گێرەشێوێنەکان

02/02/2019

ئەحمەد میرە

ساڵی (2007) وەک یەکهەمین دەستگای ڕاگەیاندنی کوردیی لە ژمارەکانی (57، 58 و 59) ی گۆڤاری لڤیندا تەواوی زانیارییە ورد و نهێنییەکانی پێگەی دەستگا هەواڵگرییەکانی میت و ئیتڵاعاتمان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. هەر ئەو دەمەیش بەرپرسە ئەمنییەکان دەیانگوت؛ نە ئێران و نە تورکیا پێویستییان بە لەشکرکێشیی سەربازیی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی کرداریی لە هەموو شوێنێکی هەرێمدا پێگەو بارەگاو سیخوڕی خۆیان هەیە، تەنانەت لەناو مزگەوتەکانەوە تا ناو زانکۆکان بە پیاوەکانی میت و ئیتڵاعات تەنراوە. کۆمپانیاکانی بازرگانیی و وەبەرهێنان لێوانلێون لە سیخوڕ و پیاوەکانی هەردوو دەستگای میت و ئیتڵاعات، ئەمە جگە لەوەی بارەگای فەرمییان هەیەو بەئاشکرا هیچ جۆرە ڕێزێکیان بۆ سەروەریی و شکۆی هەرێمی کوردستان نەهێشتووەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە دیدارێکی تایبەتدا پێیگوتین، کە لە هەرێمی کوردستان (باکوری عێراق) تەنها بەرپرسە مەدەنییەکان لە فۆڕمدا کوردن، دەنا ئەوەی حکومڕانی ڕاستەقینەی ئەوێیە، تورکیاو ئێرانن.

ئێران لە هەموو قوژبنێکی سلێمانیی هەڵەبجە و گەرمیان و تەنانەت کەرکوکدا بە ویستی خۆی تەراتێندەکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت. بە هەمان شێوە تورکیا لە هەولێر و دهۆک باڵادەستە و لە ڕووی بڕیاری سیاسییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەنقەرەو هەولێردا نییە. هەرچەندە لە دوای ڕیفراندۆمەوە لە (25) ی سێپتەمبەری ساڵی ڕابوردووەوە جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی شوێنکەوتەی بەرژەوەندییە هەرێمییەکان ڕویداوە، بەڵام دواجار هەریەک لە سلێمانیی و هەولێر لە ژێر خەیمەی تاران و ئەنقەرەدا بەڕێوەدەچن.

تورکیا خاک و ئاسمان و بارەگاو تەنانەت خەڵکەکەیش لەو ناوچەیە بە موڵکی خۆی دەزانێت، ژمارەی بارەگاو جەندرمەو پیاوەکانی میت و تانک و تفەنگەکانی تورکیا لە پارێزگای دهۆک ئێجگار زۆرترن لە بوونی ژمارەی جەندرمەی تورک و کەرەستە سەربازییەکانی لە هەر پارێزگایەکی تری پڕکێشە لە تورکیا. هەر بۆیەیش بەئاسانیی دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و ئەمنیی و تەنانەت پیلانگێڕیی سیاسیی لەو ناوچەیەدا ئەنجامبدات.

ئەوەی لە شیلادزێ ڕویدا، سەرەڕای دیوە شۆڕشگێڕییەکەی و قوربانیدانی خەڵکی ناوچەکەو تەنانەت دەتوانین وەک داستانێکی پاڵەوانبازیی کورد تۆماریبکەین، بەڵام نایشکرێت ڕەهەندەکانی پشت ئەو ڕوداوە نادیدە بگرین، تەنانەت وەک بەیاننامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیپێداوە؛ دەستی گێرەشێوێنی لەپشتەوە بووە! بەڵام ئەو دەستە گێرەشێوێنە نە پەکەکەو نە خەڵکە شۆڕشگێڕە خۆپیشاندەرەکە، نە هەڵسوڕاوانی گۆڕان و نە کادرەکانی یەکێتیی و هێزەکانی تر بووە، بەڵکو دەستە گێرەشێوێنەکە دوو دەستی ڕەشن، یەکێکیان لە سەری ڕەشەو ئەوەی تریان لە کۆشکەکانی عوسمانین. بەکورتیی ڕوداوەکەی شیلادزێ پیلانێکی دوو ڕەهەندییە؛ یەکێکیان بیانوویەکی سیاسیی تورکیایە، بۆ ئەوەی لەمەودوا بەناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ژیانی جەندرمەکانی بە ئاسانیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باشوور ئەنجامبدات. ڕەهەندی دوهەمیان ڕەهەندێکی پارتییانەیە، بۆ لێدانە لە پڕۆژەی نزیکبوونەوەی یەکێتیی و تورکیاو ڕاستەوخۆیش دەتوانین بڵێین وەڵامێکی پارتییانە بوو بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تورکیا، کە پارتیی بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە سەردانانەی نە پێ هەرسدەکرێت و نە دەیەوێت وەک سەردانی فەرمیی سەرۆکی وڵاتێک لێکدانەوەی بۆ بکات. 

لە هەمووی سەیرتر وەزارەتی دەرەوەی عێراق زۆر بەتوندیی دژی هێرشەکانی تورکیاو تەقەکردن لە خۆپیشاندەران وەستایەوە، لە کاتێکدا بە پێی ئەدەبیاتی پارتیی ئەوان عەرەبی فاشیستن و کوردکوژن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پارتیی تێیدا هەموو چشتێکە، ڕوداوەکەی بە دەستی گێرەشێوێنەکان لەقەڵەمدا.

 

ئەحمەد میرە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی