پەكەكە لەچێشتخانەیەكی ڤانكوڤەردا

پەكەكە لەچێشتخانەیەكی ڤانكوڤەردا

هاوكار حسێن


919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەیانی زوو بوو، تازە شەبەقی دابوو. بەڵام هەورە تاڵەكە رێگەی نەدەدا خۆر سەردەربێنێت. كزەیەكی ساردی دەهات. لەگەڵ هاوڕێیەكم بۆ نانخواردنی بەیانی چووینە یەكێك لە رێستۆرانتە هەرە كۆنەكانی ڤانكوڤەر. چێشتخانەكە لەسەر یەكتربڕی دوو شەقامی سەرەكییە. لەساڵی 1996ەوە چۆن دروستكراوە، ئێستاش هەروایە، تەنانەت نرخی خواردنەكانیش نەگۆڕاوە، هەنوكە چی داوادەكەیت بە سێ دۆلارە، هەر ئەمەش هۆكاری قەرەباڵغیەكەیەتی. پەنجەرەیەكی كلاسیكی سێگۆشە و دەرگایەكی ئاسنی بۆ چونەژوورەوە هەیە. بەخەتێكی گەورەش لەسەر تەختی ناوچەوانی چێشتخانەكە نوسراوە: ماڵێك بۆ باشترین نانی بەیانیان لەشارەكەدا. 

وەك شارەمێرولە، پێنج كەس دەهاتنەدەر و پێنجی تر دەچوونەژوور، سەرە بە ناونوسین بوو، نیو كاژێر بەپێوە وەستاین تا بانگیانكردین بۆ دانیشتن. ناوەوەی چێشتخانەكە لەكامپێكی دەستبەسەری دەچێت كە بۆ ماوەی پەنجا ساڵێك كۆمەڵێك خەڵكی تێدا زیندانیكرابێت، هەركەسەش بەویستی خۆی شتێكی لەسەر دیوارەكە نوسیبێت، بەجۆرێك لەكۆی دیوارێكی 200 مەتری، شوێنێكی خاڵی نادۆزیتەوە بۆئەوەی دوو پیت بنوسیت. تەنانەت دەسكی دەرگا، لێواری مێز، قاچی كورسیەكان و بنمیچەكانیش پڕكراونەتەوە.

گارسۆنەكە داواكارییەكانی ئێمەی بۆ خواردن وەرگرت و رۆیشت. من نوسراوەكانی سەر دیوارەكەم دەخوێندەوە، شتی عەنتیكەی تێدابوو، وەك:
- ئەمڕۆ هەموومان لێرە نانی بەیانیمان خوارد، خێزانی براهام، ئابی 2006.
- عەشقی تۆ، دەرمانی هۆشبەرە بۆ من. 
- ئەمە هەموو رۆژێك رونادات.

هێندە لەو شەڕە پشیلەم روانی ئیدی چاوم هیلاك بوو، چاویلكەكەم لە چاوم كردەوە، بۆ خولەكێك لەگەڵ هاوڕێكەم باسی درەنگكەوتنی خواردنەكەمان كرد. دیسانەوە چاوم خستەوەسەر دیوارەكەی لاتەنیشتم، لەپڕ سێ پیتی (PKK)ەكم بینی، هەستامەسەرپێ و نزیك لێمڕوانی، بینیم بەلاتینی نووسرابوو: بژی پەكەكە. 

نازانم كەی و كێ ئەمەی نووسیوە، هەركەسێك كردویەتی سوپاسێكی گەورەی قەرزدارم. چونكە بۆ ساتێك هەستێكی خۆش دایگرتم كە لەوپەڕی دونیا و لەچێشتخانەیەكی لاچەپەكدا و لەسەر دیوارێكی تەونكراو، دوو وشەی كوردی بدۆزیتەوە، وەك ئەوە وایە پەلی منداڵێكت بەدەستەوەیە و لەقەرەباڵغیەكدا لێت وندەبێت، پاش نیو سەعات گەڕان، لەپڕ دێتەوە بەردەمت و باوەشت پێدادەكاتەوە.

هاوكار حسێن



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved