دوانەی رووبەری گشتی و عەلمانیەت

دوانەی رووبەری گشتی و عەلمانیەت

پەیرەو ئەنوەر


573 جار خوێندراوه‌ته‌وه


یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی نێو رێنەیسانس و رۆشنگەری و دوو سەدەی رابردوو مەسەلەی ئامادەبوونی دین و عەلمانیەتە لە رووبەری گشتیدا. دیارە بۆ تێگەیشتن و قوڵبوونەوە لەو پرسە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دین، ئەرک و بەرهەمهێنانی دین، رووبەری تایبەت و مەسەلەی کوشتنی ئاین لە رووبەری گشتیدا. (هیگڵ) وەک جەمسەرێکی گەورە سەرەتایەکی تازە بونیاددەنێت بۆ کوشتنی دین و خودا لەناو نەخشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دونیادا! کوشتن بەمانای ئەوەی دین دەبەستێتەوە بە قۆناغی سەرەتای بیرکردنەوە و خەیاڵکردنی مرۆڤ، دین دەباتەوە بۆ دونیایەک کە هێشتا مرۆڤ نەیتوانیوە وەک سوژەیەکی عەقڵانی بجوڵێت و عەقڵانی بێت و عەقڵ سەنتەری بڕیار و لێکدانەوە و تێگەیشتنەکانی بێت بۆ رامان و بیرکردنەوە لە دیاردەکانی ناو گەردوون.

کوشتنی خودا و کوشتنی دین لەلای (نیتشە) دا فۆڕمێکی زۆر رادیکالانەتر وەردەگرێت. پێدەچێت ئەم فۆڕمە توند و رادیکاڵەی کوشتن و دابڕاندنی دین لە هەندەسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رووبەری گشتیدا پەیوەندی بەوەوەهەبێت کە (نیتشە) بەزمانێکی ئەدەبی و ریاڵیزمانە خودا و دین دەکوژێت و دەیەوێت بەزمانێکی یەکجار سادە و راستەوخۆ بڵێت دین مردووە و زانست و عەقڵانیەت لە شوێنی دیندا دەجوڵێت و باڵایی و بەها و سیمبولەکان دابەشدەکاتەوە! دیارە ئۆگست کۆمت و مارکس و فیورباخ و چەندانی تر لەسەدەی نۆزدەهەمدا بەهەمان مۆدێڵ و شێوازی بیرکردنەوە و تێڕامان دەیانەوێت دین بکوژن و بینێژن و عەلمانیەت و ماناکانی لە شوێنیدا جێگیربکەن.

عەلمانیەت بەمانای ئەوەی دین وەک میرات و زمانی کۆمەڵایەتی، سیمبوڵ و کردە هیچ ئامادەییەکی نەبێت لە رووبەری گشتیدا؛ ئامادەنەبوون ببرێتەوە بۆ نێو دیوی ناوەوەی تاک، بۆ نێو جەستە و پەیکەری بایۆلۆژی تاک، نەک دین لەنێو جەستەی کۆمەڵایەتی و نەخشەی کۆمەڵایەتی دەوڵەت بجوڵێت و بەزمانێکی سیۆلۆژی تایبەت بەخۆی قسەبکات و لەگەڵ خانەک کۆمەڵایەتییەکانی تردا ئاخاوتن بکات. دیارە پڕۆسەکە زیاتر پەیوەندی بەوە هەیە کە نابێت دین تێکەڵ بە رووبەرێک بکرێت کە رووبەری هەموانە و زیاتر لە دونیابینی و خەیاڵێکی دینی و نادینی تێیدا ئامادەیە؛ ئەو رووبەرە دەبێت بێلایەن و ئۆتۆنۆم بێت. دوانەی عەلمانیەت هەم وەک ئایدۆلۆژیا و هەمیش وەک پاڕادیمێکی مێژوویی لەسەدەی بیستەمەوە رووبەڕووی رەخنەبۆتەوە! وەهادیارە رەخنەکە زیاتر پەیوەستکراوە بەوەی کە لەگەڵ لەدایکبوونی مۆدێرنە و ژیانی مۆدێرنە دین نامرێت، خودا نامرێت؛ بەڵکو دین گەشەدەکات و زیاتر دێتە نێو رووبەری گشتییەوە. رەنگە ئەم دیدە بەتەواوی پێچەوانەی دیدی (ئۆگست کۆمت) بێت کە هەوڵدەدات پۆزیتیڤیزم لە شوێنی دین جێگیربکات. کۆمت دەیەوێت بڵێت کۆمەڵناسی وەک زانست رۆلێ دین و ئەرک و مانا جیاوازەکانی دین دەبینێت لە دونیای و ژیانی مۆدێرنەد! ئەم دیدە چەندین رەخنەی لێگیراوە، هەر لە کیرکیگاردەوە تا دەگاتە کازانۆڤ و پارسۆنز ... هتد

لەڕاستیدا پێم وایە دین لەهەموو کایە و خانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دونیادا ئامادەیە بەڵام شێوازی رێکخستن و مانا و پەیوەندییەکانی رێکخراوە، زمانی کۆمەڵایەتی و جوڵەی دین و جەستەی دین لەگەڵ دەوڵەت و رووبەری گشتیدا رێکخراوە و بەمەسەلەی پڵوڕاڵیزم و چۆنیەتی گونجان و کارکردنی بەستراوەتەوە. دوانەی مۆدێرنە و دین دەبێت زیاتری لەسەر بنوسرێت و زیاتر ئاخاوتنی لەبارەوە بکرێت.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved