هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی داعش هەتا تێکشکانە عەسکەریەکەی ، جمهوری ئیسلامی ئێران سەلماندی کە لەگەڵ ئەمەریکا هەرچەند لە تاکتیکدا ناکۆکن ، بەڵام خاڵی ستراتیجی هاوبەشیان زۆرە . جا لە حاڵەتی ڕوخان یان مانەوەی ئەم نیزامەی ئێستاشدا ، کرانەوەی ئێران بەڕووی ئەمەریکا حەتمیە و ئەبێت ڕووبدات . بەو کارەش ئێران خۆشەویست تر ئەبێت لە ترکیا . بەڵێ جگە لە ووتارە ئاگریینەکان کە هەڕەشەی تاکتیکیین ، ئێران لە هیچ حاڵەتێکدا بە کردار هەڕەشەیەکی سترایجی نیە لەسەر ئیسرائیل و رۆژئاوا . بەڵام ئەم حاڵەتە پێچەوانەیە بۆ ترکیا چونکە ئەردۆگان رۆژئاوای خستۆتە دڵەڕاوکێوە بەرامبەر داهاتووی ترکیا . خۆدەرخستنی رەجەب ئەردۆگان وەک دەمڕاستی ئیسلامی سوننە ، ئاستی جەماوەری لە ناوخۆ زیاد کرد ، لە ناو کۆمەڵگەی جیهانی ئیسلامیشدا لەڕووی دپلۆماسیەوە بەهێزتر دەرەکەوت . هەردوو خالەکەش بەسوود بوو بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی لەدەسەڵتدا . هەرچەند ئەمە بۆ ئەردۆگان یاریکردنە بە ئاگر ، بەڵام وادیارە تازە لە تونێلێکدایە و پاشەکشە لێی خۆکوشتنە . ئەم تاکتیکەی بۆ هەر مەبەستێک بێت ، ئەوا بەمەجبوری دەبێت بیکات بە ستراتیج .
دەرەنجامی ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەیەی ئێران و ترکیا پێمان دەڵیت کە : ئێران ملی ڕێگەی نزیکبوونەوە و گوێڕایەڵی بۆ رۆژئاوا دەگرێت و ، ترکیا ملی ڕێگەی داخران و سەرەڕۆیی . بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە : چۆن کوردەکان لەم گەمەیەدا یاریەکەیان بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام جێی سەرنجی رۆژئاوابن؟
لە ٢٠٠٣ وە کە ئەردۆگان وایدەرخست گومانی لە نیەتپاکی ئەمەریکا و بەریتانیا هەیە لە عیراق ، جەماوەری لەناو جیهانی ئیسلامیدا زیادی کرد ، ئنجا کە هەستی بە هەوەسی سوڵتانی کرد ، درێژەی دا بە ململانێی ئیعلامی لەدژی سیاسەتی رۆژئاوا لە ناوچەکە . کە ڕابەری ئیسلامی ئێران پشتیوانی بەشار ئەسەد و هێزە شیعیەکان دەکات لە سوریا ، ئەردۆگانی سوڵتانی پشتیوانی هێزە سوننیە جیهادیەکان دەکات . هەردوولاشیان بەدوای نفوژی زیاتردا دەگەڕێن لە وولاتە عەرەبیەکاندا . ئەمە لەکتێکدایە کە شای سعودیەش بە هێزی ئابوری و وەکیلە عەسکەریەکانیەوە دژایەتی نفوزی هەردوکایان دەکات . جا کە ئەو چەکدارە وەکیلەکانە لەجەنگدان دژ بەیەک ، سۆنەر کاگاپتەی لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی- رۆژهەلاتی-نزیک دەڵێت رۆژهەلاتی نێوەند تەنها جێگەی ڕابەرێک یان سوڵتانێکی هەیە نەک جێگا بۆ هەردوکیان لەیەک کاتدا . لەلایەکەی ترەوە علی ڤایز لە گروپی ئەزەماتی نێودەوڵەتی دەڵێت " تاران و ئەنکەرە بەرەو ئاراستەی پێکدادان دەڕۆن" ، ئەمە لەکاتێکدایە کە ریاز و تاران سەردەمانێکە لە پیکدادانی ناراستەوخۆدان . میراتی ئەم سێ کاراکتەرەش ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە حەوسەڵەی لەبەر دانیشتوانەکەی بڕییوە . دیارە کە خامنەیی و ئەردۆگان سەرقاڵی گەمەیەکی ترسناکن لە سوریا و عێراق ، ئەمەریکا و روسیاش ئاگاداری ئەم گەمەیەن ، بۆیە لە هەرلایەکەوە سەیری ئەکەیت پێشبینی خوێن ڕشتن و ناسەقامگیری زیاتر ئەکەیت لەم ناوچەیە .
خاڵی لێکچوونی ئێران و ترکیا کە یازدە جەنگیان دژبەیەک کردوە لە ماوەی پێنج سەدەی رابردوودا شایانی تێڕوانینە . هەردوو وولات دانیشتوانیان لەسەروو هەشتا ملیۆنەوەیە ، هەردوکیان خاوەنی ئیمپراتۆریەتی کۆن و شارستانی درەوشاوەن ، هەردوکیان ململانیی ڕوسیایان هەبوە و هەردووکیان بەسەرکەوتوویی خۆیان پاراستووە لە کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی . لە سەردەمی مۆدێرنیشدا (لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم) هەردوکیان بوون بە خاوەنی دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر لە ناوخۆدا . هەردوو سەرکردە ، علی خامنەیی و رەجەب ئەردۆگان خاوەن دەسەڵاتی ڕەهان ، بەلام هەردوکیان لەژێر ناوی هەڵبژاردن و کابینەی حکومی و ئاڵوگۆری دەسەڵاتدا خۆیان مەڵاس داوە . هەردوکیان چێویان لەوەیە کە لەناوەرۆکدا وەک خەلیفە حوکمی کۆمەڵگەی ئیسلامی بکەن . کە ئێستا ئێران ئیدعای سووتانی کیانی ئیسرائیلی دەکات و ترکیاش وەک نازیەکان وەسفی ئیسرائیلیەکان دەکات ، بەڵام هەتا کۆتایی سەدەی ڕابردوش بێدەنگیان لە ئیبادەی فەلەستینیەکان هەڵبژاردبوو . شایانی باسە لە سەدا ٤٥ ی دانیشتوانی تریکا پشتیوانی لەو سیاسەتەی ئەردۆگان دەکەن ، بەڵام خامنەیی تەنها لەسەدا ١٥ی پشتیوانی دانیشتوانەکەی خۆی هەیە ؛ بۆیە ئێران زیاتر لەژێر گوشاردایە بۆ نزیکبوونەوە لە رۆژئاوا .
لە جەندین لایەنەوە ئیران پێش ترکیا کەوتووە و دواترئەوەی دووهەمیان بەدووی کەوتووە . خامنەیی لە ١٩٨٩ دەسەلاتی لە ئیران وەرگرت و ئەردۆگان لە ٢٠٠٢ . ئێران خاوەنی رێژەیەکی زۆرە لە گاز و نەوت و دەمێکە وەبەرهێنانی تیادەکات و ئیدیعای خۆبژێوی کردوە ، بەلام ترکیا تازە ژێرخانی ئابووریەکی بەهێزی داڕشتووە . ئیران دەمێکە هێزو ئایدۆلیجی شیعە هەناردەی دەرەوە دەکات و بەوەکالەت لە چوار پایتەختی عەرەبی دەسەلاتی هەیە ، بەڵام ترکیا لەناوخۆدا نەیاری زۆرە و تازە خەریکی ئەم گەمەیەیە لە قەتەر و سۆمال و سوریا و عێراق . ئێران بە ئاشکرا دوژمنایەتی ناتۆ و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و مانەوەی خۆشی پاراستووە ، بەڵام ترکیا تازە لەم دوژمنایەتیەی ناتۆ و ئەمەریکادا بەدووی ئێران کەوتووە ، بەبێ گوێدان بە پاراستنی ئامانجە ئابوریەکەی بۆ ئەندامیەتی لە یەکێتی ئەوروپا.
ئێستا کە شەڕ لەنێوان هێزە کوردیەکانی سوریا و ترکیا لە ناوچە کوردیەکان هەیە ، وادیارە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەخشکەیی سەرقاڵی سیاسەتێکن کە ڕەنگە لێکچوونێکی تیا بێت لەوەی سەرەتای شەڕی سوریا ، بەڵام هێڵە گشتیەکان وایدەرەخەن کە ئەمجارە ئامانجەکە ترکیا بێت بەمشێوەیەی خوارەوە.
لەوکاتەدا کە رژێمی ئەسەد گازی ژەهراوی بەکارهێنا دژی نەیارەکانی لە دەوروبەری دیمەشق و سەدانی کوشت ، ئەکادیمی و نوسەری کۆنسێرڤەتیڤی ئەمریکی ئیدواد لوتواک کە کەسێکی حەکیمە لە بواری سیاسەتی بەرگریدا لە ٢٤ ئابی ٢٠١٣ ئارتیکڵێکی بەناوبانگی نوسی لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ووتی: لە پێکدادانەکانی سوریادا هەر لایەنێک جەنگەکە بباتەوە ئەوە ئەمەریکا دۆڕاوە . لوتوارک ووتی : باشترە کە ستراتیجی-نموونەیی-ئەمەریکا بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا بریتی بێت لە بواردان بە هەموولایەنەکان بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ . ئەو نادپلۆماسیانە بەڵام ڕاستگۆیانە دای لەبنی هەمانەکە و ووتی سەرکەوتنی هیچلایەکیان یان وەستانی جەنگەکە لەبەرژەوەندی ئەمریکا نیە ، بەڵکو بەردەوامبوونی بەم شێوەیە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە . بۆیە باشتر وایە کە پشتیوانی لایەنی لاوازبکەین بە چەک-و-تەقەمەنی هەتا هاوسەنگی هێز بەدەست دێتەوە و پاشان پشت تێکردنیان پێش ئەوەی ببن بە براوەی راستەقینە. ئەو ووتی بۆیە ئیستا [ ٢٠١٣ ] پیویست بە دەستوەردانی کارای ئەمەریکا ناکات لە شەڕی سوریادا . لۆتواک دەیووت : ئەگەر واز لە ئەسەد و حزباللە و ئێران بهێنین کە شەڕبکەن دژی جیهادیەکان ، ئەوا سەرقاڵکردنی ئەو چوارلایەنەیە بەشەڕێکەوە کە سوود بە ئاسایشی ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی دەگەیەنێت . جا سەرکەوتنی تاکتیکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بریتی بوو لە بەردەوامیدان بە خوێنڕشتن-و-ترس-و-وێرانکاری ، بۆ ئەوەی کە ئەو لایەنە شەڕکەرانە ئەوەندە لەیەکتر بکوژن هەتا هەموویان بەتەواوەتی شەکەت و لاواز دەبن ؛ ئینجا هەڵبژاردنی کاریگەرترینیان لە ڕووی توانی جەنگینەوە [قوەی قیتالی] کە لەتوانایدابێت ئەو کارە بکات کە پێویست بوو هێزی ووشکانی ئەمەریکا بیکات . دیارە ئەو هێزەش کە لەو تاقیکردنەوەکەی ئەمەریکا دەرچوو بریتی بوو لە هێزە کوردیەکان .
ئەم پاشەکشەیەی سوپای ئەمەریکا لەم کاتەدا لە خاکی سوریا بوار دەرەخسێنێت بۆ جەنگاوەرە وەکیلەکانی ترکیا و ئیران و سعودیە و سوریا کە ڕاستەوخۆتر ڕووبەڕووی یەکترببنەوە ؛ لەوکاتەشدا ئەمەریکا وەک سەرەتای سەردەمی دەرکەوتنی داعش لەدوورەوە سەیردەکات و ناوبەناو یارمەتی لاوازەکەیان دەدات بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز بۆ ئەوەی ئەوندە شەڕبکەن هەتا حەزی شەڕکردن لەچاویان ئەتۆرێت . جا ئەگەر جەنگەکە زۆر خوێناوی بێت رەنگە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کارێک بکات و جۆرێک لە لێپرسراوێتی بگرێتە ئەستۆ ، کە ئەمەش دەبێت بە گەورەتریین سەرکەوتن بۆ تاکتیکی ئەمەریکا .
لوتواک دەڵێت گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە ڕێگە بەخۆت بدەیت هەستوسۆز لێکدانەوەی ستراتیجیت بشێوێنیت . لێکدانەوەی ستراتیجی ئەمەریکاش دوورە لە هەستوسۆزەوە و بڵاوەپێکردنی هێزەکانیشی لە جیهاندا تەنها لەپێناوی ئابوری و ئاسایشی ناوخۆیدایە . ئیتر نیعمەتی گەورە بۆ دانیشتوانی رۆژهەڵاتی نێوەند تێگەیشتنە لەم ڕاستیە بۆ ئەوەی گەشە بە خۆیان بدەن لەجیاتی گلەیی لە نامەردی و بێوەفایی ئەمەریکا ، چونکە پێناسەی مەرد و وەفا لای رۆژئاوا ئەوەیە کە سەرەتا سەلامەتی و بەرژەوەندی هاوولاتیەکانی خۆت بپارێزییت .
بەرگری ئەمەریکا لە کوردەکانی سوریا لە دەرەنجامی خۆپیشاندان و نارەزاییە جەماوەریەکانی ناوخۆ و ئەوروپا و ئەمەریکا نیە یان جووڵانی هەستوسۆز لەڕێی فەیسبوکەوە ، بەڵکو دەرەنجامی توانای جەنگینی کوردەکانی سوریایە لەسەر ئەرزی واقێع ، بۆیە هەمان سیاسەت بەرامبەر کوردەکان پەیڕەو ناکات وەک ئەوەی کە لەگەڵ جیهادیەکانی سوریا کردی ، چونکە ئەگەر ئەردۆگان یەکسان بێت بە بەشار ئەسەد ، ئەوا کوردەکان یەکسان نیین بە داعش و حیزباللە . جا ئەگەر کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیان بەرگریەکی قارەمانانە بکەن دژی هێرشی ترکیا و وەکیلەکانی ، ئەوا هاوکێشەکە لەبەرژەوەندی خۆیان بەدەستدێننەوە چونکە مەعلومە کە لە رۆژهەلاتی نێوەند ئەوەی هێزی هەبێت سەلامەتە .
ئەوەی کە دیارە ئەمەریکا بە ڕواڵەت واز لەکوردەکان دەهێنێت بۆ ئەوەی بکەونە جەنگەوە لەگەڵ ترکیا و ڕووی ڕێستی ترکیا بەتەواوی بۆ جیهان هەڵماڵرێت . جا کە جەنگاوەرە وەکیلەکانی ئێران و ترکیا و سعودیە لەو ناوچەیە بکەونە شەڕەوە و ، کوردیش بەهەمان ئیرادەی شەڕی کۆبانێ بەرگری لە خۆی بکات ، ئەوا سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر کورد خۆی دەسەپێنێت [ هەروەک سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو کە سەدام ویستی کورد ئیبادە بکات ] و هێڵی دژە فریین بۆ پاراستنی ئەو بەشەی کوردستان لە هەڕەشەی ترکیا و سوریا مسۆگەردەبێت . دەرەنجام هەروەک کوردستانی عێراق ، شەرعیەتی پاراستنی کوردستانی سوریاش دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان .
ئەم کارانەی ئەمەریکا بەداخەوە خەفەتە، بەلام باشترین هەڵبژاردەیە بۆ خۆیان . ئەوانەشی کە سەرەکۆنەی ئیدارەی ئەمەریکا بکەن لەو جۆرە سیاسەتکردنە ، دیارە بەدیلەیەیان ئەوەیە کە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر سوریا ، کە ئەمەش واتە ناردنی ژمارەیەکی زۆری هێزی پیادەی ئەمریکا بۆ سوریا و داگیرکردنی کە زەحمەتە ئەمریکیەکان بەم کارە رازیببن . ئەم جۆرە سیاسەتکردنەی ئەمەریکا بەرنامەی بۆش و ئۆباما و ترەمپ نیە ، بەڵکو ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەتی ئەمەریکایە کە گۆڕینی لە توانای سەرۆکەکانیان بەدەرە .
میهرەبان مەلا رەووف
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی