وه‌ده‌رنانى گه‌ریلا

وه‌ده‌رنانى گه‌ریلا

حەسەن هەندرێن


970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
 تێكبه‌ستنه‌وه‌ى وه‌ده‌رنانى سوپاى داگیركه‌رى توركیا به‌ گه‌ریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان، له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان، سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌یه‌كى ته‌ریبه‌ به‌ سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان و تۆرانه‌كان. چونكه‌ له‌ڕابردوودا نموونه‌ زۆرن بۆ چوونه‌ ناوه‌وه‌ى خاكى پارچه‌یه‌كى دیكه‌ى كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى سوپاى توركیا دواى سه‌دان ئۆپه‌راسیۆن و دانانى ده‌یان ته‌ڵه‌و پلان و پیلان، نه‌یانتوانیوه‌ به‌سه‌ر هێزێكى وه‌ك گه‌ریلا سه‌ركه‌ون، بۆیه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ بیانووگرتن له‌مانه‌وه‌ى گه‌ریلاو به‌مه‌رامى هه‌ڵقه‌ناندیان له‌و زۆنه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ بنكه‌و باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كانى خۆیان تێداداناوه‌ هه‌وڵى نه‌بڕاو ده‌ده‌ن. 

ئه‌وانه‌ى هه‌مان ئاوازیش ده‌ڵێنه‌وه‌، لانى كه‌م دوو تایپن، یه‌كێكیان ئه‌وانه‌ن كه‌ بێلێكدانه‌وه‌و رۆچوون به‌ناو ره‌هه‌نده‌كانى نه‌ته‌وه‌و یه‌ك نیشتمان‌و بابه‌ته‌ قووڵه‌كانى خه‌بات، له‌تاو په‌ره‌سه‌ندنى تاوانه‌كانى سوپاى داگیركارى توركیاو نه‌پاراستنى ده‌ست له‌ كوشتنى خه‌ڵكى سیڤیلى ئه‌و گوند و ناوچانه‌ى ده‌كه‌ونه‌ سنوورى ته‌ماس له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى گه‌ریلا، رایه‌كى له‌مچه‌شنه‌ ده‌رئه‌بڕن، به‌ڵام كه‌ ئه‌گاته‌ سه‌ر بارى به‌راوردكاریی بێگومان لایه‌نگرى هێزى گه‌ل ده‌گرن كه‌ گه‌ریلایه‌. به‌ڵام تایپى دووه‌م ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌هوشیارییه‌وه‌و له‌روانگه‌ى رقێكى قووڵ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ریلاو پارتى كرێكاران ئه‌م رایه‌ ده‌رده‌بڕن و ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌سه‌روه‌رى خاك و هه‌ندێك بڕگه‌ى یاسایی. بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردووى خه‌بات و تێكۆشانى گه‌له‌كه‌مان له‌پارچه‌كانى كوردستان.  وه‌ك ئه‌وه‌ى شێخ عوبه‌یدوڵڵاى نه‌هرى خه‌باتى خۆى له‌جێی زێدى خۆى كه‌ باكورى كوردستان بوو، بۆ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان گواسته‌وه‌و خه‌ریك بوو ورمیه‌ش ئازادبكه‌ن، یان ئه‌وه‌ى سمكۆى شكاك كردى و كه‌وته‌ پشت هه‌وڵه‌كانى شێخى نه‌مر، یان نه‌دیتنى ئه‌و ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌ى كه‌ مه‌لامسته‌فاى بارزانى له‌ رۆژهه‌لاتى كوردستان به‌هێزێكى هه‌زاران پێشمه‌رگه‌وه‌ كه‌وته‌ پشت خه‌باتى پێشه‌وا بۆ بنیادنانى حكومه‌تى كوردستان. 

ده‌بێ مانه‌وه‌ى گه‌ریلاكانى پارتى كرێكارانیش له‌م ناوچانه‌، وه‌ك ئه‌م حاڵه‌تانه‌ى رابردووى مێژووى گه‌له‌كه‌مان‌و وه‌ك بارێكى ناچارى لێكدانه‌وه‌ى بۆبكرێ، نه‌وه‌ك هه‌ر به‌یه‌ك دیو سه‌یرى مه‌سه‌له‌كه‌بكرێ. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچیشی له‌ هێزه‌كانى گه‌ریلا قازانج نه‌كردبێ ئه‌وه‌نده‌ى سوود لێبینییون كه‌ وه‌ك پشتێنه‌یه‌كى ئامیین ئه‌و ناوچانه‌یان پاراستووه‌ له‌دزه‌كردنى هێزه‌ تیرۆریسته‌كانى نموونه‌ى قاعیده‌و داعش، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌نى ستراتیژیی ئه‌منییه‌وه‌ ده‌بێ به‌هه‌ند وه‌ربگیردرێ و ستایش بكرێن، له‌برى ئه‌وه‌ى فشاریان بخرێته‌سه‌ر بۆ ده‌رچوونیان له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان.  

له‌هه‌مووى سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ى زیاتر باس له‌بابه‌تى نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن و راگه‌یاندنیان پێوه‌ سه‌رقاڵكردووه‌ هه‌ر ئه‌وانیشن ئه‌كه‌ونه‌پشت رایه‌كى له‌مچه‌شنه‌ بۆ ده‌رچوونى په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكى هه‌رێم. وه‌ك ده‌زانین پێشتریش ئه‌م رایه‌ هه‌بووه‌ و شه‌ڕى وه‌ده‌رنانیشیان كراوه‌، به‌ڵام  ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ی هێنایه‌وه‌ پێش راپه‌ڕینى خه‌ڵكى شێلادزێ بوو دژ به‌ كه‌مپێكى سوپاى توركیا‌و ناچاركردنیان به‌به‌جێهێشتنى كه‌مپه‌كه‌...ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ش به‌رامبه‌ر شه‌هیدكردنى هاوڵاتیانى ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.      

حه‌سه‌ن هه‌ندرێن




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved