ڕەوشی گفتوگۆكان

ڕەوشی گفتوگۆكان

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی


452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەسەرەتای كۆبوونەوەكانی نێوانی پارتی و یەكێتی، جۆرێك لە بێ متمانەیی لە نێوان پارتی و یەكێتیی هەبوو، بەڵام پەیوەندییەكانی ئێستای پارتی و یەكێتی تاڕادەیەك ئاسایی بۆتەوە، هەرچەندە پارتی جۆرێك لە یاری نێوان گۆڕان و یەكێتی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا قەناعەتیان بەوەیە یەكێتیی هاوبەشیان بێت، دەشزانن ناتوانن بەبێ یەكێتیی هیچ بكەن.

پارتی و یەكێتیی لەسەر واژووكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان هاوڕان و لیژنەشیان بۆ دروستكردوە، بەڵام جیاوازیەكەیان لە ڕووی ناوەڕۆك و بنەماو پڕەنسیپەكانی ئەو ڕێككەوتنەیە.

یەكێتیی تاوەكو ئێستاش لەگەڵ ئەوەیە پرسی كەركوك، بە دانانی پارێزگارو كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگار ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پارتی نەهاتۆتە ژێر باری ئەو داواكاریە، دەیەوێ لەگەڵ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ نەبێت، بەڵام ئەمەی بۆ نەچۆتە سەر.

جیاوازییەكانی نێوان پارتی و یەكێتیی چەند ڕێگرە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، ناكۆكییەكانی نێو باڵەكانیش دوو ئەوەندە.

ماڵی بارزانی باوك ( مەسعود بارزانی مەسرور بارزانی) جیاوازیان هەیە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەسەر مەسەلەی مامەلەكردنی پارتی لەگەڵ (بەرهەم ساڵح و پرسی كەركووك و باڵەكانی نێو یەكێتی).

شاندەكانی كۆبوونەوەكانی هەفتەی داهاتووی نێوان لایەنەكان بچووكتر دەبن و بڕیاری زیاتریان لادەبێت.

هەرچەندە گۆڕان و پارتی لە دانوستاندنەكان لە لێدوانەكانیان باس لەوەدەكەن هاوڕان، بەڵام دوای پێشەكشكردنی پڕۆژەكەی گۆڕان لە بارەی (كارنامەی حكومەت و پێوەری دابەشكردنی پۆستەكان)، پارتی پێیوایە: سەقفی داواكارییەكانی گۆڕان لە نێو كابینەی داهاتوو زۆر زۆرە، چونكە گۆڕان داوای چەندین پۆستی وەكو ( بەڕێوبەری گشتیی و بریكارو راوێژكار لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و ژمارەیەك وەزیری خزمەتگوزاری و سیادی و جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات)، كە ئەمەش بەلای پارتیەوە زۆرە. 

گۆڕان گۆمانی زۆرە لەوەی ئەو بەرنامەیەی پێشكەشی كردووە، لە لایەن پارتیەوە جێبەجێكرێـت، ئەگەر ڕازیبن لە بەژداریكردن لە حكومەت.

گۆڕان داوای پۆستی باڵا دەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی، ئەمەش بەنسبەت پارتیەوە قوڕسە، چونكە یەكێتیی لە هاوكێشەكەدا ژمارەیەكی گەورەترە.

ئەگەرێكی لاواز هەیە ئەگەر پارتی داواكارییەكانی گۆڕان جێبەجێنەكات، جڤاتی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرێت، لەسەر ئەو مەسەلەیەش چاوەڕێی پارتی دەكەن.

پارتی و گۆڕان لەیەوەكە نزیكن، بەڵام پارتی پڕۆسەكەی خاوكردۆتەوەو جارێ دەیەوێ لەگەڵ یەكێتیش بچێتە پێش.

پێكدادان هەیە لە نێوان داواكارییەكانی یەكێتی و گۆڕان.

پارتی داوای لە گۆران كردووە بەیەكەوە لەگەڵ یەكێتیی، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لەبارەی پرسی كارنامەی حكومەت بكەن، یەكێتیش ئەرسەلان بایزی بۆ ئەو لیژنەیە دیاریكردوە.

ئاڕاستەی دانیشتنەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، زیاتر لە لایەن عومەری سەید علی و موستەفای سەید قادرو كوڕەكانی نەوشێروان موستەفاوەیە.

هەوڵێك هەیە پرسی مامەڵەی پارتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە لایەن نێچیرڤان ئاسایبكرێتەوە .

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دانانی جێگری سەرۆكی هەرێم نییەو، پێیوایە: ئەمە زیاتر دوو ئیدارەیی تۆخ دەكاتەوە، داواشكراوە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم بە دەسەڵاتەكانی پێشووتر بمێنێتەوەو سەرۆك بۆ دوو خول لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام جێگری نەبێت.

یەكێتی تاوەكو ئێستا لەسەر كاندیدو پۆستەكان خۆی یەكلانەكردۆتەوەو گفتووگۆی جدیشی لەسەر نەكردووە، بەڵام تەنها بەفەرمی دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی كردوە، وەك كارتێك تاوەكو پۆستی باڵاتر وەگرێت، لە نێوشیان ناوخۆو دارایی.

ئاشتی هەورامی تارادەیەكی زۆر یەكلابۆتەوە كە بمێنێتەوە، ماڵی بارزانیش ئارەزوویانە پشتیوان سادقیش بمێنێتەوە، ئەوەش یەكلابۆتەوە كە نەجمەدین كەریم پۆستێكی باڵای پێبدرێت لە كابینەی داهاتوودا، ئەگەر دەربازیش بێتەوە نێو حكومەت سێ كەس دەبنە دووبارە.

تاوەكو ئێستا كۆمەڵ لە دەرەوەی هاوكێشەی حكومەتە.

هەرچەند پارتی لەگەڵ ئەوەیە بە زووترین كات سەقفی زەمەنی بۆ دروستكردنی كابینەی داهاتوو دابنرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە، كەی ئەو كابینەیە دروستدەكرێت؟ بەپێی ڕەوشی كۆبوونەوەكان و ڕێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و، پاشان ڕاسپاردنی مەسرور بارزانی، پێدەچێت كابینەی نوێ بكەوێتە بەهاری ئەمساڵ.

سەرتیپ وەیسی



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved