لەمەکەدۆنیاوە بۆ باکوری مەکەدۆنیا داخۆ کوردستانی سەربەخۆ گرفتی هاوشێوەی دەبێت؟

03/02/2019

وریا حەمە تاهیر



٢٨ ساڵە یۆنان و چووە بە رقا و نایەوێ مەکەدۆنیا ئەم ناوەی هەبێ، چونکە پێیانوایە ئەمە لەڕووی پراکتیکییەوە داواکردنی هەرێمێکی یۆنانە کە هەمان ناوی هەیە.

هەرێمی مەکەدۆنیا کە سالۆنیک پایتەختی ئەم هەرێمەیە، ٢٥٪ خاکی یۆنان پێکدەهێنێت و نزیکەی دوو ملیۆن نیو کەسی لێدەژی. لەکاتێکدا کۆماری مەکەدۆنیا کەمێک زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتوانی هەیە.

ڕەگوڕیشەی کێشەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٦ کاتێک پارتی کۆمۆنیست هاتە سەر حکوم لە یۆگسلاڤیا، سیستمی ئیداری وڵاتی گۆڕی و چەند کۆماری لەناوی یوگسلاڤیادا دروستکرد. لەوانە کۆماری سۆسیالیستی مەکەدۆنیا، هەر ئەوسا یۆنان ناڕەزایەتی لەسەر بەکارهێنانی ئەو ناوە دەربڕی و پێوابوو مەکەدۆنیای کۆن گوزارشتە لە یۆنان و هەموو میراتی کولتووری مەکەدۆنیا هی یۆنانە نەک هی وڵاتێکی تر.

ساڵی ١٩٩١ پاش هەرەسی بلۆکی سۆسیالیستی لە جیهاندا، یۆگسلاڤیاش لەبەریەک هەڵوەشایەوە، مەکەدۆنیا لە ٨ ئەیلولی هەمان ساڵ سەربەخۆیی ڕاگەیاند. بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٨ نیسانی ١٩٩٣ دانیپێدانا. هەر لەو کاتەوە ناکۆکییەکە لەنێوان دوو وڵات هاتەدەر، کاتێک یۆنان لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دژ وەستایەوە، بۆیە وەک چارەسەری کاتی تاکو رێککەوتنێک دێتە ئاراوە لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا، ناوی کۆماری پێشووی مەکەدۆنیای یوگسلاڤیا بەکاردەهێنرا، (the former Yugoslav Republic of Macedonia) کەکورتکراوەی FYROM بەکاردەهێنرا.

لەناوەڕاستی نەوەدەکان، ڕێککەوتنێک کرا، کە مەکەدۆنیا ئاڵاکەی گۆڕی، لەبەرامبەردا یۆنان گەمارۆی سەر ئەو وڵاتەی هەڵگرت. بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوە دانوستانەکان کە کەموزۆر بەردەوام بوون، بەڵام هیچ ئاکامێکی گەشبینانەی نەبوو.

کاتێک لەساڵی ٢٠٠٤ دا کۆماری مەکەدۆنیا داوای ئەندامێتی پێشکەش بە یەکێتی ئەوروپا کرد، یەکسەر یۆنان ڤیتۆی بەکارهێنا (بۆ بوون بە ئەندام دەبێت هیچ ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپا دژی داواکارییەکە نەبێت)، هەروەها یۆنان دژ وەستایەوە و نەیهێشت کۆماری مەکەدۆنیا ببێتە ئەندامی ناتۆ لەساڵی ٢٠٠٨ (پەیمان باکوری ئەتڵەسی، هاوپەیمانێتییەکی سەربازییە)

ناکۆکییەکان لە ساڵی ٢٠١١ پەرەیان سەند، کاتێک مەکەدۆنیا پیکەرێکی ٢٢ مەتری ئەلکساندەری مەزنیان لەناوەڕاستی سکۆپی پایتەخت دانا، فرۆکەخانەی پایتەخت و رێگای خێرای ئۆتۆمبیلیش هەمان ناوی لێنرا. بەوەشەوە نەوەستان گۆڕەپانیێکیان ناونا پێلا، کە پایتەختی مەکەدۆنیای ئەکساندەربووە، کە لەراستیدا وڵاتەکەی ئەکساندەری مەزن بەشی هەرەزۆری یۆنانی ئێستایە.

یۆنان، ناوی وەک کۆماری سکۆپیا، یان کۆماری سەرەوەی مەکەدۆنیا، یان مەکەدۆنیای سەرەوەی پێشنیارکردووە پێشتر، هەتا بانکی مۆنی سکرتێری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان، "شێتوهار بوو بوو" بەدەست ناوی درێژی کۆماری پێشووی مەکەدۆنیای یوگسلاڤیا. هەروک ماسیو نیمێتز دیبلۆماتکاری ئەمریکی باسیکرد، ئەو ٢٠ ساڵە وەک راسپێراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نێوانگیری ئەم دوو وڵاتەی کردووە، تا بگەنەڕێککەوتن.

یۆنان خۆی بە میراتگری ئەکساندەر دەزانێت، مەکەدۆنیای ئەکساندەر، زیاتر هەرێمی مەکەدۆنیای یۆنان بووە.

لەسەرەتای ٢٠١٨ دۆخەکە هێوەربووە، مەکەدۆنیا دەیزانی بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، یەکسەر دەبێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها دانوستان بۆ ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات، بۆیە، ناوی فرۆکەخانەکەی گۆڕی، هەروەها ناوی رێگا خێراکەی لە ئەلکساندەری مەزنەوە گۆڕی بۆ ڕێگای هاوڕێییەتی.

لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ زۆران زایف سەرۆکوەزیرانی کۆماری مەکەدۆنیا و لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکەی واتە ئەلێکسیس تسیپراس ڕیککەوتنێکیان (ڕێککەوتنامەی پرێسپا) ئیمزاکرد، کە مەکەدۆنیا ناوەکەی دەگۆرێت بۆ باکوری مەکەدۆنیا، لەبەرامبەردا یۆنان ڤیتۆ سەر ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ هەڵدەگرێت. بەڵام خەڵکەکەی و زمانەکەیان هەرپێی دەوترێ، مەکەدۆنی.

ئەوەش رێگەی خۆشکرد کە سەرەتا مەکەدۆنیا دەستوورەکەی هەموواربکاتەوە و لەوێدا ناوی وڵات بگۆرێت، بەڵام ئەمە هەروا ئاسان نەبوو، چونکە زۆرینەی خەڵک لە هەردوو وڵات دژی رێککەوتنەکەن، لە یۆنان دەڵێن دەبێت وشەی مەکەدۆنیا لاببرێت و وڵاتەکە ناوی شتێکی تربێت، لە مەکەدۆنیاش ئەوە بە سوکایەتی دەزانن کە وڵاتێکی تر بڕیاربدات لەسەر ناوی وڵاتەکەیان.

زۆران زایفی سەرۆکوەزیران، راپرسییەکی راگەیاند لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ ، تا خەڵک ناوگۆڕینەکە پەسەند بکەن و پەرلەمان رێوشوێنە یاساییەکان لەوبارەوە تەواو بکات، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن خەڵکی هاندا بۆ بایکۆت، وتیان مەسەلەکە جێی گفتوگۆ نییە، یۆنان بۆی نییە لەم بابەتەدا دەستێوەردان بکات، بەڵام سەرۆکوەزیران دەیوت دەستکەوتی ئەندامێکی لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا زۆر گەورەترە لەم ناوگۆڕینە، کۆتایی بە گۆشەگیری دەهێنین.

ئەنجامی راپرسییەکە ٩٠٪ خەڵک بەڵێ دەنگیان دا، بەڵام ڕێژەی بەشداربوون تەنها ٣٧٪ بەوەش پرۆسەکە شەرعییەتی یاسای لەدەستدا، بەڵام زایف کۆڵی نەداو لەڕێی پەرلەمانەوە مەسەلەکەی چارەسەرکرد، ئەوەش پاشئەوەی چەند پەرلەمانتارێک کە دۆسیەی گەندەڵی زۆریان لەسەر بوو، رازیکرد دەنگ لەبەرژەوەندی وی بدەن، لەبەرامبەردا دۆسیەی گەندەڵی لەبیردەکەن.

پاشان ١٩ مانگی ١٠ پەرلەمان دەستی کرد بە هەمواری دەستوور، لە ١١ مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی مەکەدۆنیا گۆرانکارییەکی قبوڵکرد، لە ٢٥ هەمان مانگ پەرلەمانی یۆنانیش ناو گۆڕینەکەی پەسەندکرد.

جێنز ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ پێشوازی لەم گۆڕانەکرد و وتی کە بەمزووانە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە ئیمزا لەسەرداوای بوون بەئەندامی مەکەدۆنیای باکور دەکەن.

ئیتر مەکەدۆنیا بەفەرمی ناوی باکوری مەکەدۆنیایە، ئەمەش لەسەر بەڵگەنامەڕەسمییەکان دەگۆڕدرێت لەوانە پاسپۆرت، هەروەها جێگای دانیشتنی وەفدی مەکەدۆنیا، لە پیتی T ەوە کە وەک چارەسەری کاتی دانرابوو، دەگۆڕێت بۆ N.

خۆ گەر لە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان سەربەخۆ بوو، ڕەنگە تووشی گرفتی هاوشێوە ببینەوە!.

وێنەی ئاڵاکان، شینەکە هی هەرێمی مەکەدۆنیای یۆنانە، سورەکەی تەنیشتی هی کۆماری مەکەدۆنیا بوو تا ١٩٩٥ پاشان گۆڕیان بۆ سورەکە کە خەتی زەردی تیایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی