گاڵتەجاڕی پارتی وەك چاودێری توركیا

گاڵتەجاڕی پارتی وەك چاودێری توركیا

ئاسۆ كمال


702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

جەبار یاوەر بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای وتووە."ئەوەی كە ئێمە، بەس لە ماوەی چوارساڵدا كە ژماردوومانە، ئامارمان وەرگرتووە كە لە 1/1/2015 وە تاكو 31/12/2018 تاكو ئێستا حكومەتی توركیا 398 جار لە رێگای فڕۆكەوە بۆردوومانی ناوچە سنووریەكان و گوندەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، جگە لەوەش 425 جار بە هۆێ تۆپخانەوە بۆردوومانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستانی كردووە كە تا ئێستا زیاتر لە 20 كەس لە هاووڵاتیانی بێ تاوان لەو گوندانە گیانیان لە دەستداوە وە تا ئێستا 288 لە گوندەكانی سنووری بۆردوومان كردووە، دیارە ئەمە زیانێكی زۆر گەورەی بە هەموو ناوچەكانی كوردستانی گەیاندووە، وە هەر ئەو بۆردوومانەی كە پێرەكە كرا لە ناوچەی دیرەلوك چوار هاووڵاتی بێ تاوان شەهید بوون. " 

هەركەس ئەم قسانە ببیستێ وادەزانێ ئەم كەسە بەرپرسی ڕێكخراوی مافی مرۆڤە لە كوردستان نەك بەرپرسی هێزە چەكدارەكانی پارتی. بەڵام بێگومان پارتی لەبەرامبەر حكەمەتی توركیایەكدا هیچی زیاتری بۆ خەڵكی كوردستان لەدەست نایەت و لەم ٢٨ ساڵەی پێشێلكاریەكانی توركیادا ئەمە یەكەمجارە باسی ئەم ئامارانە دەكا، ئەویش نەك لە UN و دەزگا نێودەوڵەتیەكان بەڵكو بۆ ڕوسپیكردنەوەی خۆی لای خەڵكی خۆپیشاندەری شیلادزێ و خەڵكی ناڕازی كوردستان. ئاشكرایە كە دەوڵەتی توركیا دەریچەی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمنی پارتیە، هەربۆیە نەك هەر خەڵكی ئەو گوندە سنوریانەی كردۆتە قوربانی هێرشەكانی توركیا بەڵكو ئامادەیە هەموو كوردستان بكاتە سەربازگەی ئەو دەوڵەتە. 

ئەوە خەڵكی شیلادزێ و باقی شوێنەكانی كوردستانە كە خۆیان ئەم بنكە سەربازیانەی توركیا تێكوپێك دەدەن و وەڵامی هێرشە سەربازیە دڕندانەكانی سوپای توركیا بۆسەر ناوچە و ماڵ و حاڵیان دەدەنەوە. پارتی بەرامبەر بەم كردەوە شۆڕشگێڕانەی خەڵك تەنیا دەبێ ئارەقی خەجاڵەتی بۆ سەرانی توركیا بسڕێ و بەڵێنی تۆڵەكردنەوە لە قوربانیەكان بدات نەك لە جەلاد. ئەمە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی كوردە كە بۆ سێ دەیەیە خەڵكی كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێ كە نەك هەر خۆی سەركوتی خەڵك دەكا بەڵكو سوپای دەوڵەتانی توركیا و ئێرانیش دەپارێزن لەكاتێكدا كە خەڵكی كوردستان دەكوژن.

پارتی و یەكێتی نەك دەسەڵاتێكی ئابوری موڵكانەستێنن بەڵكو وەك دەسەڵاتێكی موڵكانە فرۆشی سیاسیشن بە ئەمریكا و ئێران و توركیا و عێراق. سەروەرێتی و دەوڵەتداری ئەم دوو حزبە لەم جۆرە فرۆشتنی خوێنی خەڵكی كوردستاندایە بەهەر هێزێك كە مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان پێویستیەتی.

ئاسۆ كەمال




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved