لە ساڵیادی تەقینەوەكەی یەكی شوبات

لە ساڵیادی تەقینەوەكەی یەكی شوبات

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی


1236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دیوە شاراوەكەی لاوازبوونی كۆسرەت ڕەسول لە هەولێر
پانزدە ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی 1ی شوباتی 2004، یەكێك لە سیاسەتمەدارە ژمارە یەكەكانی یەكێتیی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ، كە لە تەقینەكەی مەڵبەندی سێی هەولێر گیانی لە دەستدا، ناوی " بەهرۆز حمد " ناسراو بە مامۆستا شوان بوو.

ئەو سەركردەیەی یەكێتیی لە ساڵی 1976، پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە كردەوە، لەسەرەتاكانی دروستبوونی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیشەوە دەستی بە كاری سیاسی كردوە، تاوەكو ئەو ڕۆژەی گیانی لە دەستدا.

بەپێی گێرانەوەی سەركردەكانی ئەو حزبە، بەهرۆز حەمەد سەركردەیەكی پەروەردەكاری لێهاتووبووەو، بە پیاوی زانیاری وردو بەڵگەدارەكان هەژماردەكراو، هەمیشە خوێندنەوەو شیكردنەوەكانی بۆ قەزیە ناوخۆییەكانی نێوحزب لە شوێنی خۆیدابووە.

هەرلەسەرەتای كاركردنیەوە یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكانی كۆسرەت ڕەسول علی و ئیدارەی ئەو باڵەی كۆسرەتی كردوە، كە لە ناو یەكێتیی بە باڵی هەولێری و كۆسرەتییەكان ناسراوبوون، هەربۆیەش لە لای ماڵی مام جەلال ناوبراو بە مەتبەخی پشتەوەی كۆسرەت رەسوڵ ناسراوبوو.

بەپێی قسەی كەسە نزیكەكانی بێت، ئەو یەكێك بوو لەسەركردە خوێنەوارەكانی دەشتی هەولێرو هەمیشە لە پشتی پەردەوە كاری جیاوازی كردوەو، بیركردنەوەی قوڵیشی هەبوو بۆچارەسەركردنی كێشەكان، زۆرجاریش بە ڕاوێژكارە دەستەڕاستەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ ناوی دەهێنرا. دەوترێ تاكە كەسیش بووە كە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە سەردانی ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ و ژوورە تایبەتەكەی ئەوی دەكرد، كۆسرەت گوێگرێكی باشی ئەو بوو لەو كاتانەی قسەی بۆدەكرد.

بەپێی گێڕانەوەكانی دەوروبەرەكەی ناوبراو، دوای ئەوەی مام جەلال بەوەی زانی، كە ناوبراو ئەندازیارو پلانداڕێژەری كۆسرەت ڕەسولەو ئیدارەی رێكخستنەكانی ژێر دەستی ئەو دەدات، بانگهێشتی دەكات و داوای لێدەكات كار لەگەڵ سكرتێری گشتیی بكات، واز لە كۆسرەت ڕەسول بهێنێت، لەبەرامبەردا لە كۆنگرەی دوو ئەو حزبە دەیكات بە ئەندامی سەركردایەتی، بەڵام ناوبراو بە مام جەلالی ڕاگەیاندوە: بەهۆی ئەوەی هاوڕێی نزیكی كۆسرەتە رەسوڵەو ئەخلاقیەن ناتوانێت ئەو داواكاریە قبوڵ بكات.

بەهۆی ڕەتكردنەوەی داواكەی مام جەلال، ناوبراو نەیتوانی لە كۆنگرەی دووی ئەو حزبە بچێتە سەركردایەتی، لەكاتێكدا ژمارەیەك كادیری ئەو حزبە لە سنووری پارێزگای هەولێر، كە لەسەر دەستی ئەو پەروەردە ببوون، چوونە سەركردایەتی و یەكێك لەوانەش بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.

كۆسرەت ڕەسول، لە زۆر بۆنەو دانیشتندا باسی لە گرینگی بەهرۆز حەمەد و فاروق جبار ( سكرتێری پێشووی نوسینگەكەی ) كردوە ، چونكە لە دوو قۆناعی جیاوازدا لە ساڵی 1996 و 2004 ، بەهۆی نەمانی ئەو دوو كەسە لە زۆر وێستگەدا نەیزانیوە پەنا بۆ كێ بەرێت، هەربۆیەش لای ئەو هەرجارێك باس لە بیرەوەرییەكانی ئەو دوو كەسە دەكرێت، ناوبراو ئاخێكی زۆر هەڵدەكێشێت، بەپێی هەندێ گرتە ڤیدیۆیش كە لە كاتی مردنی ئەو كەسانە تۆماركراوە، كۆسرەت ڕەسوڵ زۆر بەحسرەوەتەوە بۆیان دەگریت.

تاوەكو مردنیشی زۆربەی رێكخستنەكانی یەكێتیی لە سنووری پارێزگای هەولێر، كە بە كۆسرەتیییەكانی هەولێر ناودەبران، بەشێكی زۆریان لەسەر دەستی بەهرۆز حەمەد تەنزیمكرابوون و هەرخۆشی ئیدارەی دەدان، لە دوای نەمانی ئەو ئیتر رێكخستنی یەكێتی بەجۆرێك لەجۆرەكان لە نێوشیان ئەوانەی نزیكبوون لە كۆسرەت ڕەسول لە سنووری پارێزگای هەولێر، تاڕادەیەكی زۆر بەرەو لاوازی چوو، جگەلەوەی نەمانی بەهرۆز لە ژیان یەكێك بوو لە هۆكارەكانی گەورەكانی لاوازبوونی كۆسرەت ڕەسول لە هەولێر.

دەوترێ لە دوای كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆو بەفەرمی هاتنەوەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر، ناوبراو یەكەم كەس بووەو لە ڕێگەی داتاو ئامارو دۆكۆمێنتەوە، باسی لە لاوازبوونی نفوزی یەكێتیی لە هەولێر بۆ كادیرو سەركردایەتی حزبەكەی كردووەو ئاماژەی بەوەكردوە: پێگەی یەكێتیی لە هەولێر زۆر لاوازبووە، ناكرێت ئەوەندە خۆشباوەڕبین بەوەی، كە دوو هەزار ئۆتۆمبێل لەدەرەوەی مەڵەبەندی هەولێر ڕێزی گرتووە، وابزانین یەكێتیی وەكو جاران زۆرینە لە هەولێر.

پڕۆفایلی ناوبراو:
ـ ناوی تەواو : بەهرۆز حمد صالح نادر
ـ ناسراو بە : شوان
ـ تەمەن : 1ـ7ـ 1953
ـ شوێنی لە دایك بوون:ناحیەی قوشتەپە ـ پارێزگای هەولێر.
ـ ئاستی خوێندن : دەرچووی كۆلیژی یاسا
ـ خێزانداربوو خاوەنی پێنج منداڵە.
ـ ساڵی پەیوەندی بە رێكخستن : 1976
ـ ئەندامی هەردوو كۆنفرانسی دوو سێی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە، لە ناوزەنگ لە ساڵی 1982، لە ساڵی 1984 لە مێرگە پان، لە كۆنفرانسی سێی كۆمەڵە ڕەنجدەران پالێوراو بوو بۆ ئەندامی سەكردایەتی.
ـ بەشداری زۆربەی شەڕەكانی سنوری مەڵبەندی سێی كردوە.
ـ دواپلەی بەرپرسی مەكتەبی مافی مرۆڤی یەكێتیی بووە.
ـ 1ـ2ـ 2004، لە تەقینەوەكەی مەڵبەندی سێی هەولێر گیانی لە دەستدا.

سەرتیپ قەشقەیی



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved