كایەی سیاسی سلێمانی

كایەی سیاسی سلێمانی

سەركەوت زەكی


439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سلێمانی وەك یەكەیەكی جوگرافی و سنورێكی فراوان،دور لەھەر كاریگەری و كارتێكردنێكی ناوچەگەری،شارێكە بۆ بەخشش و نوێبونەوەو داھێنان،لە ڕابوردوەوە تا ئێستای بۆ چركەیەك نە لەكاروانەكە دواكەوتوە و نەكەمتەرخەمیەكی نواندوە،ڕاستە پێگەیەكی بازرگانی،پیشەسازی یان كشتوكاڵی جیاكەرەوەی ئەوتۆی نیە لە شارەكانی تری كوردستان گرنگتربێت،بەڵام مێژویەكی تایبەتی بۆخۆی خولقاندوە.ئەو مێژوەش سەروەریەكی نیشتمانی و نازناوی جۆراوجۆری پێبەخشیوە كە پەیوەستی كردوە بە رابوردوی خۆی و داھاتوەكەشیەوە،چ وەك شاری ھەڵمەت و قوربانی بێت یان پایتەختی ڕۆشنبیری،شارێكە لەژێر كاریگەری كەلتورە سیاسیە نیشتمانی و پێشكەوتنخوازیەكەیدا لەزۆر قۆناغی گرنگی مێژویی و سەردەمی جیاوازدا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە.

بۆ كورتە وتارێكی وەھا و بۆ خوێنەری كورد،ڕەنگە ئاوڕدانەوە لە ڕابوردو و بەڵگەی مێژویی ھێنانەوەم پێویست نەبێت،بەڵام لە درێژەی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەكداری ڕزگاری نیشتمانی باشوری كوردستاندا،سلێمانی ھەمیشە لەپێشەوەو پێشەنگ بوە،كاریگەری و شوێن پەنجەی خۆی بەسەر خەبات و شۆڕشەكانیەوە جێھێشتوەو ئەمەش نەك تەنھا لەڕوی تۆپۆگرافی و ھەڵكەوتە جوگرافیەكەی،یان پشتیوانی ماددی و خوێن و قوربانی و بەخشینی سەرچاوە مرۆییەكەیەوە بوە،بەڵكە بەدیوێكی تردا لەڕوی ئەو ژینگە سیاسیەی لە سلێمانیدا فەراھەم بوەو نەشونمای كردوەو لەڕوی دنیا بینی و كۆمەڵایەتیەوە بوە بە قیبلەنمای شۆڕش و جوڵانەوەو گەشەو پێشكەوتنە سەرتاسەرییەكانی جوڵانەوە سیاسیەكانی كوردستان.

لە ڕابوردودا،ژینگە یان كایەی سیاسی سلێمانی،وێڵ و سەوداسەر و خولیای ئازادییەكەی لە ڕزگاری نیشتمانی و بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەكانی و سەربەخۆییدا چڕكردبوەوە،بەڵام لەسایەی ئەزمونەكانی حوكمڕانی خۆماڵی و كەلتورە بزێو و نەوەستاوو ڕۆڵە پێشەنگیەكەیەوە،ساڵانێكەو ئیستاشی لەگەڵدا بێت ئەم كایە سیاسیە دەستی بە داوەكانی ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتیشەوە بەتوندی گرتوە،كایە سیاسیەكەی بەداوای شەفافیەت و بەدیھێنانی عەدالەتێكی گشتگیر بارگاوی كردوەو بەرپرسیارێتیەكی خستوەتە ئەستۆی ھەموان.بۆیە ھەر ھێزێكی سیاسی بیەوێت لە كاروانەكەی سلێمانی دانەبڕێت و كاروانچیەكانی جێی نەھێڵن،بیەوێت لەكۆی پرۆسەی سیاسی لەباشور دوانەكەوێت پێویستە لە پەیامەكانی ئەم كایە سیاسیە تێبگات و بیخوێنێتەوەو لێی ڕابمێنێت،تادواتر بتوانێت كاری پێ بكات،ئەگەر نا باوێڵی دوای چارەنوسە نادیارەكەی خۆی بێت،چونكە كایەی سیاسی سلێمانی لە ئیستادا باوەشی بۆ ھێزە عەدالەتخواز و شەفاف و سیاسەت ڕونەكان كردوەتەوە.

سەركەوت زەكی



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved