فۆبیای ئەردۆگان !

05/02/2019

ئارێز عەبدوڵڵا

ھەر کەسێک چاودێری کار و کۆنگرە رۆژنامە نوسیەکانی ئەردۆگان بکا بۆی دەردەکەوێ کە سترایتیجەیەت و تاکتیکەکانی  تەنیا بۆ کوردە. بەشێوەیەکە کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی ھیچ ئەرکێکی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتیان لە ئەستۆ نییە، تەنیا رووبەڕووبونەوەی کورد نەبێ، بەتایبەتیش رۆژئاوا. بۆ ھەموو لایەک پەلو پۆ داوێ، سازش دەکا، ھەڕەشە دەکا، دەستبەردار دەبێ و پەشیمان دەبێتەوە ! بەکوردی و بە کورتی سەری زمان و بنی زمانی، بیر خەون و خەیاڵی ھەر کوردە، بۆیە بە ئاشکرا دیارە کە توشی فۆبیای کورد بووە. ئەو چی دەکا و چی لە دەست دێ دەیکا، بەڵام گرنگ ئەوەیە پەل ھاویشتن و فشارەکانی بۆ ھەرێم نەبێتە ھۆکاری تێوەگڵانی ھەرێم چ وەکو حکومەت، چ وەکو حزبەکان. 

پێویستە لە جیاتی ئەوەی ھەرێم ببێتە بەشێک لە پیلانەکانی ئەردۆگان دەبێ ھاوکاری رۆژئاوابێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێوان لایەنەکان و رێگە گرتن لە پێکدادانی نێوان تورکیا و رۆژئاوا. لەسەر لایەنەکانی رۆژئاواشە کە ھەلومەرجە سیاسیەکانی ناوچەکە لەبەر چاو بگرن. نە ھەندێ لایەن بێ باک و تاک رەوبن و گوێ بە مەترسیەکانی دەوروبەر نەدەن و نە ھەندێ لایەنیش لەسەر پشتی تانکەکانی پیلانگێڕان یاخود لە ساییەی پیلانێکی تورکی بیانەوێ بگەڕێنەوە رۆژئاوا و وەکو خۆیان دەڵێن تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.

جموجۆلە دیبلۆماسی و مخابەراتیەکانی تورکیا گەورەن و بەشێوازی جۆراوجۆر لە دەرگاکانی ھەرێم دەدەن. ئەگەر حکومەتی ھەرێم یان ھەر حزبێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژئاوا بێ لایەن رۆلی بگێرێ کارێکی باشە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەر لایەنێک بچێتە ناو ئەو یاری و پیلانەی ئەردگان و دەوڵەتەکەی ئەوە دەبێ باش بزانێ نەک پروشک بەڵکو کڵپەی ئاگرێکی نەخوازراو ئەوانیش دەسوتێنێ. 

ئارێز عەبدوڵڵا
 ٥/٢/٢٠١٩

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی