شیلادزێ لە نێوان هەرێم و ناوەندا

شیلادزێ لە نێوان هەرێم و ناوەندا

د.قارەمان شێخ بزێنی


495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شیلادزێ یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای ئامێدی، پارێزگای دهۆک، دەکەوێتە نزیک سنورەکانی وڵاتی تورکیا، چەندین ساڵە حکومەتی تورکیا بە بیانوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەو دەڤەرە بۆردومان دەکات و زیانی ماددی و مرۆیی بە خەڵکی دەڤەرەکە دەگەێنێت، بۆ نمونە  لە 23/9/2017* بە هۆی بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیاوە حەوت هاولاتی سڤیل شەهید بوون و لە 21/4/2017 بۆردمانی فرۆکەکانی تورکیا بووە هۆی بریندار بوونی ئافرەتێک، لە 6/5/2017 شدا بۆردومانەکان هاولاتیەکیان شەهید کرد، تا چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئەو دەست درێژیانەی فرۆکەکانی تورکیا بەردەوام بوون و چەندین هاولاتیانی ناوچەکە بونەتە قوربانی.

ئەمانەش بوونە هۆی پڕ بوونی کاسەی توڕەی خەڵکی شیلادزێ و لە 26/1/2019 دا پەلاماری یەکێک لە سەربازگە تورکەکانی نزیک شارۆچکەکەیان دا و دەستیان بە سەر سەربازگەکەدا گرت، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا، وەک ئیدانە کردن و شەرمەزار کردنی ئەو کاردانەوەیە و تۆمەتبارکردنیان بە گێرەشێوێن، لە کاتێکدا چەندین ساڵە سەربازگەی تورکیا بە شێوەیەکی نایاسای و دوور لە ڕێزگرتن لە شکۆی دەوڵەتی عێراق چەندین سەربازگەییان لەو ناوچانە کردۆتەوە.

 حکومەتی عێراقیش پێچەوانەی حکومەتی هەرێم بانگهێشتی کونسوڵی تورکیای کردووە و نیگەرانی حکومەتی عێراقیان گەیاندۆتە حکومەتی تورکیا و چاودێری بارودۆخەکە دەکەن.

سەیرەکە لەوەدایە، چەندین ساڵە هاوڵاتیان هەرێم بێباکانە لە لایەن فرۆکەکانی تورکیاوە دەکوژرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دڵی سەرۆکەکانی تورکیا نەڕەنجێت، هیچ ناڕەزایەک پیشان نادەن، تەنانەت وەکو پێویست ڕاگەیاندنەکانیش گرنگی پێنادەن، بۆ نمونە دوێنێ کاتێک ناڕەزای هاوڵاتیانی شیلادزێ تەقیەوە کەمترین ڕاگەیاندنی بینراو باسیان لەو ڕوداوە گرنگە کرد، لە بری داواکردن و بە دەنگەوە چوونی دانیشتوانی دەڤەرەکە بە شێوەی ناڕەوا بە گێرەشێوێن تۆمەتبارییان دەکەن!

ئەوەی لە کۆتای ئەم بابەتەدا دەمەوێت بیزانم ئەوەیە ئایا هاوڵاتیانی ڕاپەڕیوی شیڵادزێی دڵ بریندار کە داوای وەستای ڕژانی خوێنی ڕۆڵەکانیان دەکەن گێرە شێوێنن، وەکو حکومەتی هەرێم تۆمەتباری کردوون یان خاوەن مافن شایستەی ڕێزن؟!

د.قارەمان شێخ بزێنی




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved