بۆچی یادی یەکی شوبات؟

01/02/2019

دانا هەڵەبجەیی


کاتێک ساڵێک بەسەر کەوتنی ڕژێمەکەی سەددام تێپەڕیبوو، کورد وەک هێزێکی یەکگرتوو لە بەغدا کەوتبووە جموجۆڵ و چالاکی سیاسیی، وەک خەڵکی هەرێم و عێراقیش چاوەڕێی هەڵهاتنی ئاسۆیەکی گەشیان بۆ  خەڵک و خۆیان و گوزەرانیان ئەکرد.
یەکێتی و پارتیش ناچارانە، وازیان لە یەککوشتن و شەڕی میدیایی هێنابوو و بۆ هەلی زیاتر ئەگەڕان کە لە بازاڕی کاری سیاسیی عیراقدا، پێگە و ڕێگەیان پتەو بکەن.
 لە دیدی منی ئەو کاتە، باشترین ڕۆژەکانی دامەزراندنی عێراقێکی نوێ و نووسینەوەی دەستورێکی مرۆڤدۆستانە و بەهێزکردنی هەرێم بوو.
هیچ کاتێک وەک ئەو کاتە یەکێتی و پارتی هاوکار و هاوئاواز نەبوون، وا هەست ئەکرا کە دوکەڵی ڕەشی براکوژی نەماوە و سەرانی حیزبەکان بە گوڕوتینێکی هۆشیارانە و عەقڵمەندانەتر سەوداسەری لەگەڵ خۆیان و هێزە عێراقییەکان ئەکەن.
هەر بۆیە گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان ئەم کەش وهەوایان پێ هەرس نەئەکرا، بە تایبەتی دوای ئەوەی پێش ساڵێک تەخت و تاراجی ئەنسار و جوندی ئیسلام لە هەورامان، وێران و خاپوور کرابوون،. ئیتر کەوتبوونە خۆ ڕێکخستنەوە بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بسەلمێنن و تۆقاندن پەخش بکەن لە کوردستان.
سەرەتا ئەم گروپە ئیسلامییانە ئەیانوسیت، چیاکانی کوردستان بە تایبەتی هەورامان و هەڵەبجە بکەنە تۆرابۆرا و قەندەهاری ئەفغانستان، چونکە جگە لە شەپۆلە ئیخوانییەکەی کە هەر لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بە ڕێگای مەلا عوسمان گەرای خۆی لە هەڵەبجە ڕشتبوو، لە پاش 1991 یشەوە، هەرچی توندڕەو و میانڕەو و سەلەفی و ئیخوانی و جیهادیی هەبوو، ڕوویان کردبوویە هەڵەبجە و خەریکی گەرا دانان و تروکاندن بوون. من پێم وابوو وە ئێستاش پێم وایە کە بە پلان و بەرنامە ئەیانوسیت جلی کوردی (شەڕواڵ و چۆخە)، بکەنە هێما و ئاماژەی قاعیدە و ئیسلامیی توندڕەو لە جیهاندا، هەر وەک چۆن تا ئێستاش مەلا کریکار و هەندێکی تر هەمان پۆشاکی کوردی ئەپۆشن، بۆ ئەوەی  کورد وەک میللەتێکی دڕندە و توندڕەو بۆ جیهان وێنا بکەن، و لە ئامانجە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکانی دووربخەنەوە. بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستاش تەنانەت لە ئەورپاش، هەر پۆشاکە ئەفغانییەکە بووتە سیمبولی ئیسلامی جیهادی، نەک پۆشاکی کوردی، ئەویش بە ئازایەتی خەڵکی هۆشیاری هەورامان بوو کە  کولتوری ئەو دڕندانە، نەیتوانی بنەچە و پاشخانە فەرهەنگییە جوان و زەردشتییەکی هەورامان بڕوخێنێت.
ئەوەبوو کە لە 1/2/2004 لە مەراسیمی جەژندا، لە هەر دوو بارەگای یەکێتی و پارتی لە هەولێر، تەقینەوەیەکی خۆکوژییان ئەنجامدا، دەیان سەرکردە و سەدان خەڵکی سڤیل بونە قوربانی نیازە پۆخڵەکانیان.
ئەمەش یەکەم زەنگی مەترسیدار بوو بۆ کورد، کە هێزە نەیارەکانی کورد، ئەو دۆخەیان پێ قبوڵ ناکرێت. چونکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەرکاتێک کورد لە هەرێم و عێراق یەکگرتوو بێت، ئەبێت چاوەڕێی کاردانەوەی ئاشکرا و نهێنیی نەیاران بکات.
لە یەکەم یادی چلەی ئەم کۆمەڵکوژییەدا، لە شاری لاهای- هۆڵەندا، بۆ ئەوەی سیمایی هەژموونی هیچ حیزبێک زاڵ نەبێت بۆ یادەکە، لە لایەن مەڵبەندی یەكێتی و ناوچەی پارتی، منیان دەستنیشان کرد، کە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی مەراسیمەکە بکەم.
بۆ یەکەم جار ئەو شێوە ڕێزدانانە من دەستمپێکرد، کە لێرەوە ئیتر لە کوردستانیش بوو بە باو ، ئەویش بۆ یادی  چلەی شەهیدانی یەکی شوبات، 100 مۆمم لە سەر سەکۆیەکی ڕەشدا دانا و لە سەرەتای مەراسیمەکە لە لایەن کەسوکاری شەهیدان داگیرسان،،،. وە ناوی شەهیدانەکەشمان لە سەر تابلۆیەکی ڕەش نووی و هەڵواسی.
لە کوردستانیش  هەرچەند لە شوێنکی پڕبایەخدا، مۆنومێنتێکیان بۆ کراوەتەوە و زۆربەی ساڵەکان لە لایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان بەڕێوە ئەچوو، بەڵام هەندێک جار بایەخی پێ نەئەدرا.
ئەمە یەکێک بوو لەو کارانەی کە شانازی پێوە ئەکەم و دەروونم زۆر ئاسودەیە کە توانیم پەیام و ئازاری قوربانیان، بەرز و باڵا ڕابگرم.
ئایا بۆ ئەمساڵ لە 1.2.2019 لە یادی یەکی شوباتدا، سەرۆکی حکومەت خۆی بە سەنگیینییەکی بەرچاو، ئامادە بوو و یادەکەیان کردووە؟.
من پێم وایە، ئێستا ئیتر پارتی مەترسی دۆخەکە ئەزانێت،  هەستی بەوەکردووە کە لوتبەرزی و خۆبەیەکەمزانی دادی نادات، بۆیە ئەیەوێت  ئەو پەیامە بە یەکێتی بدات، کە سەرنویشتمان یەکە و چارەنوسمان پێکەوە گرێدراوە، مەترسییەکانیش هەر ماون، هەروەک چۆن لە یەکی شوبات خوێنمان تێکەڵ بوون و با ئاواش پێکەوە حکومەت دروست بکەین.
بێ گومان دوای ئەو پێگیرییەی ئەمجارەی یەکێتی و مل نەدانی بۆ داواکانی پارتی، و بە فریا نەگەیشتنی لە سەردانی حیزبەکانی تر، ئیتر پارتی تەنیا یەکێتی لەبەردەست ماوە کە حکومەتی پێ دروستبکات. هەربۆیە ئەمساڵ کاک نێچیر ئەم کارتە سۆزداری و سیاسییەی بەکارهێنا، بۆ دڵ نەرمکردنی یەکێتی و خۆ قوتار دانی خۆی لەو کەڵەکەبوونەی کە کەوتوەتە سەرشانی،،.
هەر بۆی من پێم وایە کە کارێکی تەندروستە کە قوربانیان، هێزەکانی کورد و یەکێتی و پارتی  لە یەک نزیک بکاتەوە و کۆیانبکاتەوە و  هەست بە مەترسیی نەیارەکانیان بکەن، ئەوەندەش ترسم هەیە کە بەرژەوەندییە داراییەکان و چاو تێرنەبوونیان، یەکێتی و پارتی لەیەک دووربخاتەوە.
بەڵام لە ئەنجامدا، بەپێی ئەزمونەکانیان، هەر ئەوەی دوومە کە کۆیان ئەکاتەوە، نەک سۆز و قوربانی، ئیتر هەرچەند وا خۆشیان نمایش بکەن.
دانا هەڵەبجەیی
1.2.2019 لاهای

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی