هەرێم لەبەردەم هەمواركردنەوەی رێككەوتنی نوێ یەكێتی و پارتیدا

06/02/2019

رێبین عومەر

سەرەداوەكان ئەوەی دەردەخەن كە هەژموونی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان دووبارە بەرەو سایەی دوو هێزی سیاسی دەچێتەوە كە یەكێتی و پارتییە لە هەردوو زۆنی سەوز و زەردا ، پەیوەندی سیاسی ئەو دوولایە لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر چووە خراپترین باری سیاسییەوە بەجۆرێك لە هەندێ كاتدا گریمانەی شەڕی ناوخۆدەكرا یاخود دووبارە هەرێم خاكەكەی بەكردارەكەی لەت لەت بێ و شتێك نەمێنێ بەناوی یەك حكومەتی و یەك ئیداری .

لەو كاتەوە تا ئێستا پەیوەندییەكان لەخراپترین دۆخدابوون پرسی سەرۆك كۆماریو یەكلایكردنەوەی لە بەرژەوەندی (بەرهەم ساڵح) باری خراپی پەیوەندییەكانی هەردوو حزبی خراپتركرد بەجۆرێك كە سازش لەگەڵ هێزە عەرەبییەكان بووە بنچینەی تەخوین كردنی یەكتر پارتی وەك دڵشكاوی سیاسی لە یەكێتی دەڕوانی بۆیە بێ هیوای خۆی پیشاندا بەرامبەر یەكێتی و هەنگاو هەنگاو لەگۆڕان نزیك بووە كەكردییە كارتی فشار بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت بەڵام دەرئەنجام ئەوەبوو كە پارتی باش لەوە تێگەیشت كە هیچ كات ناتوانێ هەژموونی یەكێتی كۆتایی پێبهێنێ و خواستی لەدژەوە گۆڕا بەدۆستی خولقاندنی رێككەوتنی قوڵی سیاسی كە لە ئایندە بابەتێكی چاوەڕوانكراودەبێت وەك فاكت بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماتی هەرێم   .

لەهەموو بارێكدا دۆخی هەرێمی و ناوخۆی عێراق و خواستی زلهێزەكانی دنیا بەو جۆرەیە كە نائارامی لەم ناوچەیە دروست نەبێت و هێزی سیاسی نوێ وەك دیفاكتۆ لە هەردوو زۆنەكە دروست نەبن چونكە ئەو رێگانە تاقیكرانەوە كە بێ ئاكامن و بەرژەوەندی ئەوانیش دەخاتە مەترسییەوە   .

كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی بەشاڕێگەی باشی پەیوەندییەكان چوون هەرئەوەش دەرخەری ئەو راستییە كە هەردوو حزب باش لەوە گەیشتوون كە  بێ یەك ناتوانن هەڵكەن و بێ یەكیش ناتوانن هیچ هەنگاوێك لە گەڵ لاكانی تر بنێن .

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی