شكست لە دۆسیەی نەوت

شكست لە دۆسیەی نەوت

رێبین فەتاح


534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كاتێك باس لە شكست لە دۆسیەی نەوتی هەرێم دەكرێت، دەبێت ئەو لایەنە دەستنیشان بكرێت كە شكستەكەی تێدا دروستبووە، بە پێچەوانەوە، دەبێت بە حوكمێكی گشتی و ئەنجامێكی پۆزەتیڤ بەدەستەوە نادات. ئەوە، ئەو بارودۆخەیە، كە بەشێكی زۆر لە كارەكتەرە سیاسییەكان، پەرلەمانتاران و چاودێران بەگشتی دروستیان كردووە.

ئایا ڕەخنەكان لە كەرتی نەوت، كام لایەنە دەگرنەوە؟ گرێبەستەكانی نەوت؟ شێوە كاری كۆمپانیاكانی نەوت؟ بەڕێوەبردنی چالاكییەكان لەئاستی حكوومەت؟ یان بەڕێوەبردنی داهاتی نەوت یان ...چیتر؟ لەكاتێكدا هەریەك لەو لایەنانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لەڕووی بەڕێوەبردنیشەوە، كەس و دامەزراوەی جیاواز لێیان بەرپرسن.

ساڵانی زوو، كە هێشتا داهاتەكانی نەوت بەو شێوەیە گەشەی نەكردبوو، یان نەوت نەببووە بەشێكی گەورە لە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت كاتێك بودجەی كوردستان لە بەغدا دەبڕدرێت و هۆكارەكەی بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت دەگێڕدرێتەوە، لەو ساڵانەدا زۆرترین قسە لەسەر گرێبەستەكانی نەوت دەكرا، ڕەخنەیەكی زۆر لەوبارەیەوە هەبوو، زۆرجار دەیانگوت گرێبەستەكان شەفاف نین، كاتێكیش لە كابینەكەی بەرهەم ساڵح گرێبەستەكانی ٤٢ كێڵگەی نەوتی بڵاو كرانەوە، ئەو قسەیە هەر بەردەوام بوو، هەر لەو كاتەشدا ڕەخنە لە مۆدێلی گرێبەستەكانی نەوت دەگیرا، ئەو ڕەخنەیە، گرێدراوی هەڵوێستی شەهرستانی بوو، كاریگەریی لەسەر بەشێك لە هێزە سیاسییەكان و میدیاكانی ناوخۆی كوردستان دروستكردبوو، كارەكتەرە سیاسییەكان و میدیاكان، لەسەر هەمان ئاوازی شەهرستانی، باسیان لەوە دەكرد، گرێبەستەكان خراپ و لاوازن و هەندێكجار دەتانگوت بریتین لە بە هەدەردان و تاڵانكاریی.

ئەو هەڵسەنگاندنانە لەكاتێكدا بوون، كە ئەوانەی وەها هەڵسەنگاندنیان دەكرد، هەر خۆیان باسیان لە بەردەست نەبوونی گرێبەستەكان دەكرد، كێشەكە ئەوەیە كاتێك تۆ گرێبەستێكت لەبەردەستدا نییە، چۆن دەتوانی هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆكەكەی بكەیت و بڕیاری لەسەر بدەیت؟!

لە دەرەوەی ئەوەش، بیرمان نەچێت، بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە، هیچ لایەنێكی سیاسی، هەتا سەنتەرێكی توێژینەوە، نەیتوانی هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆكی گرێبەستی پیادەكراو لە كوردستان بكات و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانی ڕوون بكاتەوە و بتوانێت مۆدێلێكی دیكە پێشنیاز بكات! كەواتە هەڵسەنگاندنەكان لاواز و پڕ كێشە بوون، تۆ كاتێك دەڵێیت ئەوە خراپە، كەواتە دەزانی باشییەك لە توانادا هەیە، خراپبوونی دەقێك كاتێك دەسەلمێنرێت كە دەقێكی باش لەبەردەست بێ. لە گرێبەستەكانی نەوت دا، تا ئێستا شتێكی وا نییە. ئاشتی هەورامی كە هەمووان بە خوای شەڕی دەزانن، لە یەكەم چاوپێكەوتنی لەگەڵ میدیای كوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لەبارەی ڕەخنە لە گرێبەستەكانی نەوت، گوتی؛ كێن ئەوانە ڕەخنە دەگرن؟ ڕۆژنامەنووسەكە گوتی؛ شارەزا و پسپۆڕانی بوارەكە، ئاشتی گوتی؛ "ئەوانە شارەزا و پسپۆڕنین، ٢٠یان بخە ژوورێكەوە بە چەند مانگ ناتوانن گرێبەستێك گەڵاڵە بكەن!". حەزم دەكرد قسەكەی ڕاست نەبێ، بەڵام تا ئێستا ڕاست هاتووە!

تێبینی دەكەین، كە پاش ساڵانێكی زۆر لە ڕەخنەگرتن لە كەرتی نەوت، بەڵام ئەنجامێكی ئەرێنی لەئارادا نییە كە بۆنموونە بتوانێت متمانەیەكی گشتی دروست بكات بەوەی پرۆسەكە خراوەتە سەر هێڵێكی ڕاست، كاتێك ئەو تێگەیشتنەمان هەیە، كەواتە دەبێ ئەو پرسیارە بكەین، بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە، هەموو ئەو تێبینی و ڕەخنانەی لەوبارەیەوە خراونەتە ڕوو، بۆچی ئەنجامێكی ئەرێنیان بەدەست نەهێنا؟ ئایا كێشەكە لە خودی ڕەخنە و تێبینییەكاندا نەبووە؟

لە قسەكردن لەسەر كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان دا، هەڵەیەكی زەق و كوشندە هەیە، بەهۆی ئەوەی دۆسیەكە تێكەڵ بە ململانێی سیاسی كراوە، هەڵسەنگاندنەكان بەردەوام لەگەڵ باكگراوندێكی سیاسی یان ئاراستەیەكی سیاسی تێكەڵ دەكرێن، ئەوەش وا دەكات شتەكان بەسەریەكەوە تێكەڵ و پێكەڵ ببن و كەس نەزانێ چ دبێژێ! چونكە ئامانجەكە قسەكردن لەسەر خودی دۆسیەی نەوت نییە، بەڵكو ئامانجێكی دیكەی سیاسی هەیە، قسەكەرەكان بەپێی ئەو ئامانجە سیاسییەی خۆیان، حوكمی باش و خراپ لەسەر دۆسیەكە یان لایەنە جیاجیاكانی دەدەن، لێرەدا دۆسیەی نەوت تەنیا وەك ئامرازێكی سیاسی لە ململانێیەكەدا بەكارهێنراوە و هیچی دیكە، بەڵام لێكەوتەكەی زۆر مەترسیدار دەبێ، كە وا دەبێ خەڵك نەتوانێت هەڵسەنگاندنێكی ڕاستەقینە بۆ خودی دۆسیەكە بكات.

بارودۆخێك كە ئێستا لە تێگەیشتنی گشتی خەڵك بەرانبەر بە دۆسیەی نەوت دروست بووە، زۆر كارەساتبارە، خەڵك تەنیا دەزانێت بڵێ كوا داهاتەكەی و هیچی دیكە! ئەو تێگەیشتن و گوتارە لەجێی خۆی نییە. ئەوانەی ئەو تێگەیشتن و گوتارە سادەیان دروست كرد، لەو ڕوانگەیەوە بوو، كە خۆیان هیچ تێگەیشتنێكیان بۆ دۆسیەی نەوت نەبوو، بەڵام دەیانزانی باش لە ململانێی سیاسی بەكاری بهێنن لەلایەك و لایەكی دیكە، شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، بەسروشتی خۆی زۆر یارمەتیدەر بوو لەوەی دواجار هەموو دۆسیەی نەوت بە كۆی ڕەهەندەكانییەوە، لە "كوا پارەكە"ی كورت بكرێتەوە.. ئەو پرسیارە لەگەڵ پەیدابوونی هەندێك پارە كە بەشی مووچەی خەڵك بكات، كۆتایی دێ، خەڵك كە پارەیەكی هەبوو، چیتر هەموو شتێك وەك پارە نابینێ، بەڵام دۆسیەی نەوت بە هەموو باش و خراپییەكانییەوە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، لایەنە نەرێنییەكە ئەوە دەبێت كە خراپییەكان بە چارەسەرنەكراوی دەمێننەوە و قووڵ و قووڵتر دەبنەوە و لە كۆتاییدا دەشێت هیچ "هات"ێك جگەلە "نەهات" دەرنەكەوێت.

رێبین فەتاح



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved