ئەرێ‌ گەلۆ هەڵەبجە.. پارێزگایە؟

05/02/2019

دانا حامد


5/2/2015 ، بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان مێژووە، ئەو ڕۆژەی چاوەڕوانی چەند ساڵەی خەڵكی ئەم شارە لەبەپارێزگاكردنی قەزاكەیان هاتەدی، ئێستاو لەدوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ بەسەر دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان و جێبەجێكردنی بەشێك لەیاسای ژمارە (1) ی پەرلەمان (یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان _ عێراق)، نائومێدییەكی قوڵ لەناخی خەڵكی ئەم شارەدا هەیە چونكە ئەوەی خەڵكی هەڵەبجە ئومێدیان لەسەر هەڵچنی بوو لەبەپارێزگابوونی قەزاكەیان وادەرنەچوو.
قەیرانی دارایی بووبەباوك بۆ حكومەتی هەرێم بۆئەوەی خۆی لەبەرپرسیارێتی خستنە سەرپێی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لابدات و حیزبە سیاسییەكان بەتایبەتی 5 حیزبە سەرەكییەكە كە ئەو كاتە لەحكومەتدابوون، بەشێكی گرنگی ئەو بەرپرسیارێتیە دەیانگرێتەوە.
یەكێتی و گۆڕان هەر لەسەرەتاوە بەستنەوەی هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بەیەك پاكێج بووبەهۆی دروستكردنی تەنگ و چەڵەمە و گرفت بۆخستنە سەرپێی پارێزگای نوێی هەڵەبجە، ئێستاشی لەگەڵ بێت هەڵەبجە بەهۆی ئەو ڕێككەوتنە لەرزۆكەوە گرفتارەو لە 25/8/2016 ەوە دوای دەست هەڵگرتنی پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە، پێویست بوو جێگری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕی لەسەر پشكی گۆڕان دەست بەكار بێت دەست بەكارنەبووە، ئەگەر پاساو بۆئەم بابەتە ئەوەیە لەواقعیدا هەڵەبجە لەو بەروارەوە تا 8/10/2018 غیابی پارێزگاری فعلی هەبووە و پێویست بووە یەكێتی پارێزگاری نوێ‌ دیاری بكات ئەی خۆ دەكرا لەدوای دەست بەكاربوونی پارێزگاری نوێ‌ كە یەكێتی دیاری كرد، گۆڕان ئەو پۆستەیان پڕبكردایەتەوە، ئەگەر هەر هۆكارێكیش هەیە بۆ پەسەند نەكردنی ناوی كاندیدەكەیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ (ئەگەر ناردوویانە بۆ وەزارەتی ناوبراو ) بابۆ ڕای گشتی ڕوون بكەنەوە، چونكە بەرپرسیاری بۆشاییی ئەو پۆستە ( جێگری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕی ) لەبەردەم ڕای گشتی و خەڵكی هەڵەبجە گۆڕانە، بەرپرسیارێتی ئەو ماوەیەش واتە 25/8/2016 تا 8/10/ 2018 لەئەستۆی یەكێتیدایە، كەلەوماوەیەدا هەڵەبجە پارێزگاری نەبووەو تەنها دووجێگری پارێزگابوونی هەبووە، كەدەبوو ئەو حیزبە پۆستی پارێزگار پڕبكاتەوە لەدوای ئەوكاتەشەوە كە پارێزگاری نوێ‌ دەست بەكاربووە، پارێزگارو جێگرێكی پارێزگار دەست بەكارن ئەمەش دوبارە هەرگرفتی ئیداری دروست كردووە.
خودی ئەو ماوەیەش كە لەدەس هەڵگرتنی یەكەم پارێزگاری هەڵەبجەوە دەست پێدەكات تا دەست بەكاربوونی پارێزگاری نوێ‌، گرفتی ئیداری گەورە بۆ هەڵەبجە دروست بووە چونكە لەلایەك نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت وەك پارێزگاری بەوەكالەت مامەڵەی لەگەڵ عەلی عوسمان دەكردو لەلایەكی تر وەزارەتی ناوخۆ تەنها وەك جێگری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕی مامەڵەی لەگەڵ دەكرد، غیابی پارێزگارێكی فعلی ئاستەنگی ئیداری بۆ هەڵەبجە دروست كردبوو.
لیژنەی باڵای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش بەهەمان شێوە بەرپرسیارێتی نەكەوتنە سەرپێی هەڵەبجەیان وەكو پارێزگایەكی نوێ‌ دەكەوێتە سەرشان، كە ئێستاشی لەگەڵ بێت سەرۆك و ئەندامانی ئەو لیژنەیە بەپاساوی جۆراوجۆر خۆیان لەبەرپرسیارێتی ئەو پرسە تەریك دەكەن لەكاتێكدا بەشێك لەئەندامانی ئەو لیژنەیە خەڵكی خودی هەڵەبجەن.
لەلایەكی دیكەوە یەكێتی و پارتیش وەكو دوو هێزە باڵادەستەكەی هەرێم بەپرسیارن لەبەرامبەر ئەو گرفت و كێشانەی ڕووبەڕووی هەڵەبجە وەكو پارێزگایەكی نوێ‌ بوونەوە، چونكە بەشێكی دیكەی هۆكارەكان بۆ ئەو ململانێ‌ دەگەڕێتەوە لەسەر باڵانسی هێز ئەو دوو لایەنە لەزۆنەكانی خۆیان هەیانە.
دواجار دوای بگرەو بەردەی حیزبەكان لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاو پۆستە ئیدارییەكانی تر لە 12/3/2017، بەسەرپەرشتی ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان و لەناوبارەگای بزوتنەوەی ئیسلامی و لەبەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕێككەوتنێك لەنێوان لایەنەكان واژۆكرا، لەمەیاندا پارتی پاشگەزبوویەوەو ئامادەنەبوو جێبەجێی بكات.
لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بەئەركی خۆی هەڵنەساوە لەئاست سەرپێ‌ خستنی پارێزگای هەڵەبجە ناكرێت گلەیی زۆر لە ناوەند بكرێت بەوەی لەسەر ئاستی دامەزراوە فیدراڵییەكان بەئەركی خۆی هەڵنەساوە چونكە هێشتا حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی ئیداری پەیكەرەی پارێزگای هەڵەبجەی تەواونەكردووەو ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەشی كراونەتەوە بەوەكالەت دەبرێن بەڕێوە، كەمی فەرمانبەرو میلاك و نەبوونی بینا بۆ خودی دیوانی پارێزگاو ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی پێكهێنراون گەورەترین كێشەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دروستكردووە.
هەڵەبجە بە استستنا كرابەپارێزگا هەربۆیە دەبوو یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 2015 ی پەرلەمانی كوردستان (یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان _ عێراق) جێبەجێ بكرایەت بەبێ‌ هیچ بیانوویەك.
ئەوەی ئەركی پەرلەمان بوو ، پەرلەمان بەهەموو فراكسیۆنەكانیەوە جێبەجێی كرد، ئەوەشی ئەركی حكومەت بوو پاساوە جۆربەجۆرەكانی بوون بەهۆكاری هەڵنەستان بەئەركەكانی.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ بەسەر بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، ناكرێت بڵێن هەر هیچ نەكراوە، ئەوەی كراوە هەرهێندەیە فاسیلەیەكی دروست كردووە دەتوانین بڵێین بارام بەگ بمایەت تەڵاقێكی پیادەكێشاو دەیوت ( هەڵەبجە نەقەزایە نەمحافەزەیە)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی