متمانە لەكولتوری سڕینەوەدا

09/02/2019

په‌یكه‌ر عوسمان

متمانە سەرەتایەو ئەبێ لەوێوە دەستپێبكەین، خواهەڵناگرێ هەر لەوێشەوە دەستمانپێكردوە، بەڵام بەعەكسەوە، یەعنی متمانەمان دروستنەكردوە، كاولمانكردوە!

متمانە داننانە بەیەكتردا، بەڵام ئێمە كێشەمان لەگەڵ "وجودی" یەكتردا هەیە، متمانەش كێشەی لەگەڵ ئەو كێشەیەدا هەیە!

متمانە بڕیارە، هەر پەرتێكی ئێمەش، بڕیاری داوە كە پەرتەكەیتر جاش و دزو خائینە.. ئیتر پەرتبوون بۆتە قەدەرمان، ئیتر متمانەیەك نەماوە بەشی یەكبوون.

بۆ ئەوەی ئەو قەدەرە بگۆڕین، ئەبێ سەرەتا بڕیارەكە بگۆڕین، ناڵێم ڕاستی بكەین بە قوربانی درۆ، بەڵام ئەشێ ڕاستییەك بكەینە قوربانی ڕاستییەكی باڵاتر!

یەعنی ئەو تەخوین و شەیتاندن و قسانەی بە یەكتری ئەڵێین، ئەشێ بەشێكی زۆری ڕاستبن، بەڵام ڕاستییەكەی گەورەتر وێران ئەكەن كە متمانەیە، ئەمەیە كێشەكە.

بەڵام بۆچی بڕیاری پێشوەختەمان شەیتاندن و تەخوینە؟ بەڵام چۆن كاری پێكەوەیی بكەین، لەكاتێكا "پێكەوە" لە هەموومان پێكدێ و ئێمەش یەكتر ئەسڕینەوە؟!

لێرەدا ئەبێ بڕۆینە سەر ئەسڵی مەوزوعەكەو بڵێین، كاتێ كولتوری ئێمە خێڵەكی و تاكڕەهەندو نادیموكرات بێت، ئیتر خیانەتیش نەبێت تەخوین هەر ئەبێت!! 

چونكە تۆ پێویستت بە سڕینەوەی ئەویترەو پاساوی سڕینەوە نەشبێ بۆی دائەتاشیت. 

سیستەمی بیركردنەوە لێكچوونەو جیاوازیی هەڵئەداتە دەرەوە، هەر خۆشی بیانووی هەڵدانە دەرەوەكەت بۆ دروست ئەكات.

یەعنی ١٦ی ئۆكتۆبەرو ٣١ی ئاب و ئەم شتانەش نەبێ، حیزبەكان لە چاوی یەكترەوە هەر جاش و خائین و خۆفرۆشن، چونكە كولتوری یەكترسڕینەوە وا ئەخوازێ!

یەعنی كێشەكە خیانەتێك نیە كە كراوەو ئەكرێ، كێشەكە كولتورێكی خیانەتخوازە، كە كاری بەوەیە خیانەت هەبێ، جا چ ڕاستبێ چ داتاشراو!

یەعنی ئەوەشی لەپشت تەخوینەوە وەستاوە خیانەت نیە، بەڵكو كولتوری یەكترسڕینەوەیە. 

ئەسڵەن هەر ئەم كولتورەشە پاڵت ئەنێ بۆ خیانەت، چونكە مانەوە لەناو كولتوری سڕینەوەدا قورسەو كاری نەكردەی ئەوێ، ڕێك ئەو كارانەی ئەوێ كە نابێ بیكەین.

كاتێ ئالیكخۆرێكی پاراست ئەڵێ (سلێمانی جاشە) پێش هەر شتێ ئەمە جوملەیەكی بێ ماناو نامەنتقییە، وەكو وایە بڵێیت (ستۆكهۆڵم كوڕی چاكە)!

یان كاتێ جەماعەتی پەكەكە دەمیان ڕاهاتووە بە زەمی باشور، باشور واو باشور واو باشور وا..

لێرەدا ئەسڵی مەسەلەكە شارێكە كە پارتی بۆی قووتناچێ و پارچەیەكە كە پەكەكە بۆی قووتناچێ نەك شتێكی تر! قسەكانی تر ڕاستیشبن پلە دوون، مەسەلەی پلەیەك عەقڵیەتی سڕینەوەیە كە بەو شێوەیە فیچقەی كردوە.

سەیركە چوار دەوڵەت بوونی خۆیان لەسەر نەبوونی سیاسیی ئێمە بیناكردوە. ئێمەش لەناو خۆماندا، هەر حیزبێك بوونی خۆی لەسەر نەبوونی ئەویتر بیناكردوە. یەعنی هەمان كولتوری سیاسی! یەعنی ئێمە هێشتا نوخبەی سیاسیمان نیە، چونكە سیاسیی ڕاستەقینە، كێشەی لەگەڵ تەقلیدو باوی سیاسیدا هەیەو ئەیەوێ كولتورێكی تر سەرپێبخات. 

سیاسیی ئێمەش نایەوێ دنیایەكی تر دروستبكات، ئەیەوێ هەمان دنیا قۆرخبكات، دەی ئەمەش هەر بە عەقڵە كۆنەكە ئەكرێ و عەقڵیەتێكی نوێ ی ناوێ!

بۆ ئەوەی یەكترقبوڵكردن بخەینە شوێنی یەكترسڕینەوە، كاری پێكەوەیی بخەینە جێگای موعجیزەی پاڵەوانی تاقانە.

پێش ئەوەی لە مناڵەوە دەسپێبكەم و بڵێم، پێویستە پەروەردەی (تەڵقین و ئیمتیحان) بگۆڕین بە پەروەردەی (ڕاهێنان و بەحس) و هەر لە سەرەتاوە مناڵەكان كارەكان پێكەوەبكەن..

بە گەورەكان ئەڵێم با چیتر نەكەوینە ئەم معەسكەرەوە بۆ زەڕبلێدانی ئەو معەسكەر.

مەبەست بێهەڵوێستی و بێلایەنی نیە  تۆ ئەتوانی ئەوپەڕی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانیت هەبێ و لایەنداریش نەبیت.

تۆ ئەتوانی لایەنداریش بیت و ئەو گرگنییە نەكەیت، كە دنیا بۆ حیزب ڕەش و سپی بكەیت.

ئاخر لە خاكی ڕەنگاوڕەنگدا متمانە ئەڕوێت، بەڵام لە خاكی ڕەش و سپیدا نا.

پەیكار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی