ویستی خه‌ڵكه‌ یان گلۆپی سه‌وزی پارتیه‌؟

ویستی خه‌ڵكه‌ یان گلۆپی سه‌وزی پارتیه‌؟

عیماد عه‌لی


1143 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پارتیه‌كی میانره‌و وتی؛ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ نهێنیش بێت بۆ تۆی باس بكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌رم ده‌كه‌وێت، من له‌وباوه‌ره‌دام تاوه‌كو پارتی و سه‌رۆك بارزانی گڵۆپی سه‌وزی هه‌ڵنه‌كردبێت، خۆپیشاندان و ئه‌و رق و كینه‌یه‌ی دژ به‌ توركیا و به‌م شێوه‌یه‌و ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ رووی نه‌ده‌دا، وتم ئه‌ی بۆ ئێستا و پێشتر وا نه‌كرا. وتی:جگه‌ له‌ ئاساییبونه‌وه‌ی وه‌زعی كوردستانی پاش ریفراندۆم، كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئیمه‌و پابه‌ندبونمان به‌ سه‌رجه‌م داوا و مه‌رجه‌كانی توركیا وبه‌ راشكاوی بیڵێم ته‌نازوله‌كانیشمان له‌ پێناو بارودۆخی ئابووری بووه‌ و خۆت ده‌زانیت هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی ته‌وه‌ركان چی فه‌رز ده‌كات، ئه‌وا بودجه‌ی عێراق به‌ به‌شی هه‌رێمیشه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر درا و تا راده‌یه‌كیش دارایی هه‌رێم له‌ خه‌م ره‌ویوه‌ته‌وه‌ و ده‌رگایه‌كی زیاتر له‌ زۆر رووه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌  و ده‌رچه‌یه‌كی سیاسی ئابووری باشمان له‌به‌رده‌مدا ئاوه‌ڵا بوو به‌ به‌راورد به‌ پار و، وه‌ك خۆت ده‌بینیت توركیاش زۆر زیاده‌ره‌وی كرد له‌ بۆردومانی كوردستان وهیچ وه‌زعی پارتی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت و حسابی بۆ هیچ شتێك نه‌كرد، به‌ رای من؛ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ ئیستێك هه‌بوو له‌به‌رده‌م توركیادا، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت پشوودرێژی سنوری هه‌یه‌.

وتم: ئه‌ی پارتی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌رچیه‌ك بێت هه‌ڵده‌گرێت وزیلتر خۆی ناخاته‌ نێو زه‌لكاوی توركیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قورساییه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌وێت، یان حسابی ئه‌وه‌ی كردووه‌ یان كارێكی هاكه‌زاییه‌ و لایه‌نه‌كانی نه‌خوێندۆته‌وه‌،یان پێی ڕانه‌گه‌یشتووه‌ رێگه‌ له‌م راپه‌رینه‌ بگرێت. وتی: ئه‌ی تۆ نابینیت به‌ ره‌سمی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌ی كردووه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پارتی ناكه‌وێته‌ ژێر به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی زۆره‌وه‌. وتم: به‌ینی خۆمان بێت نزیكبونه‌وه‌ی توركیا و یه‌كێتیش هانده‌رێك نه‌بووه‌ بۆ ئه‌و تیشكه‌ سه‌وزه‌ وئینجا ئه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی نیچیرڤان بارزانی به‌ چاوشئۆغلو بۆ پاكانه‌ نه‌بووه‌، وتی: ده‌بێت له‌م كرده‌وه‌ گه‌وره‌یه‌دا ئه‌ویش، واته‌ نێچیرڤان بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ كارێك بكات و ده‌بێت دڵی توركیا راگرێت و باوه‌ر ناكه‌م مه‌سرور بارزانی بوایه‌ ئه‌و په‌یوه‌نیه‌ی بكردایه‌( به‌مه‌ش كوتله‌بازی له‌م تۆزه‌ قسه‌كردنه‌دا ده‌ركه‌وت). وتم ئه‌ی بۆچی له‌پێشتر پارتی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نه‌ناوه‌، وتی؛ دیاره‌ خوێندنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ زۆر وردبینی ده‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ی باسم كرد ئه‌وه‌ په‌یامێكیشه‌ پارتی بۆ توركیای ناردووه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی نوێ نه‌ك به‌رده‌وامبوون له‌ بۆردومانه‌كان. وتم؛ ئه‌ی خه‌ڵك رۆڵی نه‌بووه‌ و به‌ خۆڕسك نه‌بووه‌، وتی تۆبه‌ خۆت له‌وباوه‌ره‌دا نیت و چه‌ندین جار به‌خۆت نه‌توتووه‌ و نه‌تنوسیوه‌، ئه‌گه‌ر پارتی له‌و زۆنه‌ رازی نه‌بێت ته‌نانه‌ت چۆله‌كه‌ش ناتوانێت بفڕێت و تۆ نازانیت ئه‌گه‌ر پارتی رازی نه‌بێت شتی وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناقه‌ومێت ، وتم ئامانجی سه‌ره‌كیی پارتی وه‌ك حزب له‌مه‌دا چیه‌؟ وتی زۆره‌ و ده‌رئانجامه‌كانی زوو ده‌رده‌كه‌ون و چاوه‌رێ بكه‌.

 به‌ڵام ئه‌م براده‌ره‌ زیاده‌رۆییه‌كی كرد و وتی ئه‌مه‌ دوور نیه‌ له‌وه‌ی  كه‌ ئه‌مه‌ وه‌ڵامێكیش بێت بۆ هه‌ڵوێستی توركیا له‌ سه‌ر ریفراندۆم و، با ئوردوگان  بزانێت ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌نتی پارتی و كورد له‌لای پارتی بێ وه‌ڵام نابێت ئه‌گه‌ر زوو بێت یان دره‌نگ.ئه‌مه‌و چه‌ندین پاساوی هێنایه‌وه‌ بۆ گوایه‌  دواكه‌وتنی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی پارتی له‌مه‌ر توركیا له‌  رێگه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌، كه‌ به‌ پیرۆزی له‌قه‌ڵم دا.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی من پێداگریم له‌سه‌ر كرد، كه‌ رق و كینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان زۆره‌ و رۆژانه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ توشی نه‌هامه‌تی و كوشت و بڕ ده‌بن و، خه‌ڵك كه‌ هه‌ڵسا هیچ هێزێك ناتوانێت به‌ری لێبگرێت ئه‌گه‌ر پارتیش بێت. دیاره‌ بۆردومانه‌كه‌ی دوێنێ و شه‌هیدكردنی خه‌ڵكی سفیل رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵچونی جۆش و خرۆشی خه‌ڵك و هه‌ڵسانیان دژ به‌ توركیای داگیركه‌ر له‌ سه‌ر زه‌وی و زاری خۆیان، هه‌رچه‌ند زۆرینه‌ی قسه‌كانی ئه‌و براده‌ره‌م به‌ لۆجیكی ده‌زانی.

 دیاره‌ توركیا به‌هانه‌ی حازربه‌ده‌ستی هه‌یه‌ و به‌ كرده‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان . به‌ڵام ئه‌مرۆ سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردوگان باش بزانێت تاسه‌ر ناتوانێت هه‌موو شتێك بكات و بریار ته‌نها لای ئه‌و نیه‌ و ئیراده‌ی خه‌ڵك ئاسن ده‌توێنێته‌وه‌. بۆیه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ ئێمه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س و لایه‌ن یان خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ته‌نها له‌ پشت ئه‌مه‌وه‌ بن و وه‌كو شۆرشیكی سه‌رده‌م له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، یان به‌ به‌ نهێنی هه‌ڵكردنی تیشكی سه‌وزی پارتی بێت، ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی سیاسی عه‌سكه‌ری پیرۆزه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داگیركه‌ری له‌ خۆبایی و بوغرای تورك. ئه‌وه‌ی ئێستا بوترێت ته‌نها لێكدانه‌وه‌یه‌ و له‌ رۆژانی داهاتوو تا راده‌یه‌ك شته‌كانی ژێر په‌رده‌ روون ده‌بنه‌وه‌. 

به‌ڵێ ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ راپه‌رینێك بناسرێت له‌ ده‌رئه‌نمجامی رقی په‌نگخواردوی خه‌ڵكی زه‌ره‌ردیده‌ له‌ لایه‌ك و گه‌لی كوردستان به‌ گشتی و نیشتمانپه‌روه‌ران و خه‌مخۆرانی نه‌ته‌وه‌كامن له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بێت و ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان رێگه‌ی دابێت خه‌ڵك راپه‌رێت ئه‌وه‌ له‌ قازانجی ئامانجه‌ پیرۆزه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵك به‌ هیوایه‌ سنورێك بۆ دسه‌تدرێژی توركیا دابنرێت به‌ هه‌ر نرخیك بێت و یه‌كه‌مجاره‌ له‌ كوردستانی باشوور لوتی ئه‌ردوگانیش بدات له‌ شاخی به‌رزی وره‌ی كوردپه‌روه‌ران و گه‌لی قین له‌دڵ . 

عیماد عه‌لی



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved