کورد و جاشایەتی

کورد و جاشایەتی

شوان ئەحمەد


904 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کورد و جاشایەتی

- ئەو هەموو جاش و سیخوڕ و بەعسی و فایل دارە، کوێوە چوون؟ - 
(ستەمکار) بەیەکێک لەسەرچاوە گرنگەکانی بەعسناسی ئەژمار دەکرێت. پێموایە لەگەڵ(کۆماری ترسی کەنعان مەکییەو حیزبی بەعسی مەتاع سەفەدی و بەعسی عێراقی حازم ساغیە)دا، گرنگترین چوار سەرچاوەیەک بن بۆ ئاشنابوون بەبەعس و بۆ ئاگاداربوون لەمێژووی بەعسیزم (بەتایبەت لەتایپە عێراقیەکەی)دا.
(ستەمکار) نوسەر و ڕۆماننوس زوهێر جەزائیری نوسیویەتی و ساڵی ٢٠٠٦ چاپی یەکەمی لەبەغدا – بەیروت لەلایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ستراتیژیەوە، بەقەوارەی ٣٤١ لاپەڕە بڵاوکراوەتەوەو سەرۆکی پەیمانگاکەش (فالح عەبدولجەبار)ی کۆچکردوو، پێشەکی بۆ نووسیوە.
هەرچەندە کتێبەکە هەڵەی زۆری چاپ و هەڵەی بەروار و هەڵەی مێژوویی تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕ زانیاری وردو باس و خواسی گرنگە، لەسەر بەعس و لەسەر قۆناغێکی گرنگ و پڕ ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی عێراق.
لەلاپەڕە (١٨٠ – بۆ ٢٠٣ )، باس دێتە سەر کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و کورد بەگشتی و زوهێر جەزائیری بەپیتی درشت دەنووسێت : ( لەبەرواری ١٨ / ٣ / ١٩٨٧ بەبڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ، عەلی حەسەن مەجید کرا بەفەرمان ڕەوای یەکەم و بکوژ و ببڕی کوردستان... ئەو پیاوە بەئەندازەیەک ڕقی لەکورد بوو ، وێنەی نەبوو. کاسێتی تۆمار کراوی کۆبوونەوەکانی، پڕن لەو ناو و ناتۆرانەی سوکایەتی پێکردنێکی زۆری بەکورد تێدایەو بەڕوون و ڕەوانی پێیان دەڵێت : وڵاخ ، بزن ، گوێ درێژ ، خائین و خۆفرۆش و.....هتد. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو کوردانەی لەوسەردەم و زەمانەدا، لە ئەفواج خەفیفەکان دا شان بەشانی سوپای عێراق شەڕیان دەکردو ماڵ و حاڵی خۆیان دەکردە سوتماک، لەدوو سەدو پەنجا هەزار چەکدار زیاتر بوون. بەباسک و بازووی گاردی کۆماری و جاشە کوردەکان، توانرا لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەنفال دا ٩١٢ گوند و شارەدێ، لەگەڵ زەویدا تەخت بکرێن و سەرەنجام ١٨٢ هەزار هاوڵاتی سڤیلیش ، بەبێدەنگی گۆڕ بزر بکرێن. بەبڕیارێک کە ژمارە – س . ف . ٤٠٠٨ – لەسەرەو بەواژۆی عەلی حەسەن مەجیدەوەیە ، تێیدا هاتووە جگە لەچەکە قورسەکان هەرچی شتێکی دیکە کەموستەشارو چەکدارانی ئەفواج خەفیفەکان دەستیان دەکەوێت ، بۆ خۆیانە).
کۆمەڵگەی کوردی جمەی دەهات لەجاش و سیخوڕ و بەعسی و دواتر لەشکرێ فایلداری شۆڕشگێڕیشی تێدا دەرکەوت، کەچی لەدوای ڕاپەڕینەوە تائێستا هەرچی دەم دەکاتەوەو هەرچی دەستی قەڵەم دەگرێت، باسی خەبات و قارەمانێتی و نیشتیمان پەروەری و کوردایەتی دەکات و هەست دەکەیت کورد یەک دوا بەیەکی، جەنگاوەر و زیندانی سیاسی و ڕێکخستنی نهێنی و تەتەری شۆڕش بووە، بەڵام کەسێک نادۆزینەوە باس لەو هەموو خەجاڵەتی و ئابڕوو چوونانە بکات و بیان نوسێتەوە.
هەر بەڕاست ئەو حەشامەتە زۆرەی جاش و بەعسی و جاسوس و فایلدارە بەڕێزانە، چییان لێهات و کوێوە چووەن؟
وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکرایە ، هەر هەموویان یەکە یەکەو دەستە دەستە سوک و باریک دوای ڕاپەڕین ، لەژێر ناوی ئاشتەوایی نیشتمانی و لێبوردنی گشتی ، بەموبارەکەی حیزبە کوردییەکان، هاتنەوە ڕیزی بەناو نیشتمانی و بوون بە: (........).
ئاخر پەردەپۆش کردنی ڕابردوو، هەروەها نیشاندانی پەرێز پاکی و کوردایەتی، هەر بەوە مەیسەر دەبوو.شوان ئەحمەد

شوان ئەحمەد




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved