سیاسەتی بۆق و فشەی خەتی سێ

02/02/2019

په‌یكه‌ر عوسمان


بۆقێك هەیە ئەوەی کە مناڵەکە بەگاڵتەوە بەردی تێئەگرێ و ئەو بەڕاستی ئەمرێ.. چەمکەکانیش لە نێوان خەتی فەسادو خەتی موزایەدەدا، وەکو ئەو بۆقەیان لێهاتووە!

مەسەلەن خەتی فەساد هەمیشە چەمکی (یەکڕیزی) ئیستغلال ئەکات بۆ بەرژەوەندی تەسك. لەولاوە خەتی موزایەدەش بە کەر ناوێرێ بە کورتان ڕەپە ڕەپیەتی، لەبری ئەوەی ڕوبەڕوی ئیستغلالەکە ببێتەوە، بە خودی یەکڕیزییەکەدا ئەتەقێتەوە!

- هەڵبەتە شتەکە ڕێژەییەو خەتی فەسادیش هەر موزایەدەچین و خەتی موزایەدەش هەر فەسادچین، بەڵام وەکو عینوانی سەرەکی، فەساد بۆ گروپی دەسەڵات و موزایەدەش بۆ گروپی بێدەسەڵات بڕێك گونجاوە.

- هەڵبەتە یەکڕیزیش ئەو چوارچێوە هاوبەشەیە کە هی هەمووانە، نەك ئەوەی کە بەهێزێك بۆ لاوازەکانی دائەتاشێ و ئەشیکا بە قامچی تەخوێن و دوایی پشتیانی پێ سورئەکاتەوە ئەگەر لێ ی لادەن.

ئینجا یەکڕیزی شتێکی بەدیهیە ئینسان هەر لە دەوری بەردەوە پێیگەیشتووەو ئەزانێ شتێکی باشە، نەك ئینسان تەنانەت ئاژەڵانیش پێیگەیشتوون و وابزانم هەموومان ڕەوە ئاسك و پۆلە باڵندەو گەلەگورگمان بیستووە.. کە جۆرێکن لە مومارەسەی یەکڕیزیی، بۆ مانەوەو ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدیی.

جا ئەم هۆشیارییەی کە ئاژەڵانیش ئەیفامن، مرۆڤی پۆپۆلیست نایفامێ و لە هەزارەی سێیەمدا، دێ پێتئەڵێ یەکڕیزی شتێکی خراپەو تەسلیمبوونە بە ستەمکاریی! خۆی ئەو ستەمە گەورەیە ئەکات، کە لەو ئەساسە ئینسانییە بنیاتنەرە بدات، دێ باسی ستەمکاریشت بۆ ئەکات!

جا یەکێ لە کێشەکانی ستەمکاری ئەوەیە کە، ستەمی دەسەڵاتدار هەمیشە ستەمی بێدەسەڵات ئەشارێتەوەو دووەمیان دیارنیەو وائەزانیت نیە، لەکاتێکا هەیەو ستەمکاری دۆخێکی دوو سەرەو پادارو بێ پا هەموومان پێکەوە خولقاندومانە، نەك ئەوەی کورتیکەینەوە لە وەحشێك و دوواندا.

لە نێوان ئیستغلالکردنی چەمکەکان و نابوتکردنی چەمکەکاندا، پێویستمان بە خودی چەمکەکانە.
کاتێ ئەم یەکڕیزی ئیستغلال و ئەو یەکڕیزی بەنەفرەت ئەکات، ئێمە پێوستمان بە یەکڕیزی خۆیەتی.
بەرامبەر نوسخەی تەزویری چەمکەکان، چارەسەر ئەوەنیە نوسخە ئەسڵەکەی بدڕێنین، ئەوە ئینتیحارو دڕاندنی خۆمانە، چارەسەر مانادانەوەیە بە ئەسڵەکان.

ئاگاداربە دۆخەکە کە چەقیبەست لەسەر پەرتەوازەیی و دوو ڕیزیی، چارەسەر خەتی سێیەم نیە، چونکە ئەوەی کە هەیە، یەك و دوو نیە تا سێ ی بوێت، بەڵکو هەمووی پێکەوە خەتی دووەو لە یەك لایداوەو چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ خەتی یەك!!

هێڵی سێ لە کولتوری دیموکراسیدا ئەکاتە خاڵی ناوەڕاست، بەڵام لە کولتوری خێڵەکیدا ئەکاتە خاڵی سفر، هەمیشە پێت ئەڵێ وەرە با ئەوەی هەیە سفریکەینەوەو شتێکی تر بخەینە شوێنی، کە ئەمەش حەلێکی ستەمکارانەیە، چونکە سڕینەوەی جیاوازی و لێدانی فرەیی و هەناسەی تاکڕەوی تێدایە!

بۆیە وەهمی بەدیل و خەتی سێیەم، هەمیشە دابەشکارییەکی ئایدۆلۆژیی، یان حەزێکی شەخسییەو ئەچێتەوە سەر پەرتبوونێکی تر، ناچێتەوە سەر پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن!

لەبەرامبەرا حەلی واقعیانەو تۆلێرانسانە شتێکی تر نیە، هەر مەوجودەکان خۆیانن، سڕینەوەیەك لەئارادانیە، هەر هێڵی فەسادو موزایەدەکەن، ئەمیان بڕێك پاشەکشێ ی لە فەسادو ئەویان بڕێك پاشەکشێ ی لە موزایەدە کردوەو هەمووانیش پێکەوە لە قۆناغی قسەی گەورەوە ئەپەڕینەوە بۆ قۆناغی کار ئەگەرچی بچوکیش بێت.

هەمیشە بەدیل و خەتی سێ پێت ئەڵێ (چارەسەر منم) ئەم جوملەیەش بەتەبیعەت بەشێکە لە کێشەو هەمیشە دنیا خراپەکە خراپترو دۆخە ئاڵۆزەکە ئاڵۆزتر ئەکات. 
جوملەی دروست ئەوەیە (ئێمە هەموومان چارەسەرین.) هەرهێزێکیش موعارەزەبێت یان دەسەڵات، بگاتە ئەمە، یەعنی دانی کەرێتی کەوتووەو بەرەو عەقڵانیەت هەنگاوی ناوە.

ئەم قسانە گەشبینی نیە بە دانیشتنی دوو حیزب کە شتێکی نوێ نیە. خۆشخەیاڵی نیە بە کابینەی فڵانی ئامۆزای فیسار کە فەرقێکیان نیە. پەیوەندی بەو خاشاکەشەوە نیە کە حیزبەکان و باڵەکان و بنەماڵەکان یەکتری لەسەر ئەهاڕن و بۆشم گرنگ نیە کام گروپ پێیخۆشەو کام گروپ پێیناخۆشە.. بەڵکو ئەمە باسی ئەوسەری ڕێگاکەیە کە ئێستاش نەبێ و دە ساڵی ترو بیستی تر، هەر ئەگەینە ئەوێ و جۆرێك لە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزیی، جا ئیتر تا زووتر بگەین باشترە.

قسەکە ئەوەیە ئێمە ئەگەر بمانەوێ مێژوویەکی نوێ دەستپێبکەین، خاڵی دەسپێك لێدانی تۆ نیە، پێداچوونەوەی خۆمە. لێدانی یەکتری خاڵێکی نوێ نیە، هەر ئەو مێژووەیە کە هەزاران ساڵە تێیداین و هیچی لێ سەوز نابێ.

په‌یكه‌ر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی