كۆنگرەی پاكتاوكردن!
گۆڕان كەی كۆنگرە ئەبەستێت؟

07/02/2019

هادی حەمەرەشید

كۆنگرە لەئێستای كاری حیزبایەتییدا، لەزۆربەی وڵاتاندا سەرباری نوێكردنەوەی دەزگا و ئۆرگانەكان و ڕۆحكردنەوە بەبەری ڕێكخستن و كۆمەڵێك كاری دیكەی ڕۆتینات لە هەموواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی حیزب و هەڵبژاردنەوەی سەركردایەتیی و گۆڕین و هێنانی خوێنی نوێ بۆ ناو سەرچاوەی بڕیار...تاد

هاوكات وەك نەرتێك لە ساتی چوونە بەردەم تەحەدیات و كۆمەڵێك پرۆسەی وەك هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتدا حیزبەكان كۆنگرە ئەبەستن و بە ورە و حاڵێكی پێرفێكت و ئەرخەیانەوە ئەچنە ناو كێبەركێی چارەنووسسازەوە.

بە پێجەوانەوە كۆنگرە لە یاداوەریی حیزبی كوردیدا، چیرۆكێكی زۆر عەنتیكەیە، زۆربەی زۆری حیزبەكان سەرەتا و چەند كۆنگرەیەك تا دەستەیەك یان بنەماڵەیەكی دیاریكراو كۆنترۆڵی جومگە هەستیارەكان ئەكەن، مەیدانی ململانێ و دواجار پاساوی زۆربەی ئینشیقاق و لێكترازانەكان بووە.

پاش دەرپەڕاندن و ئاوتكردنی ڕەگەزەكانی مەترسی بۆ تیمە هاودەست و بنەماڵەكان، گەڕاونەتەوە (كۆنگرەی پاكتاوكردن)ـیان بەستووە و حیزبیان كردووە بە سەرزەمینی دڵنیایی خۆیان و هێنانەوەی هەموو كارت و سەرەداوەكان بۆ دەستی خۆیان!

كۆنگرەكانی پارتی، لەسەرەتاوە تا كۆنگرەكانی نۆیەم و دەیەم كۆنگرەی پڕ لە مشتومڕ و ململانێ بووە، چەندە ماڵباتی بارزانیی بەگشتیی و مەلامستەفا بەتایبەتیی خاوەنی نفوز و كاریزمیەتی ناو بنكەی جەماوەریی و ڕێكخستنی پارتی بوون، كەچی هێشتا ترسێكی سەیریان لە بەستنی كۆنگرە هەبووە، بەڵام دوای ڕاپەڕین و زیاتر دەستكرانەوەیان لە دەستگرتن بەسەر موقەدەراتی پارتیدا، بەدیاریكراوی لە كۆنگرەی۱۱ بەدواوە، ئیتر كۆنگرە بۆ پارتی زیاتر لە كەرنەڤاڵێكی سەرگەرمیی و ڕۆژانێكی پڕ لە ڕووداوی پێكەنیناویی و چێژوەرگرتن لە مۆزیك و عەرزی عەزەڵاتی كوڕ و كاڵەكانی ماڵباتی بارزانی بووە!

پارتی وەك ئاو بخواتەوە كۆنگرە ئەبەستێت و تادێت ڕەنگ و بۆنی ماڵی بارزانیی و لەبازنەی بچووككراوەریشدا خێزانی مەسعود بارزانیی بە پارتەكە ئەبەخشرێت، مەگەر سیگناڵی نوێی ململانێی دوو ئامۆزا گەرم و گوڕیی بە كۆنگرە ببەخشێتەوە، كە لە دوو كۆنگرەی كۆتایی پارتەكەدا لەبەرامبەر بەخشینی پۆستی جێگری سەرۆك بە نێچرڤان، بێدەنگ بووە لە پاكتاوی لایەنگرانیدا و مەسرور بارزانیی تاك جەمسەرانە تەراتێن ئەكات لەناو ئۆرگانەكاندا!

ئەوە خۆ یەكێتی دەیان ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر مراوەغە بە پرسی كۆنگرە ئەكات، بەجۆرێك كە تەمەنی ئەو حیزبە دابەشی سەر كۆنگرەكانی بكە،۱٠ساڵ زیاتر تەمەنی هەر كۆنگرەیەكی ئەبێت!

ئێستا و پاش جۆرێك لە دڵنیایی كوڕانی ماڵبات، وا خواستی بەستنی كۆنگرە ختوكەیان ئەدات و مەبەستیانە دەرگای پێنجەمین كۆنگرە واڵا بكەن!

ئەم پێشەكییە بەسە بۆ تێگەیشتنی حیزبی كوردی لە كۆنگرە، مەگەر یەكێك بەگومان بێت لەم پێدراوانە و پێی وابێت (ئەوە عەقڵی شاخە و حیزبە نەریتەوان و كلاسیكییەكان بەو جۆرەن، ئەگینا هێزی نوێ و دنیابینیی نوێ لەسیاسەتدا دەرئەنجامیتری ئەبێت!) لە كاتێكدا نەوەی نوێ لە كۆنگرەی دامەزراندنیاندا، بەبیانووی (دەستی دەزگا هەواڵگرییەكانی پارتی و یەكێتی) شاسوار عەبدولواحید و هاودەستەكانی هەستان بە پاكتاوكردنی دەنگە جیاوازەكان و كۆمەڵێك مرۆڤی چالاكیان لەهەموو دەڤەرەكان ئاوت كرد!

كۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان كە #كۆنفرانسی_گشتیی پێئەوترێت، بەو پێیەی كە هەڵبژاردنی سەركردایەتیی(كە جڤاتی نیشتیمانییە) و خانەی ڕاپەڕاندن(كە مەكتەبی سیاسییە) و ڕێكخەری گشتی تیادا ناكرێت، بڕیاربەدەستانی گۆڕان (كە ئێستا خەریكە بە تەواوەتیی بۆ كوڕەكانی #كاك_نەوشیروان بەگشتیی یەكلایی ئەبێتەوە) زۆر بێ منەتانە باس لە پرۆسەكە ئەكەن و جۆرێك لە فێڵ لە لایەنگر و دەنگدەرانی گۆڕان و تەنانەت ڕای گشتیش ئەكەن، گوایە كۆنگرەی ئێمە كۆنگرەیەكی جیاوازە و ململانێی تیادا نیە، بەقەدەر ئەوەی كە پرسی پەسەندكردنی دەستووری بزووتنەوەكە و داڕشتنی بەرنامەی كاری چوار ساڵیی بەردەم كۆنگرە نەبێت!

لەكاتێكدا ئەمە چەواشەكارییەكی مەحزە، چونكە هەر كۆنفرانسی گشتیی گۆڕان خۆی دیاری كردووە كە دوو ساڵ جارێك هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ مەكۆ و ژوورەكان بكرێت كە ڕێكخەری ئەوانە ئەبنە ئەندامی جڤات و لەوێشەوە خانەی راپەڕاندن و ڕێكخەری گشتیی هەڵئەبژێرن، كە ئەوەش ڕوونە چارەنووسی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و كۆنفرانسی گشتیی پێكەوە بەستراون!

قسەی حسابیی ئەوەیە كە گۆڕان كێشەی بەستن و نەبەستنی كۆنفرانسی نیە، كێشەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی نیە، چونكە بەم حاڵەی ئێستاوە كۆی پرۆسەكە یەكلایە لە بەرژەوەندیی ئەوانەی كە گۆڕانیان گەیاند بەم ڕۆژە تاریكە، لەبنەڕەتدا هەر زۆر عەیبە كە مرۆڤێك كەمترین ئاستی هۆشیاریی هەبێت بڕوا بە خورافەی كۆنگرە بكات، چونكە ئیتر ئەو ڕۆژە تێپەڕی كە كۆنگرە شوێنی ململانێ و یەكلاكردنەوەی كێشەكان و زۆر جارانیش سەرەتای ئینشیقاقێكیتر بێت، بەڵكو كۆنگرە شوێنی پاكتاوكردنی ڕكابەرەكان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانە!

لە گۆڕاندا شوێنێك هەیە ناوی (ژووری پەیجوریی)ـیە، كە شوێنگرەوەی مەكتەبی ڕێكخستنی حیزبەكانی دیكەیە، ئەم ژوورە لەلایەن دەستەبژێرێكی هاودەستی ناو گۆڕانەوە، هەمیشە دەستخراوەتە كارەكانیان، هەر یەكێك لە ڕێكخەرەكانی پێشووی كە نەیانویستووە بە ئاوازی ئەو دەستەبژێرە سەما بكەن، خێرا ئاو لەژێر كراون و دەرپەڕێنراون، تا ئەم ڕێكخەری ژوورەی ئێستا كە بەرپرسیاری ئەو تۆمارە پۆخڵەواتەیە كە بڕیارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی و هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی كۆنفرانسیشی پێئەنجام بدەن و هەموو هەنگاوێكیش بۆ مانەوەی دۆخ بەم جۆرە یان گۆڕانكاریی لەم ژوورەوە(وەك ئسوڵ و سیلسیلەی حیزبیی) دەست پێئەكات.

تاقم و تیمێك لەناو گۆڕان و هەر حیزبێكدا پارەیان لابێت، پۆست و پلەكانی حیزب و پشكی حكومەت و میدیا و پەیوەندییان لابێت، بێگومان كلیلی ئایندەی حیزبیان لە گیرفاندایە!

تێگەیشتن لەم هاوكێشەیە پێیئەوترێت ئەلف و بێ و گڕوگاڵی سیاسیی.

بۆیە نەكردنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و نەبەستنی كۆنفرانسی گشتیی چەندە دوورە لە بنەما سەرەكییەكان و موفرەداتە گرنگەكانی باوەڕی گۆڕان، واوەتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەستنی كۆنگرە گۆڕان دوورتر ئەخاتەوە لە بنەما و باوەڕەكانیی و ئەو نوزەیەش كە تیادا ماوە بە یەكجاریی ستۆك ئەبێت.

گۆڕانێك كە سەرەكیترین دروشمی بریتی بووبێت لە دژایەتیی كردنی تەوریسی سیاسیی، كەچی ئێستا دەستە دەستە تەدارەكی چین و توێژەكان بۆ لای كوڕی بچووكی كاك نەوشیروان ڕێك بخرێت و هەمان ئەتواری یەكێتی و پارتی لە دەعوەتی دیوەخانی مناڵانی بنەماڵە كۆپی بكرێت، كۆنگرە دەرمانی كامە دەرد بووە تا ئێستا ببێت؟!

هادی حەمەرەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی