستی داخوازی هاوڵاتیاندا بێت، هەڵبەت ئەم پێداگریەی یەکێتیش بۆ شەراکەتی راستەقینە لەو چوارچێوەیەدایە کە یەکێتی ئامانجەتی لەرێگەی ئەو نەخشەرێگایەوە زۆرترین خزمەتی هاوڵاتیان بکات کەئەمە لای بەشێکی پارتی و بەتایبەتیش ئەوانەی ئامانجیانە حکومەتێکی جیاواز هەبێت لە رابردوو، لەگەڵ ئەو بۆچوونەی یەکێتیدا یەکانگیرە بەڵام لەناوخۆی پارتیدا بەقەت فراوانی بازنەی پشتیوانیەکانی نەیاریشی هەیە.

ئەم خواستەی بەشێک لە پارتی بۆپێکهێنانی حکومەت و سەرکەوتنی بەرنامەی حکومەتەکەش لەکاتێکدایە، کە گومان لەوەدانییە ئەم قۆناغە بۆپێکهێنانی حکومەت جیاوازە لەرابردوو، هەرگیز سیناریۆکانی رابردووش لەم قۆناغەدا قابیلی دووبارە بوونەوە نییە، ئەوەشی رێگری بەردەم دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە کابینەی نۆیەمدا، ئەو پاکێجە گرنگ و هاوبەشەی یەکێتیە کە لەلایەک داواکاری هەموو یەکێتیەکانە و لەلایەکی تریش پیشاندانی یەکگوتاری حیزبێکە کە بۆپێکهیانی حکومەت داوای شەراکەت و دیاریکردنی چارەنوسی کەرکوک و زۆر پرسی تری گرنگیش دەکات.

ئەگەر لە رابردوو دۆخێکی نەخوازرا و هۆکار بوبێت کە یەکێتی وەک پێویست بەشداری راستەقینەی نەبێت و هێزی تریش پروپاگەندەی جێگرتنەوەیان لەوکاتەدا کربێتە ستراتیژ، ئەوا ئێستا هەر خۆیان لەهەرلایەنێکی تر باشتر دەزانن ئەمەی ئەوان خواستیانبوو وەکاریان بۆکرد نەک نەیتوانی بگاتەهیچ کوێ، بەڵکو پارتیشی کردە خاوەنی زۆرشت کە پێویست نیە بۆهێزێکی وەک پارتی کە زۆرینەی قورسایی و سەنگەکەی لە تەنها جوگرافیایەکدایە، بتوانێت بریار لە چارەنووسی هەموو کورد بدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی